لە ڕێگەی وێنەی سەر دیوارەوە ڕەنگ دەبەخشێتەوە دیوارەکانی بەغدا

وجدان ماجد وێنەکێشێکی بەغدادییە و لە ڕێگەی کێشانی وێنە لەسەر دیوارەکانی بەغدا هەوڵدەدات ڕەنگ ببەخشێتەوە ئەو شارە و مێژووی شارەکە بە نەوەکان بناسێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

وجدان ماجدی ٤٩ ساڵ، وێنەکێشێکی خەڵکی بەغدای پایتەختی عێراقە، بە کێشانی وێنە لەسەر دیوارەکانی ئەو شارە و لە ڕێگەی فڵچەکەیەوە دەیەوێت ڕەنگ ببەخشێتەوە بە بەغدا و بە کێشانی وێنەی کەسایەتییەکانی عێراق وەک زەها حەدید، دایە تێرێزا، عەلی وەردی و نووسەر و ڕۆشنبیران و ئایکۆنەکانی دیکە مێژووی عێراق بە نەوەکان بناسێنێت، ئەو هونەرمەندە عێراقییە سەرکەوتوو بووە لە دەرخستنی جوانییەکانی شار کە بەهۆی بینا بەرزە کۆنکرێتییەکانەوە خنکێنراون و شاردراونەتەوە.

 

وجدان نزیکەی ١٤ وێنەی کێشاوە لە ناوچەکانی ڕەسافە و دەروازەی باب ئەلمعەزەم، هەروەها لە لە ناوچەی کەرخ لە نزیک نەخۆشخانەی گشتی کەرخ نزیکەی ٦ وێنەی کێشاوە، کە بە کۆی گشتی دەکاتە ٢٠ وێنەی ڕووبەر فراوان.

 

"هونەرەکەم بۆ هەمووانە ئەمڕۆ"

ئەمە یەکەم ئەزموونی هونەری سەر شەقامە کە لەلایەن وجدانەوە ئەنجامدراوە، وەک خۆی باسی لێوەدەکات پێشتر تابلۆکانی بە ئاو و ڕەنگی ئەکریلیکی لەناو گەلەرییە داخراوە تەقلیدییەکان نمایش دەکرد کە هەمیشە هەمان دەموچاوەکان سەردانیان دەکرد، بەڵام بۆ ئەزمونی هونەرە تازەکەی دەڵێت: هونەرەکەم کراوەیە بۆ هەمووان، لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، هونەرمەندان، خەڵکی ئاسایی و فرۆشیارانی سەر شەقامەکان. هەمووان، گەنج و پیر، پرسیاری لەبارەیەوە دەکەن".

 

بۆ وجدان ڕەنگە دڵخۆشەکان ئەو یەکدەنگییە دەشکێنن کە زاڵە بەسەر شارەکەدا و لەناو کۆنکرێت و ئاژاوەدا نوقم بووە و کێبڵە کارەباییە ڕەشەکان هەموو شەقامەکان تێکەڵ و ناشرین دەکەن، لە وڵاتێکی کۆنەپەرست و پیاوسالاردا وەک وجدان ماجد دەڵێت "تەحەدای گەورە" هەیە بۆ ژنێک کە لە دەرەوە نیگار دەکێشێت.