قاوەی کوردی چۆن لە کلتووری کوردی داماڵرا

تا ساڵانی ١٩٣٠ قاوەی کوردی بە وێنەی پیاوێک بە جلی کوردییەوە لە ئەوروپا و فەڕەنسا بە ناوی قاوەی کوردی دەفرۆشرا، دواتر زنجیرەیەک جیاکاری سیستمی دەرکرا و کورد نکۆڵی لە کلتووری کرا و لەسەر داوای کەمالیستەکان ناوەکەی گۆڕدرا و وێنەکەی لابردرا.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- لە نێوان ساڵانی ١٨٥٠ بۆ ١٩٣٠ قەزوان لە داری ناوچە شاخاوییەکانی سمسور، ئامەد، باتمان و ماردین لە باکوری کوردستان کۆکرایەوە و کرا بە قاوە، کە دواتر هەناردەی فەرەنسا کرا و لە ئەوروپا وەک قاوەی کوردی فرۆشرا.

 

بۆ ماوەی زیاتر لە ٨٠ ساڵ قاوەی کوردی یەکێک بوو لە بەناوبانگترین جۆرەکانی قاوە لە فەرەنسا، ئەوەی کە قاوەی کوردی جیادەکاتەوە لە جۆرەکانی تری قاوە ئەوە بوو کە کافائینی تێدا نەبوو، قاوەی قەزوان لەو میوە دروست دەکرێت کە لەلایەن کوردەکانەوە لە ناوچە شاخاوییەکان کۆدەکرێتەوە، لەگەڵ شیر و شەکر کە پێکهاتەی سەرەکین لە ڕەچەتەی کۆندا تێکەڵدەکرا بەڵام ڕەچەتەی مۆدێرنی ئێستا تەنها قاوەی تێدایە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا و لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک زنجیرەیەک جیاکاری سیستمی دەرکرا و کورد نکۆڵی لە کلتوور، زمان، مۆسیقا و جلوبەرگی نەریتی کرا و کاتێک تورکەکان دەستیان کرد بە ناونانەوەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، وەک بەشێک لەو هەڵمەتە قاوەی کوردییان بە قاوەی تورکی ناونا.

 

قاوەی کوردی ڕەوانەی جیهان دەکرا

کورد خۆی پێی دەڵێت قاوەی قەزوان و تا ئەمڕۆش هەروای پێدەوترێت، کەچی لەو کاتەدا لە فەرەنسا و ئەوروپا بە قاوەی کوردی ناسراوە و لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە پڕفرۆشترین قاوە لە فەرەنسا کە تێیدا بەستە کرا و ڕەوانەی هەموو جیهان کرا.

 

جوگرافیانووسان تا ئەمڕۆش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر لە هەموو تورکیا بگەڕێیت، ئەوا ئەو درەختەی قاوەی قەزوانی لێ دروستدەکرێت بە تەنها لە کوردستان دەدۆزرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئەم قاوەیە تایبەتە بە کوردەکان.

 

لە ساڵی ١٩٣٠دا ١٠٠ گرام قاوەی کوردی لە فەرەنسا بە ناوی "قاوەی کوردی" ناسرا و فرۆشرا کە بە وێنەی پیاوێکی کورد بە جلوبەرگی کوردییەوە لۆگۆ کرا و بە بازاڕ کرا، دواتر کەمالیستەکانی سەردەمی ئەتاتورک شتێکی وەک قاوەیەکی سادەیان بە مەترسییەکی وەها دەزانی بۆ سەر خۆیان، کە دەبوو داوا لە حکومەتی فەرەنسا و ئەوروپا بکەن ناو و وێنەی سەر پاکەتەکانیان بگۆڕن.

 

ئەمە تەنیا نموونەیەکی میانڕەوانەی ئەو جیاکارییە سیستماتیکانەیە کە لە تورکیا لە ساڵانی دەسەڵاتداری سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا بەسەر کورددا سەپێندراوە، هەرچۆنێک بێت قاوەی کوردی کە ناوی قاوەی تورکی لێنرا و لە کورد داماڵدرا، بووە بە ناوێک ئاشنا بۆ هەموو خەڵک و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لە لیستی کەلەپووری کولتووریی مرۆڤایەتیی لە یونسکۆدا دانراوە.