یەکەمین فێستیڤاڵی کلتوری و ڕۆشنبیری بەڵخە بەڕێوەچوو

لە سەریرانگای میشلی لە گوندی بەڵخە یەکەمین فێستیڤاڵی کلتوری و ڕۆشنبیری بەڕێوەچوو کە چەندین چالاکی هونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری لەخۆگرتووە.

هەڵەبجە

 

دوێنێ لە سەیرانگای میشلی لە گوندی بەڵخە لە هەورامان یەکەمین فێستیڤاڵی کلتوری و ڕۆشنبیری و ئەدەبی گوندی بەڵخە بەڕێوەچوو، تێیدا بەرهەمی دەستڕەنگینانی هەورامان و شیعر و کلتور و هونەری هەورامان نمایش کرا.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا ڕێژەی زۆری ژنان بە کارە دەستییەکانیان بەشداربوون، ئاوارە حسێن، ژنیکی بەشداربووی ئاهەنگەکەیە و باس لەوە دەکات کە دەستڕەنگینی ژنانی هەورامان سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت و لەم فێستیڤاڵانەشدا ژنان دەتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن و بیانفرۆشن.

 

ژنانی هەورامان و هەڵەبجە لە بوارە جیاوازەکاندا جێدەستیان دیارە و چالاکە بەشداری فێستیڤاڵ و پێشەنگاکان دەبن، تارا حەسەن، ژنێکی دیکەی بەشداربووە و یەکەمجار نییە کە بەشداری پێشەنگا و فێستیڤاڵەکان دەکات، دەڵێت، ئەم فێستیڤاڵانە تێکەڵاوی و ئاشنایی زیاتر دروستدەکات، هەروەها ئێمەش دەتوانین بە کارە دەستییەکانمان بەشداربین و کارەکانمان بفرۆشین.

 

فێستیڤاڵی کلتوری و ڕۆشنبیری و ئەدەبی گوندی بەڵخە بە گۆرانی و ئاهەنگگێڕان کۆتاییهات.