پانۆڕاما، ڕووداوەکانی پەیوەست بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-٢٠٢٢ (٢)

سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە ژنان لە کۆمەڵێک بواردا بەدەستیان هێناوە و ئەو بانگەشە بەردەوامانەی کە جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردن و پشتیوانیکردنیان دەکەنەوە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، هێشتا ئاستەنگ هەن لەبەردەم ژناندا بۆ پێشکەوتنیان.

 ڕووداو و پرسە دیارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر ژنان هەبووە

غەدیر عەباس

 

ناوەندی هەواڵ - ساڵانە گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوودەدات کە کاریگەری لەسەر هەموو ئاستەکان هەیە، هەندێکیان چاوەڕوانکراون و هەندێکی تریش سەرسوڕهێنەر و شۆککەرن، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی چەندین ڕووداو بوون، کە ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان سەرقاڵ کرد، بەڵام بۆ ژنان لەگەڵ بەدەستهێنانی چەندین دەستکەوتدا، ئاستەنگی زۆریش هەبوون کە بەشداریکردنیان لە بواری سیاسی و ژیانی گشتیدا سنووردار کرد.

 

کەم بوونی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا

لە ئاستی سیاسیدا، پێگەی ژنان لە مەغریب لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە بەراورد بە ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ، بەو پێیەی کۆمەڵێک دەستکەوتی دەستووری، یاسادانان، سیاسی و مافی مرۆڤیان کەڵەکە کردووە، یاساکانی خێزان یەکەم دەستکەوتی تێکۆشانی ژنانە، کە دوای هەڵبژاردنی ٨ی ئەیلولی ٢٠٢١ و زیادبوونی ژنان لە پەرلەماندا بەدەستیان هێناوە، ژمارەی کورسییەکانی تەرخانکراو بۆ ژنان لە ٣٠ کورسییەوە بۆ ٦٠ کورسی زیادکرا، دواتر یاسادانەرانی پەرلەمان ژمارەی کورسییەکانی "کۆتای" ژنانیان بەرزکردەوە بۆ ٩٠ کورسی لە کۆی ٣٩٥ کورسی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ٩٥ ژن نازناوی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

 

تونس هەمیشە پێشەنگ بووە لە دەرکردنی یاسای تایبەت بە ژنان، چالاکیی بزووتنەوە چەپەکان و فێمێنستەکان لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بوونە هۆی دەرکردنی یاسا بۆ ڕێکخستی هاوسەنگی نێوان هەردوو ڕەگەزی لوتکەی بزووتنەوەی چاکسازی و گەرەنتییەکی یاسایی بوو بۆ مافە سەرەتاییەکانی ژنان و ڕێساکە پەیوەندییەکانی ناو خێزان لە ٢١٣ بابەتدا ڕێکخست، لە دەستووری ساڵی ٢٠١٤شدا مافی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا زیاتر چەسپا، بەڵام فەرمانی نوێی ژمارە ٥٥ کە لە ١٥ی ئەیلولی ئەمساڵدا دەرچوو، تێیدا باس لە جێبەجێکردنی سیستەمی دەنگدان بۆ تاکەکان کراوە، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی مافی ژنانی تووڕە کرد بە بیانووی ئەوەی کە ژنانی تونس لە گۆڕەپانی سیاسی دووردەخاتەوە و ژنانی تونس کەم دەکاتەوە، کۆمەڵەکانی ژنان ڕەتکردنەوەی دەستوورە نوێیەکەیان دەربڕی کە تونسییەکان لە ٢٥ی تەمموزدا دەنگیان پێدا و بە پێشێلکردنی ئەو مافانەیان زانی کە ژنان لە مێژە بەدەستیان هێنابوو.

 

بە تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت ساڵ بەسەر گەمارۆدان و داخستنی ڕێگا سەرەکییەکانی شاری تەعز لە باشووری یەمەن، ئەمساڵ، ژنانی ناوبژیوانی ناوخۆیی بۆ یەکەمجار بەشدارییان لە دانوستانەکانی ئەم دواییە کردم کە لە ماوەی مانگی ئایاردا ئەنجامدرا، و دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی دەستپێشخەری "ژنانی تەعز بۆ ژیان" دەستپێکرد، بەڵام لە ٢٨ی تەمووزدا گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتی یەمەندا ئەنجامدرا و تەنها چوار وەزارەتی لەخۆگرتبوو، بەبێ ئەوەی هیچ ژنێک کاندید بکرێت.

 

لە لوبنان، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ١٩٦٣ و لە پێشینەیەکی مێژووییدا، ١١٨ ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٢دا خۆیان کاندید کرد، لەکاتێکدا لە لوبنان ژنان کەمتر لە ٥٪ی پەرلەمان پێکدەهێنن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی و بایکۆتی هەڵبژاردنەوە ڕێژەی دەنگدان لە هەموو ناوەند و ناوچەکانی لوبنان لە ٤١.٠٤% تێپەڕی نەکرد و تەنها ٨ ژن توانییان سەرکەوتوو بن، جێی ئاماژەیە لە پەرلەمانی ٢٠١٨دا ٦ ژن سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو.

 

سنووردارکردنی ژنان و کچان

٢٠٢١ تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت و چەندین پێشێلکاریی مافی مرۆڤی ئەنجامدا و ژنانی لە کۆمەڵگە دوورخستەوە، لە مانگی ئاداردا سەرجەم قوتابخانەکانی کچانی داخست، هەمان مانگ، بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئەفغانستانی ڕاگەیاندبوو، ژنان ناتوانن لە هەردوو گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەبێ سەرپەرشتیاری پیاو گەشت بکەن، لە مانگی ئاداردا تاڵیبان لە پارێزگای بەلخ لە ئەفغانستان ڕێگری لە پرۆفیسۆرە ژنەکان کرد کە بەشداری کۆبوونەوە ناپێویستەکان بکەن لە زانکۆی بەلخ و قسە لەگەڵ خوێندکارە کچەکان بکەن لە زانکۆکەدا، خوێندکاری کچیش بۆیان نییە مۆبایل لە ناو کەمپەکەدا بەکاربهێنن.

 

لە ٧ی ئایاردا تاڵیبان ژنانی ناچارکرد بە تەواوی ڕووی خۆیان دابپۆشن، لە مانگی ئایاردا بە وەستاندنی پێدانی مۆڵەت بە ژنان، ڕاهێنەرانی قوتابخانەی شۆفێری قەدەغە کرد، لە ١٢ی ئایاردا بڕیاری جیاکردنەوەی ژن و پیاوی لە چێشتخانەکان دەرکرد، تەنانەت ئەگەر هاوسەرگیریشیان کردبێت، لە ١٩ی ئایاردا، سەرجەم ئەو پەخشکارە ژنانەی کە لە سەرجەم کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان کاردەکەن، لە کاتی پێشکەشکردنی بەرنامەکاندا پێویست بوو دەموچاویان داپۆشن،

 

لە ١٨ی تەمموزدا تاڵیبان خوێندکارانی کچی لە زانکۆ حکومییەکانی شاری کابول ناچارکرد بەتەواوی دەموچاویان داپۆشن و ئەگەر پابەند نەبن ڕێگرییان لێدەکرێت بچنە ناو زانکۆوە، لە ٢٥ی ئەیلولدا تاڵیبان ڕێگری لە پزیشکانی نەخۆشخانەی ئەبو عەلی سینا لە پارێزگای بەلخ کرد کە چارەسەری نەخۆشە ژنەکان بکەن، هەروەها پزیشکانی ژن بۆیان نییە چارەسەری نەخۆشە پیاوەکان بکەن، فەرمانی بە پزیشکە ژنەکانی هەمان نەخۆشخانە کرد کە باڵاپۆش بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە پیاسەکردن لە بیناکانی نەخۆشخانە و ئۆفیسەکانی پیاوان.

 

 

 

لە ١٣ی ئەم تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند کە هۆڵەکانی وەرزش و حەمامە گشتیەکان بۆ ژنان قەدەغە دەکرێن، دوای ئەوەی چوونە ناو پارک و باخچە گشتییەکانی کابول قەدەغە کران، لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا، تاڵیبان پشکنینی سۆنەری بۆ ژنان لە نەخۆشخانەی هۆزوی لە هێرات قەدەغە کرد، بە بیانووی ئەوەی بەشی پشکنینی سۆنەر پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتی تێدا نەبووە، بەو پێیەی پشکنینەکە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی پیاوانەوە ئەنجامدراوە.

 

لە بەرامبەر ئەم سنووردارکردنە توندانەی بزووتنەوەی تاڵیباندا سەپێنراون، چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی ژنان بۆ ئیدانەکردنی ئەو بڕیارانە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ڕێکدەخەن، هاوکات دەیان چالاکوان دەستگیرکراون، لەوانە زەریفە یەعقوبی، فەرهات بوبالزی، و حەمیرە یوسف.

 

لە مانگی نیساندا لە یەمەن حوسییەکان فەرمانیان بۆ ناوەندەکانی گەشتکردن نارد و سنووردارکردنی نوێیان بەسەر ئەو ژنانەدا سەپاند کە ئارەزووی گەشتکردنیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و گەڕانەوەیان هەبوو.

 

دەستگیرکردنی چالاکوانان و سیاسەتمەداران و ئازادکردنی کەسانی دیکە

ڕۆژی ٣٠ی کانونی یەکەم، هێزێکی ئەمنی سەر بە ئیتلاعاتی سەربازی لە یەمەن، ڕۆژنامەنووس هالا فواد بەداوی دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیدا گرت، بە بیانووی ئەوەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک پۆستێکی نووسیبوو.

 

ڕۆژی ٢٩ی نیسان دادگای یەکەمی مەغریب سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر بلۆگەر و چالاکوان سەعیدە علمی سەپاند بەهۆی پۆستێکەوە کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە.

 

دادگای دژەتیرۆر لە سعودیە سزای ٣٤ ساڵ زیندانی بۆ سەلما شەهاب، چالاکی مافی ژنان دەرکرد؛ بەهۆی ئەو کۆمێنتانەی کە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە و داوای چاکسازی دەکات.

 

کەیسەکانی کوشتن ڕای گشتی لێکەوتەوە

ناگیهان ئاکارسەل، ئەکادیمیست و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی سەنتەری ژنۆلۆژی، لە ٤ی تشرینی یەکەم لە بەردەم ماڵەکەی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆرکرا، شێوازی تیرۆرکردنی چەندین کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، وەک ڕێزێک بۆ دەستکەوتەکانی، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، تیشکخرایە سەر ژیان و خەباتەکانی.

 

شێرین ئەبو ئەقلە، پەیامنێری کەناڵی جەزیرە لە فەلەستین، لە ١١ی ئایاردا بە گولـلەی سوپای ئیسرائیل کوژرا، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیشدا ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی غوفران وارسنە کوژرا.

 

کۆمەڵگەی میسر لەم دواییانەدا شاهیدی زنجیرەیەک تاوانی دژ بە ژنان و کچان لە شەقامدا بوو، دیارترینیان ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری کچە، کە چوار کوشتنی ژنان لەسەر هەمان ڕەتکردنەوە ڕوویدا، ئەوانیش خولود سەید، نیرە ئەشرەف، سەلمە محەمەد و ئامانی عەبدولکەریمن.

 

مردنی هانا خزری لوبنانی توڕەیی لە لوبنان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی لە سەرەتای مانگی ئابدا ئاگری لە جەستەی بەردا.

 

لە ٧ی حوزەیراندا، چالاکوانی فێمینیست، جەوهەرە خنەفیس، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە نزیک دەرگای چوونە ژوورەوەی شاری شەفا عەمر لە ناوچەی جەلیل لە فەلەستین، بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستدا دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.

 

لە ٢٩ی تشرینی یەکەمدا ڕووداوی کوشتنی وەفا ئەلسەبایی ٤٠ ساڵ لە تونس، کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنرا و گیانی لەدەستدا، ڕای گشتی هەژاند.

 

گیان لەدەستدانی کەسایەتییە دیارەکانی ژنان

کۆشکی باکینگهام لە ٨ی ئەیلولدا کۆچی دوایی شاژن ئەلیزابێسی دووەمی ڕاگەیاند کە زیاتر لە ٧٠ ساڵ حوکمڕانی بەریتانیای کرد و درێژترین حوکمڕانی و تەمەنترین پاشای جیهانە.

 

هونەرمەندی جەزائیری فەریدە سابونجی، یەکێک لە پایەکانی هونەری جەزائیری، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا، دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی سەخت بوو، لە ١٧ی ئەیلول کۆچی دوایی کرد.

 

لە ١٧ی ئابدا، لقی سەندیکای هونەرمەندانی سوریا، کۆچی دوایی هونەرمەند ئەنتۆنیەت نەجیب لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی تووشی چەند نەخۆشییەک ببوو.

 

یاساکانی دەوڵەت... ڕەنگێکن لەسەر کاغەز

سەرەڕای هەندێک هەموارکردنەوەی یاسایی بۆ دەقەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان، پێدەچێت ڕێگاکە درێژە بۆ ژنان بۆ گەیشتن بە هەموو داواکارییەکانیان.

 

یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەماوەی ئەمساڵدا، پێویستی دەرکردنی یاسایەکە کە ڕێگە بە ژنان بدات بۆ لەباربردنی منداڵ، بەو پێیەی مەغریب شایەتی مشتومڕێکی بەرفراوان بووە لەسەر بەیاساییکردنی لەباربردنی سەلامەت، بەهۆی گیانلەدەستدانی مریەمی ١٤ ساڵە لە مانگی ئەیلولدا بەهۆی لەباربردنی منداڵەوە.

 

دوای هەژدە ساڵ لە دەرکردنی یاسای خێزان لە مەغریب، کۆمەڵەکان ئەمساڵ هەڵمەتی دووەمیان دەستپێکرد بۆ داواکردنی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و ڕیشەیی لە یاسای خێزان بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان.

 

لە سەرەتای مانگی ئازاردا کۆمەڵەکانی تونس داوای پێداچوونەوەیان بە بەشی ٣ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧دا کرد کە پەیوەندی بە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانەوە هەیە.

 

لەچوارچێوەی مافی هاوڵاتیبوونی تەواوەتی ژنە لوبنانییەکە و پێدانی ڕەگەزنامەی خۆی بە منداڵەکانی، کۆمیسیۆنی نیشتمانی بۆ ژنانی لوبنانی لە ٦ی ئەیلولدا لێکۆڵینەوەیەکی بەناونیشانی "بە نیشتمانیکردن نەک بە ڕەگەزنامە" دەستپێکرد، بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو هەڵاواردنەی کە ڕەگەزنامەی لوبنانی شایەتحاڵی بووە.

 

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر جیهان هەبوو

هەموو جیهان شایەتحاڵی گۆڕانی کەشوهەوا بوو کە بەشداربوو لە ڕوودانی هەندێک کارەسات و دیاردەی سروشتی، لەوانە ئاگرکەوتنەوە و بوومەلەرزە و لافاو، لەنێویاندا مەغریب کە ساڵانە شاهیدی ئاگرکەوتنەوەیە، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا ئاگرکەوتنەوەیەک ڕوویدا و نزیکەی ٣٣ هێکتار ناوچەی دارستانی سووتاند، بووە هۆی مردنی ژمارەیەک کەس، لەنێویاندا دوو ژن.

 

لە جەزائیر لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان کە ١٤ ویلایەتی باکووری جەزائیری گرتەوە، لانیکەم ٤٣ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون و لانیکەم ٢٠٠ کەسی دیکە تووشی سووتاوی و کێشەی هەناسەدان بوون.

 

لە ٢٢ی حوزەیران بوومەلەرزەیەک لە ناوچەکانی ئەفغانستان و پاکستانی هەژاند کە گوڕی ٥.٩ پلە بووە و بەهۆیەوە لانیکەم هەزار و ٥٤٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون، هەروەها لە ١٧ی کانوونی دووەم بوومەلەرزەیەک لە ڕۆژئاوای ئەفغانستانی گرتەوە بە گوڕی ٥.٣ پلە و لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا کە لە ٥ی ئەیلولدا باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە و زۆرێک لە ماڵەکانی وێران کرد، بەلایەنی کەمەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٩ کەسی دیکەش برینداربوون، کە گوڕەکەی ٥.٣ بوو.

 

شەپۆلێکی بێ وێنەی لافاو و لافاو ژمارەیەک وڵاتی گرتەوە، ئەو لافاوانەی کە لە ٥ی تەموزدا ئەفغانستانی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٩ کەس و نزیکەی دوو هەزار و ٩٠٠ ماڵ لە پێنج پارێزگای ئەفغانستان وێران یان زیانیان پێگەیشت.

 

کۆتایی مانگی تەمموز، لافاوێکی بەردەوام لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران زیاتر لە ٨٠ کەسی کوشت، هەروەها ئەو لافاوانەی لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا لە پاکستان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی وەرزی گەرما لە پاکستاندا ڕوویدا، هەزار و ٤٨١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ هەزار و ٧٤٨ کەسی دیکەش برینداربوون و یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار ماڵیش زیانیان پێگەیشت، لەو ژمارەیەش ٥٦٩ هەزار و ٨٠٠ ماڵ بە تەواوی وێرانبوون، هاوکات ٩٠٨ هەزار و ١٣ سەر ئاژەڵ گیانیان لەدەستدا.

 

سودان شاهیدی بارانبارینی بەخوڕ بوو کە بووە هۆی دروستبوونی لافاو، کە ژمارەیەک پارێزگاری لەخۆگرتبوو، لە ١٧ی ئابدا لافاو بووە هۆی وێرانبوونی نزیکەی ٥٠ هەزار ماڵ و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٧٥ هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

 

چالاکییەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگی گۆڕانی کەشوهەوا

دوای ئەوەی یەمەن لە ڕیزبەندی ١٧٢ی ئەو وڵاتانەدا بوو کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بەپێی پێوەرەکانی گونجانی جیهانی نۆتردام لەم ساڵدا، و کەمترین ئامادەکاری بۆ شۆکەکانی کەشوهەوا، ڕێکخراوەکانی ژنانی یەمەن لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا هەڵمەتێکی هۆشیاری ئەلیکترۆنییان لە شارە جیاوازەکانی یەمەن دەستپێکرد هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە جددیەتی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە ژێر دروشمی "ژینگەمان داهاتوومانە".

 

لەژێر ناونیشانی "ئەمڕۆ واقیعی ژینگەیی لە تونس چییە؟" کۆڕبەندی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا پشتڕاستی کردەوە کە خەڵکی تونس بەدەست تێکچوونی واقیعی ژینگەییەوە دەناڵێنن، هەروەها قەبارەی پیسبوون ساڵ لە دوای ساڵ لە زیادبووندایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کارەسات.

 

ئەمساڵ ناوی ئەو ژنە گەنجە سودانییە بە ناوی نەسرین ئەلسەعیم لە لیستی کورتی خەڵاتی نۆبڵی زانستدا هاتەوە، کە بۆ ماوەی دە ساڵ کار لەسەر پرسەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات.

 

ژنانی غەززە بە سازدانی بۆنەیەک لە ژێر دروشمی "ژن و ئاو... تەحەددیات و ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە"، ڕۆژی زەوییان زیندووکردەوە کە دەکەوێتە ٣٠ی ئادارەوە، بۆ تیشک خستنەسەر ئازارەکانی ژنان و کچان لە تێکچوونی کەرتی ژینگە و دۆزینەوەی بەدیل و چارەسەر.

 

وە لە یادی چالاکییەکانی ڕۆژی ژینگەی عەرەبیدا، لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا، ژنان پێشانگای گوڵی فەلەستینیان لە ژێر دروشمی "پێکەوە بۆ بوژانەوەی سەوز" ڕێکخست بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر پێویستی گەیشتن بە بەردەوامیی ژینگەیی.

 

نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان لە کۆنفرانسی "دادپەروەری کەشوهەوا و بەشداری ژنانی عەرەب" کرد، کە لەلایەن تۆڕی عەرەبی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی ژنان و دامەزراوەی "چوارچێوە"، بە هاوکاری ئۆکسفام، لە ١٢ و ١٣ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەر بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای دادپەروەرانە کردەوە