شۆڕشی قژ، هۆنراوەیەک بۆ ژینا و ژنانی سەرهەڵدێڕ

ناوەندی هەواڵ

 

سەرهەڵدانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی حیجابی زۆرەملێ و پالهاوێشتنی بۆ خۆپیشاندان لەپێناو گۆڕینی سیستمی خۆسەپێن و ستەمکاری ئێران، لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئێران بووە هەوێنی هۆنراوە و لاوانەوەی ژنان و بە قەڵەمەکانیان لە بوارە جیاکاندا، تابۆی قژ و ژن دەهێننە زمان.

 

نیشتمان، یەکێکە لە هۆنەرەکانی باشووری کوردستان و هۆنراوەیەک بەناوی "شۆڕشی ژن" بڵاودەکاتەوە.

 

شۆڕشی قژ

(شۆڕشی قژ ھیچ شاعیرییەتێکی تیا نییە)

ئەمە قسەی من نییە

قسەی سیاسەتمەدارێکی کوردییە

پێناچێ ئەو بزانێ

کە لە مێژووی ھەزار و چوارسەد ساڵدا

ئەمە یەکەم جارە

عەقڵی کورد ھێند باڵای کردبێ

لە بەژنی ئایدۆلۆژیای بەرماوە

بیردۆزی ژەنگھەڵھاتووی

چەپ و ڕاستی

تێکشکاوی

چەندین جار وەبەرھێنراوە

دەربچێت

لە گەلەکۆمەی پرنسیب و عەقڵی چەقبەستوو

یاخی ببێت

 

یەکەمجارە

لەبری ھەموو کورد

ژنێک

جوانترین و ڕاسترین ھەڵوێست وەرگرێت

ئاخر ھیچ ڕابەر و ھیچ کاریزما و ھیچ قائیدێک

نەیتوانیوە ڕۆحی شۆڕش بە بەر مرۆڤبووندا دابڕێت

شۆڕشی قژ تا ھەنووکە بە ھیچ یەک لەوانە نەکراوە

بە ئاسانیش بە ھیچ زۆردارێک خامۆش ناکرێت

بە شۆڕشی قژ

وەرچەرخان لە ئاگایی گەردوونیدا بەرجەستە کرا

 

لەجیاتی پارچە پەڕۆیەک

تاجی زێڕینی مێیینەبوون

لەسەر مێینەی مرۆڤ نرا

شۆڕشی قژ ئەوەی کرد

کە نە کورد نە ھیچ گەلێک تا ئێستا

وەک زریان وەک ڕەشەبا

بە ھیچ تەخت و تاراجێکی نەکردووە

ئەم شۆڕشە لە ڕەگ و لە بنەڕەتەوە

مەملەکەتی وەھمیی ھەڵتەکاندوە

 

ژینا

وەک سمبول وەک ھێما

دەورانی فەلەکی لە خوولگەی سواو وەدەرنا

لە سەقزەوە

باوەشی بۆ مرۆڤایەتی کردەوە

ڕاپەڕینی لە زاکیرەی سەدەی بیست و دوودا

کردە ئاگر

وەک مەشخەڵ

لەنێو دەستی ژنانی کورد نرا

 

کەچی تازە بە تازە

سیاسەتوانەکان دێن و دەڵێن

جا ژینا چی کردووە

خۆ تەنیا پرچی دەرخستووە

شۆڕش ئاڵای دەوێ

وەک ئەوەی ئاڵا تەنیا بە نێرگەل ھەڵکرابێ و ھەڵکرێ

نازانن کە پرچی ژینا

ھەموو جۆرە ئاڵا و ھێمایەکی تێپەڕاندوە

 

قژی ژینا

لە ئاسمانا

سیراتی لە نێوان خودا و ژندا دروستکردووە

ھەموو جەمسەرێکی تری ئەم سەر زەمینەی تێپەڕاندووە

ئیتر جیھان

پاش ژینا

لە شۆڕشی قژەوە خۆی بەیان ئەکا و ئەنوسێتەوە

ئیتر جەمسەرێکی لای ژن و ئەوی دی لای خودا

حوکمی بەنی ئادەمی ئەم سەردەمە و دواتر دەکا

 

ئەوە شۆڕشی قژە

کە مانا و ماھیەتی ھەموو شۆڕشێکی تری بەزاندووە

سیاسەتوانەکانی لە سیاسەت و لە زۆر شتی تریش خستووە

دروشمی ( ژن ژیان ئازادی )

ھەم لە پلان ھەم لە پیلانکاری

لە دووفاقێتی و درۆی سیاسی دەرکردووە

دروشم و شۆڕش و ئازادی کردووە بە یەک و

لەپێناو مرۆڤایەتیدا یەکخستووە

 

ئەوە شۆڕشی قژە

کە شاعیرییەتی لە دڵی خوداوە پێ سپێردراوە

وەک پرچی ژینا کە لە ئێستاوە

خۆی لە جوانترین مۆنۆمێتی ئازادییەوە پێچاوە

ئەوە شۆڕشی قژە

شۆڕشی قژ