شانۆییەک بۆ ژینا ئەمینی نمایشکرا

لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی نوێگەر شانۆییەکی بۆ ژینا ئەمینی و پشتوانی لە تێکۆشانی گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان نمایشکرد.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بە ئامادەبونی بەشێک لە ژنان و هونەرمەندانی شارەکە، شانۆگەرییەک بە ناونیشانی "یاران بێ دەنگ دامەنیشن" نمایشکرا، کە وەک پشیتوانییە بۆ شۆڕشی ژنان لە ئێران ئامادەکراوە.

 

شانۆگەرییەکە نمایشێکی ڕاگوزەربوو و گوزارشتی لە دژایەتیی ئێران بۆ ئازادیی ژنان و بەزۆر سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و سەرکووتکارییەکانی ئێران بەرامبەر کۆمەڵگە و ژنان دەکرد.

 

"یاران بێ دەنگ دامەنیشن" لە لایەن ڕزگار ئەمینەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و چوار ئەکتەر بە ناوەکانی "دیانا، تینە، کاتیا و نەدا" ڕۆڵیان تێدا دەبینی.

 

لە شانۆیەکەدا دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "مەرگ بۆ کۆماری پەت و سێدارە" دەوترانەوە، هاوکات بینەران و ئامادەبووانیشان بەشداری چالاکییەکانیان پێدەکرا بە وتنەوەی دروشمەکانیان، گۆرانیەکانی ماریا سام، ئەو ژنەی لە ٦ی ئادار لە شاری هەولێر کوژرا، بەشێک بوو لە چالاکییەکە.