لە ڕێگەیی تابلۆکەیەوە خەمی شارەکەی نیشاندەدات

لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕۆژ نییە کێشە و خەمەکان بەرۆکی هاوڵاتیانی نەگرن، بەشێکیان تەنیا دەبنە بینەری ڕووداوەکان و بەشێکی دیکەیان بەو بەهرەیەیی کە هەیانە هەوڵی گەیاندنی پەیامەکان دەدەن.

سلێمانی

 

خراپی باری دارایی چەندین ساڵە کۆچی گەنجانی کردووەتە بابەتێکی دیاری کۆمەڵگەی کوردی، بە جۆرێک بەلێشاو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕێگایی هات و نەهات دەگرنەبەر بۆ گەیشتنیان بە ژیانێکی شایستە، دەڤەری ڕاپەرین پشکی شێری بەردەکەوێت لە کۆچی گەنجان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەت لە قەڵادزێ کە لە سەرەتادا گەنجان بە شێوەیەکی بەرچاو کۆچیان دەکرد، دواتر ئەم کۆچە خێزانەکانیشی گرتەوە.

 

بنار عەلی، ژنێکی گەنجی دانیشتووی قەڵادزێیە، خوێندکاری کۆلێژی هونەرە لە زانکۆی سلێمانی، بنار شێوەکارە و تابلۆکانی هەڵگری پەیامێکی قووڵە، یەکێک لە تابلۆکانی کۆچی گەنجانە، وەک خۆی بۆ نوژنها ئاماژەی پێداوە هۆکاری سەرەکی کێشانی تابلۆکەی ئەو کۆچە زۆرەی گەنجانی شارەکەی بووە، کە ماڵ نەبووە لە قەڵادزێ کەسێکی لێ نەڕۆشتبێت، دەشڵێت: "دەمەوێت نیشانی جیهانی بدەم کە کورد لە چ ئازار و ناڕەحەتیەکدایە".

 

درێژی تابلۆکە دوو مەترە و پانیاکەشی مەترێک، کە لەسەر تەختە و بە ماتریاڵی فەحم کێشاویەتی، لەناو تابلۆکەدا هەموو ئەو ڕووداوانەی نیشان داوە کە لە کۆچدا ڕوودەدات، ئازار،  ناڕەحەتی، نەبوونی نان، چیرۆکی دابڕانی خۆشەویستی و چەندان پەیامی تر.

 

بنار عەلی هونەرکردن و گەیاندنی پەیام بە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەبینێت، چونکە هەر ڕۆژە و گوێبیستی خەمێکی نیشتیمان دەبن و دەبێت بیهێننە زمان، بەڵام ئەوەی کارەکەیانی قورس کردووە هاوکاری نەکردنی لایەنی پەیوەندیدار و بە دەمەوە نەهاتنی کارەکانیانە، وتیشی: بۆ من شارەوانی هاوکار نەبووە لە دانانی تابلۆکەم لە شوێنێکی گونجاوی شارۆچکەکەدا.

 

ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەدا هەر لە سەرەتایی ڕۆیشتنی بۆ کۆلێژی هونەر خێزانەکەی پاڵپشتییەکی باشی بوون، جگە لە خێزانەکەی کە منداڵەکانیان هاندەدەن بۆ بەشەکانی پزیشکی و ئەندازیاری بخوێنن، بنار پێیوایە تابلۆکەی کاریگەری لەسەر تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە دروستدەکات بەتایبەت بەرپرس و کاربەدەستان.

 

بنار هیواخوازە تابلۆکەی لە شوێنێکی شایستەی شاردا نمایش بکرێت، خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت وەکو یەکەم شێوەکاری گەنجی دەڤەرەکە توانیویەتی دەست بۆ ئەم برینە ببات، "هێشتا لە سەرەتایی ڕێگەکە دام، کاری زۆر هەیە کە وەکو شێوەکاری دەڤەرەکە پێویستە ئەنجامی بدەم".