فێستیڤاڵی گشتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو

لەپێناو دەرخستنی توانای گەنجان و بەهرەکانیان پێشانگایەکی سێ ڕۆژی بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی کرایەوە و ئەمڕۆ دوەمین ڕۆژی بوو، خوێندکارانی پەیمانگاکە دڵخۆشن بە دەرخستنی تواناکانیان و دەڵێن پێویستمان بەوەیە لە ڕێگایەکەوە هونەرەکەی ناخمان دەربخەین.

سلێمانی

 

فێستیڤاڵی گشتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ دوێنێ، ٤ی حوزەیران، دەستیپێکرد و ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە و هەریەک لە بەشەکانی شێوەکاری، میوزیک و شانۆ بەشدارییان کرد.

 

فێستیڤاڵەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانییەوە دەستپێدەکات، یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی شێوەکاری و نمایشی شانۆ لە پەیمانگا بەڕێوەچوو، لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا فێستیڤاڵەکە بە ئەنجامدانی چالاکی هونەری میوزیک لە تەلاری هونەر درێژەی پێدرا، دووەم و سێیەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەش بە پێشانگای شێوەکاری و نمایشی شانۆیی بەردوام دەبێت.

 

پێشانگا شێوەکارییەکە ١٥٠ تابلۆ و چەندین کاری سیرامیکی لەخۆگرتووە، سەرجەمی کارەکان خوێندکارانی پەیمانگاکە ئامادەیان کردووە، ڕۆژان دارا، خوێندکاری قۆناغی چواری گرافیکی بەشی شێوەکارییە، ڕوونیکردەوە ژمارەیەک خوێندکاری زۆر بەشدارییان لە فێستیڤاڵ و پێشانگاکەدا کردووە بە مەبەستی دەرخستنی تواناکانی خۆیان و نیشاندانیان بە دنیای دەرەوەی پەیمانگا.

 

ئاماژەی بەوەشدا هەر خوێندکارێک و بە شێوازێکی جیاوازی تایبەت بە خۆی تابلۆکانی کێشاوە، بەو ئامانجەی تواناکانمان دەربخەین و لە ڕێیەوە هاوڵاتیانیش کارەکانمان ببینن بتوانین لە پاش خوێندنەکەمان وەک کارێک ئەنجامی بدەین.

 

"پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پاڵپشتی تواناکانی خوێندکاران بکات"

هێلین ئەردەڵان، قۆناغی چواری گرافیکی بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلیمانی، ئاماژەی بەوەدا ئامانج لەم فێستیڤاڵە دەرخستنی ئەو هونەرەیە کە چەندێکە لە ناخیاندا شاراوەتەوە وە لە ڕێگای ئەم فێستیڤاڵەوە دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە کە تواناکانیان دەربخەن.

 

دەڵێت: "ئێمە لە ئێستادا لە ڕێگای ئەم فێستیڤاڵانەوە تواناکانمان دەردەخەین، بەڵام لە داهاتوودا و لەوکاتەی بڕوانامە بەدەستدەهێنین پێویستمان بە شوێن و لایەنێک هەیە دەستمان بگرێت و جێگەیەکی وامان بۆ دابین بکات کە بەهرەکانمان ئاشنای هاوڵاتیان بکەین".

 

هێلین ئەردەڵان وەک گەنجێکی دەستڕەنگین بە حەوت تابلۆ بەشداری کردووە و هەر تابلۆیەکی چیرۆکێک و پەیامێکی لە پشتەوەیە.