تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کاریکاتێر بۆ مەرگی ژینا دەتەنرێت

مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران و کوردانی لێکەوتەوە و بە چالاکی و شێوازی جیاواز ئیدانە و شەرمەزاری ئەو کارە دڕندانەی ڕژێمی ئێران کرا، کاریکاتێر یەکێکە لە ڕێگەکانی تانە و ڕەخنەدان و بەو شێوازە دڕندەیی ڕژێمی ئێران دەخرێتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

١٥ی ئەیلول، ژینا ئەمینی-مەهسای ٢٢ ساڵ لەگەڵ خێزانەکەیدا گەشت دەکات بەرەو تاران و لەوێ لەلایەن دەوریەی ئیرشاد-پۆلیسی ڕەوشتی تاران بە بیانووی باڵاپۆشییەوە دەستبەسەر دەکرێت و دوای ئەشکەنجەدان و بێهۆشبوون-کۆمای ژینا، لە ١٧ی ئەیلولدا لە نەخۆشخانەی کەسرەی تاران گیانی لەدەستدا.

 

دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت کوردان و لە جیهانەوەی لێکەوتەوە و ئەو کردەیەی ڕژێمی ئێرانیان بە مەترسی و دڕندانە ناوبرد.

 

کاریکاتێر وەک لقێکی هونەر، پەیامی گەورەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، یەکێکە لەو هونەرانەی ڕاستینەی کۆمەڵگە، دۆخ، سیاسەت، بەڕێوەبردن و ...هتد دەردەخات، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردن و گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، هونەرمەندان بە دروستکردنی چەندین کاریکاتێری جۆراوجۆر شەرمەزاری مەرگی ژینایان کرد و دڕندەیی ڕژێمی ئێران و مەترسییەکانی ئەو ڕژێمەیان لەسەر کۆمەڵگە خستەڕوو.