"دڵبەرە بێناونیشانەکان" لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان نمایشکرا

شانۆیەک بۆ گۆڕی ئەو ژنانە نمایش کرا کە بە بیانووی شەرەف لە گۆڕێکی بێناونیشاندا دەنێژرێن.

سلێمانی

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان لە شاری سلێمانی، کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری شانۆیی "دڵبەرە بێناونیشانەکان"ی نمایشکرد.

 

شانۆییەکە نمایشێکی هونەریی هونەرمەند ئاریان ڕەفیقە، کە باس لە ئازارەکانی ژن و کوشتنی ژنان دەکات، چۆن لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و بە بیانووی شەرەف دەکوژرێن و لە گۆڕێکی بێناونیشاندا دەنێژرێن.

 

" ئەقڵیەتی پیاو سالاری وای کردوە توندوتیژی دژ بەژنان زیاتر بێت"

کەژاڵ عەبدولقادر، ئەندامی کەمپەینەکە و ڕێکخەری شانۆگەرییەکە، ئاماژەی بەوەکرد کە هونەرمەندی شێوەکار ئاریان ڕەفیق بۆیە سلێمانی هەڵبژاردووە، چونکە لێرە ئازادییەکان بەرتەسکن و گۆڕستانی بێناونیشانەکانی لێیە کە کۆمەڵێک گۆڕی ژنانی تێدایە لەلایەن خێزانەوە کوژراون، یان لە ژێر فشاردا خۆیان کوشتووە، "ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری وایکردووە توندوتیژی دژ بە ژنان زیاتر بێت، بەداخەوە زۆرترین ڕێژەی کوشتنی ژنان لەم دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا بووە، بۆیە ژنان پێویستە هۆشیارببنەوە و خۆیان پەروەردە بکەن و داوای ئازادی خۆیان بکەن".

 

"شەرەف لە کوشتنی ژناندا نییە"

ئاریان ڕەفیق، هونەرمەند، باسی لە ڕۆڵ بینینی خۆی لە شانۆگەرییەکەدا کرد و وتی: ویستم بەم شانۆگەرییە ئازاری ئەو ژنانە دەربخەم کە بەهۆی شەرەفەوە یان هەر بیانوویەکی ترەوە کوژراون، ئەو ژنانەی لەم گۆڕستانەدا نێژراون جگە لە ژیان لە ناوەکانی خۆشیان بێبەشکراون، ئەو ژنانە کە دەکوژرێن لە شوێنێک فڕێ دەدرێن و کەس ئامادە نییە بیاننێژێت، بۆیە بێ بەزەییانە لەلایەن شارەوانیەوە دەنیژرێن.

 

هەروەها وتیشی: من ویستم لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە ئەوە پێشانی خەڵک بدەم کە چۆن کۆمەڵگە دەستیان هەبووە لە کوشتنی ژناندا بە ناو زڕاندن و لەکەدارکردنی، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خۆشەویستی عەیبە، بەڵام ژن کوشتن شەرەفە، هیچ کات شەرەف لە کوشتنی ژناندا نییە، شەرەف ئەوەیە کە بەرگری لە خاکی خۆت بکەی، بۆیە دەێم ژن ژیانە بۆیە ژیان مەشێوێنن.