"بە گۆرانی، نەوەکانی دواڕۆژ ئاشنایی مافەکانیان دەکەین"

لە شاری هەڵەبجە بە ئاهەنگگێڕان و گۆڕانی ڕۆژی جیهانی منداڵان پیرۆز کرا.

"بە گۆرانی، نەوەکانی دواڕۆژ ئاشنایی مافەکانیان دەکەین"

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە باخی گشتی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی هەڵەبجە بە دروشمی "بە گۆرانی نەوەکانی دواڕۆژ ئاشنایی مافەکانیان دەکەین" و وتنەوەی گۆرانی و ئۆپەرێتی پەروەردەیی و ژینگەیی یادی ڕۆژی جیهانی منداڵان کرایەوە.

 

لە هەڵەبجە شوێنێکی شایستە نییە بۆ ئەوەی منداڵان کاتەکانی خۆیانی تێدا بەسەرببەن، لەو بارەیەوە، فرمێسک ئومێد، دایکی منداڵێکە و تایبەت بە نوژنها باسی لەوەکرد، ڕۆژی جیهانی منداڵان، ڕۆژێکی تایبەتە بە منداڵان، بەڵام بەداخەوە لە هەڵەبجە شوێنێک نییە تاوەکو منداڵەکان کاتی تێدا بەسەرببەن، دەربارەی چالاکییەکە وتیشی: هەبوونی ئەم جۆرە چالاکیانە وادەکات منداڵان چاو بکەنەوە و وریابن لە ئاست ئەرک و مافەکانیان.

 

"کارەکەمان تەنها لە هەڵەبجە نابی بەڵکو دەبرێتە تەوێڵە و سیروانیش"

سۆلان عەدنان، سەرپەرشتیاری ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی منداڵان باسی لەوەکرد کە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە خزمەت منداڵاندا بن و چالاکیەکە لە گۆرانی و ئوپەرێتی منداڵان پێکدێت، وتیشی: وا بڕیارە چالاکیەکان ببرێتە هەریەک لە شارۆچکەی تەوێڵە و بیارە، تاوەکو منداڵانی ئەوێش لەو چالاکیانە بێبەش نەبن.

 

ئێوارەی دوێنێ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە ئاهەنگی پیرۆزبایی لە شاری هەڵەبجە تاوەکو درەنگانێکی ئێوارە بەردەوام بوو.
 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.