"كاركردنم وام لێدەكات نەخۆشیەکەم لەبیربکەم"

ڕەمزیە ئەحمەد، یەکێکە لە تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە و لە زۆربەی پیشانگا و فێستیڤاڵە ساڵانەکاندا بەشداری دەکات و بە بووکەڵەی کوردەواری و کاری دەستی ڕۆژانەی خۆی بەڕێدەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

پێنجوێن- ڕەمزییە ئەحمەد، دانیشتووی شاری سلێمانییە و بەشداری فێستیڤاڵی ڕۆژی پێنجوێن بوو، ڕەمزییە سەرمێزێکی ڕازاندووەتەوە و بووکەڵەی جلی کوردی لەبەر و خواردەمەنی کوردەواری نمایش دەکرد، بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لە کڕیارەکانی دەکرد.

 

ڕەمزیە ئەحمەد، کە ژنێکی دەستڕەنگین و تووشبوویەکی نەخۆشی شیرپەنجەیە، لە ساڵی ١٩٦٧ لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٢ دەستیکردووە بە کارکردن لە بواری سیرامیکی سارد و تابلۆی فۆلکلۆری کوردەواری دروستکردووە.

 

ئەو دەستڕەنگینە باس لەوە دەکات خۆی و هاوژینەکەی توشبووی نەخۆشی شیرپەنجە بوون، "هاوژینەکەم زیاتر لە ٣ ساڵە کۆچی دواییکردووە، منیش تا ئێستا کۆڵم نەداوە تاوەکو سەرقاڵ بم بە کارکردنەوە"، کارەکانی ڕەمزییە سیرامیکی ساردن و هەموو بابەتە کوردەوارییەکان و خواردنەوە کوردەوارییەکان دروستدەکات، تا لە بیر نەچنەوە و ئەو کەسەشی دەیبینێ ساڵانی ڕابردوو ژیانی کوردەواری بیر بێتەوە.

 

"ئەم کارانە وام لێدەکەن نەخۆشیەکەم بیربچێتەوە"

نەخۆشی شیرپەنجە نەخۆشیەکی تاقەت پڕوکێن و بە ئازارە، ڕەمزییە بۆ ئەوەی ئازارەکانی بیربچێتەوە خۆی بە دروستکردنی بووکەڵەوە خەریک دەکات، "ئەم کارانە وام لێدەکات بە چوار کاتژمێر خەریکی کارێک بم و داهێنانم بۆ دروستدەکات، بیرم دەچێتە نەخۆشم".