ژنانی مەخمور لە ژێر گەمارۆدا ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەن

ژنانی کامپی پەنابەرانی مەخمور لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا پێکەوە کۆدەبنەوە و سەرەڕای گەمارۆ و گوشارەکان، کولیچە و شیرینی بۆ جەژن دروستدەکەن.

هێڤیدار تالی

 

مەخمور- بە هاتنی جەژنی ڕەمەزان هەموو موسوڵمانان دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ جەژن و ژنان شیرینی جۆراوجۆر دروستدەکەن، ژنانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور کاتێک لە گوندەکانیاندا لە ناوچەی بۆتان دەژیان، هەمیشە کولیچە و شیرینیان بۆ جەژن دروستدەکرد، ئەمە بووەتە کلتورێک و سەرەڕای ئاوارەیی و ئابڵوقەی سەریشیان ئەو کلتورەیان بە زیندووی هێشتووەتەوە، هەموو ساڵێکیش لە جەژندا ژنانی کامپەکە پێکەوە کۆدەبنەوە و دەست بە ئامادەکاری و دروستکردنی کولیچە بۆ جەژن دەکەن.

 

لە ماڵی نادیە ئوزگون، ژنان کۆبوونەتەوە و پێکەوە کولیچە دروستدەکەن، سەبارەت بە دروستکردنی کولیچە و وەک زیندوو مانەوەی کلتورێک، نادیە ئوزگون وتی: دروستکردنی کولیچە کلتورێکی کوردییە، لە بارودۆخە ناخۆشەکانیشدا ئێمە بۆ جەژنان کولیچەمان دروستکردووە، ئێستا دۆخەکە باشترە و دەتوانین بە ئاسانتر کولیچە دروستبکەین. ژنانی گەڕەک پێکەوە کۆدەبینەوە و هاوکاری یەکتر دەکەین، هەر ماڵێک بیەوێت کولیچە بۆ جەژن ئامادەبکات، هەموو ژنان دەچینە ماڵیان و دەست بە دروستکردن دەکەین تا زووتر کولیچەکان تەواو ببن.

 

نادیە ئوزگون هیواخوازبوو ساڵی داهاتوو ساڵێکی پڕ سەرکەوتن بێت و لە جەژندا لەگەڵ ڕێبەرەکەیاندا کولیچەکان دروستبکەن و بە ناو گەریلاکانی ئازادیدا بڵاوی بکەنەوە.