"ڕێگە نادەین شەڕ و کۆچبەری کاریگەری لەسەر کلتور و هونەرمان هەبێت"

ئەندامانی تەڤگەری کەوانی زێڕینی عەفرین لە یەکترەوە فێری کارامەیی کلتوری و هونەریی دەبن و بەسەر هاوڵاتیاندا بەشیدەکەن.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- ئەندامانی تەڤگەری کەوانی زێڕینی شەهبا بەهۆی خۆشەویستی و گرێدراوییان بە کلتور و هونەری کوردییەوە ناوەندێکیان دروستکردووە و تێیدا کۆدەبنەوە و لە بواری کلتور و هونەردا لە یەکتر فێردەبن و خۆیان پێشدەخەن، لەناو خۆیاندا مامۆستایان هەڵبژاردووە و منداڵان بە کلتور و هونەری کوردی ئاشنا دەکات.

 

گروپی کەوانی زێرین لەنێو خۆیاندا کارەکانیان بەشکردووە و بەپێی بەهرەکانیان گۆرانی دەڵێن، دەف دەژەنن و ئامێرە جیاوازەکان بەکاردەهێنن، کلتوری کۆن زیندوو دەکەنەوە و گۆرانی و هەڵپەڕکێی فۆلکلۆر فێردەبن و شانۆییش دەکەن، لە ناوەندی کەوانی زێڕینیشدا بە بیرکردنەوە لە دۆخی کۆچکردنی زۆرەملێ کە خۆیان شایەتحاڵن، هونەرەکەیان پێشکەش دەکەن.

 

"لە ماڵاندا پەروەردەمان دەبینی"

بەهار سلێمان، یەکێک لە ئەندامانی کەوانی زێڕینی شەهبایە لە بەشی میوزیکدا بەشدارە، باسی لەوەکرد لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە لە بواری کلتوردا کاری کردووە، دوای ئەوەی لە ٢٠١٨دا بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە ناچار بەکۆچکردن بوون هاتوونەتە شەهبا و لێرەش لە بواری کلتوریدا کاری کردووە، دەڵێت: بۆ ئەوەی لە کلتوری خۆمان دوورنەکەویەوە زۆر سەختی و ڕێگریمان بینیوە و ناوەندمان نەبوو، لە ماڵاندا خۆمان پەروەردە دەکرد، ئێستاش خۆمان بە ڕێکخستن دەکەینەوە تا ناوەندێک بۆخۆمان بنیاد بنێین.

 

"سود لە ئەزمونەکانی یەکتر وەردەگرین"

زەینەب ئیبۆ، مامۆستای هەڵپەڕکێ، ئاماژەی بەوەدا کە لە عەفرین ئەندامی گروپی سەمای فۆلکلۆری بووە و بەهۆی کۆچبەری زۆرەملێ و ئاوارەبوونی خەڵکی عەفرین و گروپەکەیان دابەشبووە و هەر ئەندامێکیان بڵاوبوونەتەوە، دوای گەیشتنی بۆ شەهبا بەشداری لە کاری تەڤگەری کەوانی زێڕین بووە و بووەتە مامۆستای هەڵپەڕکێی فۆلکلۆری منداڵان.

 

"ئێمە بە گرێدراویی کلتور و هونەرەکەمان دەمێنینەوە، ڕێگە نادەین شەڕ و کۆچکردن کاریگەری لەسەر پەیوەندیمان بە کلتور و هونەرەکەمانەوە هەبێت، ئەمە دەبێتە چەکی بەهێزمان لە دژی فاشیزمی تورک و سیاسەتەکانی لە دژی خەڵکی ناوچەکە".

 

سۆزدار عومەر، ئەندامی گروپی شانۆی تەڤگەری کەوانی زێڕین، باسی لەوە کرد کە دوو شانۆییان هەیە، یەکێکیان تایبەتە بە ژنان و ئەوی دیکەیان بە منداڵان، لەبارەی ئاستەنگی و زەحمەتییەکانەوە سۆزدار وتی"لەدەستدانی ستافی هەڵپەڕکێ گەورەترین کێشەیە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە، ڕێگەمان پێدەدات بەرپرسیارێتی خۆمان زیاتر بکەین بۆ سەلماندنی خۆمان و گەشەپێدانی تواناکانمان لە هەڵپەڕکێدا.