ڕۆژی پێنجوێن بە بەشداری پێنجوێنییەکان یاد کرایەوە

بە دروشمی "پێنجوێن، لە پێنج ماڵ و پێنج وێنەوە بۆ هەزاران ماڵ و کوانووی پێکەوە ژیان" فێستیڤاڵی رۆژی پێنجوێن بەڕێوەچوو.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

پێنجوێن- دوێنێ لە شارۆچکەی پێنجوێن، فێستیڤاڵی ڕۆژی پێنجوێن بە دروشمی "پێنجوێن، لە پێنج ماڵ و پێنج وێنەوە بۆ هەزاران ماڵ و کوانووی پێکەوە ژیان" و بە ئامادەبوونی خەڵکی پێنجوێن و میوانان، بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر وەک نمایشی نینجاکانی پێنجوێن، پێشکەشکردنی شیعر و گۆرانی و پێشەنگای کاری دەستی ژنان پیشاندران، دیلان عەبدوڵا، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: پیرۆزبایی لە سەرجەم پێنجوێنیەکان دەکەین، ئەم جۆرە چالاکیانە گرنگن و پێویستە هەموو ساڵێک لە کاتی خۆیدا بکرێتەوە، بۆئەوەی بتوانین کلتوری کوردی بە دنیا بناسێنین.

 

پێشەنگای شێوەکاری بەشێکی چالاکییەکانی ڕۆژی پێنجوێن بوو، ژوان باقی، شێوەکار بە ٨ تابلۆ لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە، بە گرنگی زانی لە فێستیڤاڵی ناوچەکاندا ژنانی شێوەکار بەشداربن تا هاوڵاتیان لە شارۆچکە و شارەدێکان ئاگاداری کاری شێوەکاری بن، "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم لە شارەکەی خۆم دەتوانم هونەری شێوەکاری بخەمە بەر دیدەی بینەرەکانم"، ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەشدا کە لە فێستیڤاڵی پێنجوێن زۆرترین ژن بەشدارن و توانیویانە بە کارە دەستییەکانیان سەرنجی میوانان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.

 

سروە عوسمان، بە کاری دەستی، تابلۆی زەیتی و نەخشی خەنە بەشدارە، سروە سەرجەم کارەکانی سروشتین و خوازیاری بابەتی جوانکارین، بۆ نوژنها باسی لە کارەکەی کرد و وتی بەرپرسی گروپی "خەیاڵی خانمان"ە، کە کۆمەڵێک ژنن و لە شار و شارۆچکەکان ئەندامیان هەیە، لە زۆربەی پێشەنگاکانیشدا بەشدارییان کردووە.

 

نازە کوێستانی، لە سلێمانیەوە بەشداری فێستیڤاڵی ڕۆژی پێنجوێنی کردووە، خۆی خەڵکی پێنجوێنە و باسی لە ڕۆژی پێنجوێن کرد کە توانیویەتی ئەمڕۆ زۆرترین خزم و ناسیاوەکانی ببینێتەوە و چەند کاتێکی خۆش بەڕێبکەن.

 

دوێنێ فێستیڤاڵی ڕۆژی پێنجوێن بە دروشمی "پێنجوێن، لە پێنج ماڵ و پێنج وێنەوە بۆ هەزاران ماڵ و کوانووی پێکەوە ژیان" لە شارۆچکەی پێنجوێن بەڕێوەچوو.