له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (١)

لە سێبەری جەنگ و قەیرانە پەرەسەندووەکاندا، ژنان لە فەڵەستین و یەمەن بەردەوامن لە خەباتەکەیان دژی توندوتیژی، قۆستنەوە و پەراوێزخستنی سیاسی، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی بەرگری، رێکخستن و هاوسۆزی کۆمەڵایەتییەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر مافییان بۆ بەشداریکردن.

له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (١)

لە فەڵەستین و یەمەن... سەرەڕای سووڕی شەڕ و توندوتیژی، ژنان بە ئیرادەیەکی نەبڕاوە بەرەنگاری دەبنەوە

 

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ڕابردوودا بووە بە مەیدانی جەنگ، بەهۆی دەوەردانە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی هێزە جیاوازەکانەوە، تاوەکو گەیشتە ئەوەی کە شێوەکەی نزیکبێتەوە لەوەی پێی دەوترێت جەنگی جیهانیی سێیەم. لەگەڵ درێژبوونەوەی جەنگە ناوخۆییەکان لە گوندەکانەوە بۆ شار و شەقامەکان، دەوەردانە دەرەکییەکان بەشداربوون لە قووڵکردنەوەی قەیرانەکاندا، کە ئەمڕۆ گەیشتوونەتە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانیان.

 

توندوتیژی و فەرهەنگی دەستدرێژی، بەکارھێنانی ژنان و فرۆشتنیان لە بەرامبەر پارچە نانێکدا، لەگەڵ وێرانکاری و تاڵانکردن و ژیانە سەختەکەی کە جەنگەکان بەجێیدێڵن، هەموویان دیمەنی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن. قەیرانی ناوچەکە ئیتر تەنها کاتی نییە، بەڵکو بووەتە قەیرانێکی پێکهاتەیی، دەکرێت کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کێشەی ژن سەیر بکرێت.

 

جەنگەکانی ڕابردوو ژیانی ژنان و کۆمەڵگەکانیان گۆڕیوە بۆ دۆزەخێکی ڕاستەقینە، ئەم ململانێیانەی کە دەکرێت پێناسە بكرێن وەک جەنگی بەکارهێنان و داگیرکاری و سڕینەوەی شوناس، بوونە هۆی دروستبوونی خولگەی توندوتیژی، سیستمی توندڕەو، سیاسەتی ئایینی و ڕەگەزی توندڕەو، لە کاتێکدا جەنگە ناوخۆییەکان پەرەدەسێنن، سیاسەتەکانی جەنگ، وەک لە فەڵەستین، کۆمەڵگەکان بەرەو برسێتی و کارەساتی مرۆیی دەبەن.

 

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم جەنگانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ جەنگی ژنان نیین، بەڵام ئەوان زۆرترین باری قورسی دەرئەنجامەکانی هەڵدەگرن، ریشەی کێشەکە لەوەدایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو سنووری ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییەکاندا قەتیس کراوە، پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی پیاوسالارانە دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە، و ململانێی نێوان ڕەگەزەکان بە شێوەیەکی پەیڕەوکراو قووڵتر دەکرێتەوە.

 

دەکرێت ئەم کارەساتە لە ڕێگەی ئەزموونی یەمەن و فەڵەستینەوە بخوێنرێتەوە، کە تێیدا زاراوەی توندوتیژی دژی ژنان ئیتر بەس نییە بۆ پێناسەکردنی ئەوەی کە ژنان لە سێبەری جەنگدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە، توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەن و فەڵەستین و سەرجەم ناوچەکانی تردا گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی جەنگی ڕێکخراو، لە ناو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کە زەمینە خۆش دەکەن بۆ بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی دەستدرێژی.

 

لە فەڵەستیندا، ژنان لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا گیریان خواردووە کە سێیەمیان نییە: ئیسرائیل یان حەماس، لە کاتێکدا باجی بەردەوامیی جەنگ دەدەن، لە لایەکی ترەوە لە یەمەن دۆخەکە ئاڵۆزترە، چونکە ژنان و کۆمەڵگەکان لە ناو جەنگێکی فرە لایەنەدا بەجێهێڵراون، لە نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەنیی دانیپێدانراوی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی سعوودیەدا، هەروەها گروپە چەکدارەکان وەک قاعیدە و داعش و جەبهەت نوسرەت، لەگەڵ دەوەردانەکانی هێزە دەرەکییەکانیشدا، سەرەڕای ئەوەی لایەنەکان هۆکاری جەنگەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئێران، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات لەو سنورە تێدەپەڕێت و پەیوەندی بە هەوڵەکانەوە هەیە بۆ دووبارە دابەشکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو تەوەرەی پەیمانی ئیبراهیمی.

 

لە درێژایی ساڵی ٢٠٢٦دا، ژنان شێوازی جیاوازی خەبات و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییان پەرەپێداوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی جەنگ و ئاوارەبوونی زۆرەملێوە، تاوەکو دەگاتە بەرەکانیکردن لەگەڵ توندوتیژی خێزانی و دیجیتالی و قۆستنەوە لە شوێنەکانی کاردا، ئەم هەوڵانە ئامانجیان پاراستن و دابینکردنی پارێزراویە بۆ ژنان و کۆمەڵگەکان، بەدەستهێنانی مافەکان، بەهێزکردنی ئامادەبوون لە مەیدانی گشتی و ناوەندەکانی بڕیاردان.

 

سەرەڕای هەمەجۆریی شێوازەکانی بەرگریی ژنان و فراوانبوونی دەستپێشخەرییەکان، هێشتا یەکێک لە دیارترین كێشەکان بریتییە لە نەبوونی ئاماری گشتگیر و ڕێکوپێک کە قەبارەی ئەم چالاکییانە بەڵگەدار بکات، لە زۆر ناوچەدا، بنکەدراوەی هاوبەش بوونی نییە کە ژمارەی دەستپێشخەرییەکانی ژنان و بەشداربووانی تێیدا، سنووری جوگرافی، بەردەوامی و دەرئەنجامەکانیان چاودێری بکات.

 

فەڵەستین... خەبات لە پێناو مانەوە و بەرگری لە بەرامبەر جەنگی قڕکردندا

دەستپێکمان لە فەڵەستین دەبێت، کە تێیدا جەنگ سنووری نەریتی ململانێی تێپەڕاندووە، بەپێی ئەو پێناس و خستنەڕووانەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوون، گەیشتووەتە ئاستی جینۆساید (قڕکردنی بەکۆمەڵ).

 

توندوتیژی دژی ژنان گەیشتووەتە ئاستی پێشینە نەبینراو، قەبارەی ئەو توندوتیژییە دەخاتە ڕوو کە سیستمی دەوڵەتی نەتەوە دەتوانێت بەرامبەر بە ژنان پەیڕەوی بکات، هەروەها یەکتربڕینی دەسەڵاتی دەوڵەت و بیری پیاوسالارانە سەلماندی کە توندوتیژی هیچ ژنێک، منداڵێک، سروشتێک یان پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەک بەدەر ناهێڵێت.

 

لەم روانگەیەوە، فەڵەستین نموونەیەکە کە قەبارەی ئەو داکردنە نیشان دەدات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە پێی، چۆن کۆمەڵگە لە ڕەگ و ریشە دایکییەکانییەوە گواستراوەتەوە بۆ سیستمێکی کۆمەڵایەتیی لەسەر بنەمای کوشتن و وێرانکاری.

 

بەپێی ئەو داتایانەی کە ڕێکخراوە دادپەروەرەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە ئاماژەیان پێکردووە، کۆی قوربانییانی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام لە زیادبووندایە، بە جۆرێک کە ژمارەی کوژراوان لە ٧٣ هەزار کەس تێپەڕیوە، کە ٣٨ هەزار ژنیان تێدایە، ئەوەش بەپێی ئەو ژمارانەی لە دەقەکەدا هاتوون، کە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە ناسنامەیان دیاری کراوە.

 

هەروەها داتاکانی دەستەی ئاماری ناوەندیی فەڵەستین دەریخستووە کە زیاتر لە ٢٤ هەزار ژن کوژراون، بە شێوەیەکی گشتی، نزیکەی ٦٠٪ـی ژنان و منداڵان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم جەنگەوە.

 

زیاتر لە ملیۆنێک ژن ڕووبەڕووی ئاوارەبوونی زۆرەملێ دەبنەوە، لە سێبەری بێبەشبوون لە پاراستن، خۆراک و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان. لە ڕێگەی ئەو چیرۆکانەی کە ئاژانسەکەمان گواستوویەتییەوە، بەدواداچوونمان بۆ خەباتی ژنان لە غەززە کردووە لە پێناو مانەوە، چۆنیەتی گۆڕانی بەرپرسیارێتییەکانی دایکایەتی لە دۆخە سەختەکانی جەنگدا بۆ یادەوەرییەک لە خۆڕاگری و بەرگری.

بینیمان چۆن ئەو ژنانەی کە تا دواساتیش هیوایان لەدەست نەدا، گۆڕان بۆ قەڵای خۆڕاگری لە پێناو منداڵەکانیان و خێزانەکانیاندا، ئەگەر غەززە هێشتا لە ناوەڕاستی ئەم وێرانکارییە گەورەیەدا بەپێوە وەستابێت، ئەوا بێگومان چاکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژنەکانی، ئاژانسەکەشمان، کە لە سەرەتای جەنگەوە لە مەیدانەکەدا ماوەتەوە، شاهیدی ئەم خۆڕاگرییە بووە.

 

لێرەدا پێویستە باس لە دوو ڕێڕەوی توندوتیژی دژی ژنان بکرێت، یەکەمیان بریتییە لە توندوتیژیی ئیسرائیل، کە حەماسی کردە بیانوو بۆ داگیرکردنی غەززە و ئەنجامدانی هێرشگەلێک کە گەیشتنە ئاستی جینۆساید (قڕکردنی بەکۆمەڵ)، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو لە نەخشاندنی سیمای ئەم کارەساتە و قووڵکردنەوەی قوربانییەکانی، بەڵام ڕێڕەوی دووەم پەیوەستە بەو شێوازانەی توندوتیژی کە لە ئەنجامی کردەوەکانی حەماس و هەڵوێستی بەرامبەر بە ژنان و کۆمەڵگە هاتوونەتە ئاراوە، ئەو ئازار و مەینەتییانەی بۆ ژنانی بەجێهێشتووە.

 

لە ماوەی جەنگدا، حەماس دەستی بەسەر ئەو کەرەستە خۆراکییانەدا گرت کە ژنان و دایکان لە ناوەڕاستی ناوچەکانی شەڕدا بۆ منداڵەکانیان کۆیان کردبووەوە، هەروەها ژنان و منداڵانی وەک قەڵغان لە ڕێگاکانی گەیاندنی هاوکارییەکاندا بەکارهێنا، هاوکارییەکانیشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بە پشتگوێخستنی هەوڵ و ژیانی ژنان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، هەروەها کردەوەی پەیوەست بە ناچارکردنی منداڵانی کچ و ژنانی گەنج بۆ هاوسەرگیری لە بەرامبەر خۆراکدا دەرکەوتن، لە چوارچێوەی ڕێکخستنگەلێکدا کە ئاماژە بە تێوەگلانی حەماس دەکرێت تێیاندا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە توندوتیژی دژی ژنان تا چ ئاستێک هەموو سنوورەکانی بەزاندووە.

 

لە یەکێک لەو ڕاپۆرتانەی کە ئاژانسەکەمان تیشکی خستە سەری، چیرۆکی منداڵێکی کچی تەمەن ١٦ ساڵ هەیە، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری و پێویستی بە خۆراکەوە ناچار کراوە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا بکات کە ١٥ ساڵ لە خۆی گەورەترە، هەروەها ڕیهام لەبەد، پسپۆڕی دەروونی ئاشکرای کردووە کە منداڵانی کچ ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی هاوکارییە خۆراکییەکاندا.

 

لە پاڵ دیمەنە کارەساتبارەکەی غەززە و ئاماری ڕوو لە زیادبوونی قوربانییانی جەنگ، ژنان بەردەوامن لە دەستگرتن بە هیوای لەبننەهاتووی ژیانەوە، لە ناوەڕاستی جەنگدا کار دەکەن بۆ گونجاندنی ڕووبەرەکانی بەرگری و دووبارە بونیادنانەوە لە بوارەکانی ژیان، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری و هونەریدا.

 

ژنان نموونەی خۆڕاگرین

دوور لەو هاوکارییە سنووردارانەی کە لە دەرەوە دەگەن، ژنان بە ئیرادە و پێداگری خۆیان نموونەیەکی گرنگی خۆڕاگری پێشکەش دەکەن، دەکرێت باس لە کۆمەڵگەیەکی ژنان بکرێت کە ڕۆژەکانی بە کارکردن و چالاکییەکانی ژیان، هەوڵدان بۆ دابینکردنی دەرفەتی خوێندن و توانای ئابووری بەسەر دەبات، ژنان هەستی بوونی نیشتمانی، بەرپرسیارێتییان وەک ژن، گیانی کاری هاوبەش، تۆڕەکانی هاوسۆزی و ئیرادە بەهێزەکەیان دەگۆڕن بۆ مەیدانی بەرگری، ئەمڕۆ پێویستە درک بەوە بکرێت کە ژنان ئەوانەن کە پێشەنگایەتی پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی ژیان دەکەن لە ناوەڕاستی هەموو ئەم وێرانکارییەدا.

 

ئەزموونی کۆمەڵەی "سەوا" کە لە کەرتی غەززە کار دەکات، بە یەکێک لەو نموونانە دادەنرێت کە گرنگیی دامەزراوە ناوخۆییەکان لە دابینکردنی کەناڵەکانی پشتیوانی بۆ ژنان دەردەخات، بەپێی ڕاپۆرتێک کە تۆڕی پراکتیکەکانی هاوکاریی مرۆیی بڵاویکردووەتەوە، کۆمەڵەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە نزیکەی ٣٩٠ هەزار و ٧١٥ پەیوەندیی لە ڕێگەی هێڵی فریاکەوتنەوە تۆمار کردووە، وەڵامی ٢٤٥ هەزار و ٩٧٧ دانەیانی داوەتەوە، هەروەها ٤١ هەزار و ٤٥٧ حاڵەتی ئاراستەکردنـی ئەنجامداوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی لەو ماوەیەدا کە ڕاپۆرتەکەی گرتوویەتییەوە، ئەم ژمارانە تەنها تایبەت نین بە ساڵی ٢٠٢٦ بە تەنها، بەڵکو کۆی گشتیی کۆبووەوە لە سەرەتای هێرشەکانەوەیە.

 

لە مانگی ئاداری ٢٠٢٦دا، دامەزراوەی ئەنیرا "ANERA" دەستپێشخەرییەکی بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک ڕاگەیاند کە لەلایەن دوو گروپی ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ژنانی بەشداربوو هەڵدەستن بە ئامادەکردنی هەویرەمەنی و نان بۆ دابەشکردنیان بەسەر خێزانە ئاوارەکان، منداڵان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکاندا، دەستپێشخەرییەکە دەرفەت بۆ ژنان دەڕەخسێنێت تاوەکو داهاتێک بەدەستبهێنن، هاوتەریب لەگەڵ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی کۆمەڵگە، بەشداربووان لە بەرامبەر کارەکانیاندا کرێ وەردەگرن، لە کاتێکدا بەرهەمەکان بە خۆڕایی بەسەر چینە ئامانجکراوەکاندا دابەش دەکرێن.

 

لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودسیش، ژنان ڕووبەڕووی شێوازی تێکەڵاو لە توندوتیژی و کۆتوبەند دەبنەوە، کە هەڵکوتانە سەر، دەستدرێژییەکان، سنووردارکردنی ئازادیی هاتوچۆ، پاشەکشەی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، سەرەڕای توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی، لە نێوان ئەو دەستپێشخەرییە زۆرانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا لە کەرتی ڕۆژئاوا جێبەجێ کراون، پڕۆژەی "ژنان لە پێناو گفتوگۆ: گەڕاندنەوەی ڕووبەری مەدەنی و بونیادنانی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی لە قودس و کەرتی ڕۆژئاوا" هەیە، پڕۆژەکە لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و ئەیلوولدا جێبەجێ کرا، ٨٠ ژنی تەمەن نێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵی لە چوارچێوەی چوار گروپی ناوخۆییدا کۆکردەوە. پڕۆژەکە تیشکی خستبووە سەر تێپەڕاندنی شۆکە دەروونییەکان، پەرەپێدانی تواناکانی سەرکردایەتیکردن، بەهێزکردنی هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی و گفتوگۆ، و پێشکەشکردنی فریاگوزارییە سەرەتاییە دەروونییەکان، ئامادەکردنی دەستپێشخەرییەکان بە سەرکردایەتیی ژنان بۆ چارەسەرکردنی گرژییە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی متمانە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی.

خەباتی سیاسیی ژنان

لە چوارچێوەی دەرخستنی ڕۆڵی ژنی فەڵەستینی بۆ خەبات لە پێناو مانەوە لە کاتی جەنگدا، پاراستنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بەشداریکردن لە دووبارە بونیادنانەوەیدا، هەڵمەتێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ڕاگەیاندرا، بە هاوبەشی لە نێوان دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی کاروباری ژنانی فەلەستین، بە دروشمی "بەرگری دەکەین و سەرکردایەتی دەکەین"، هەڵمەتەکە ئامانجی تیشک خستنە سەر بەرگریی ژنان و ڕۆڵی سەرکردایەتییان، دەرخستنی بەشدارییەکانی دامەزراوەکانی ژنان و ژنانی پێشەنگ بوو لە پرۆسەکانی بەدەمەوەچوونی قەیرانەکاندا.

 

گرنگیی ئەم هەڵمەتە لەوەدایە کە پرس و داواکارییەکانی ژنان بە زیندوویی لە گفتوگۆی گشتیدا دەهێڵێتەوە، ڕووبەڕووی ئەو ئاراستەیانە دەبێتەوە کە ڕۆڵی ژن تەنها لە هەڵگرتنی بارگرانیی قەیرانەکاندا قەتیس دەکەن، تواناکانی بۆ سەرکردایەتیکردن، ڕێکخستن و بەشداریکردن لە دیاریکردنی یەکەمایەتییە و بڕیارداندا پشتگوێ دەخەن.

 

لە پاڵ ئەم دەستپێشخەرییانەدا، خەباتی ژنانیش بۆ دوورنەخستنەوەیان لەو بڕیارانەی پەیوەستن بە داهاتووی غەززەوە، بێبەشکردنیان لە مێزەکانی دانوستاندن، بەدیار دەکەوێت، لەم چوارچێوەیەدا، حەنان سیام، چالاکوانی بواری ژنان بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، کە هیچ پرۆسەیەکی چاکبوونەوە یان دووبارە ئاوەدانکردنەوە ناتوانێت گشتگیر بێت ئەگەر دامەزراوەکانی ژنان و سەرکردەکانیان لە قۆناغەکانی پلاندانان، جێبەجێکردن و بڕیارداندا بەشدار نەبن.

 

وتیشی: ژنان خۆیان لە جەنگێکدا بینییەوە کە هەڵیاننەبژاردبوو، قڕکردنەکەیان بە هەموو دڵڕەقییەکییەوە ئەزموون کرد، دوورخستنەوەیان لە پرۆسەکانی ئاشتی، چارەسەر و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ، تەنها بە هەڵوێستێکی نادادپەروەرانە نازانن، بەڵکو وەک درێژکراوەی ئەو قڕکردنە سەیری دەکەن کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

 

چونکە جەنگ تەنها لە مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەدا بەڕێوەناچێت کە چەکی تێدا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو لەسەر مێزەکانی دانوستاندن، لە سیاسەت و میکانیزمە کارگێڕییەکاندا، خەبات لە پێناو بەدیموکراتیکردنی سیستمیشدا بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا ژنان تێوەگلێنران لە هەموو قۆناغەکانی جەنگدا، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوودا لە ناوەندەکانی بڕیاردان دوورنەخرێنەوە، لە پێناو ئەمەدا درێژە بە خەباتیان دەدەن، مسۆگەرکردنی بەشداریی ژنان لە پرۆسەکانی دانوستاندن و چارەسەرکردندا، پرسێکی زۆر گرنگە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت.

 

ئەم داواکارییانە پەیوەستیشن بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شێوازانەی توندوتیژی کە لە ئەنجامی جەنگ و داڕمانی سیستمی یاساییەوە پەرەیان سەندووە، تامارا حەداد، توێژەری سیاسی ئاماژە، بەوەشکرد، کە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و تێکچوونی بارودۆخی بژێوی، ژنان ڕووبەڕووی مەترسیی ڕوو لە زیادبوونی توندوتیژی، قۆستنەوە و گێچەڵکردن دەکاتەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو فشارانەی کە ڕەنگە هەندێک خێزان ناچار بکەن منداڵە کچەکانیان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا هاوسەرگیریان ئەنجام بدەن.

 

هەر بۆیە، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەباتی ژنی فەڵەستینی بریتییە لە داننان بە ڕۆڵی لە بەرگری و بەدەمەوەچوونی قەیرانەکاندا، مسۆگەرکردنی مافی بەشداریکردنی لە ناوەندەکانی بڕیارداندا.

یەمەن... ژنان دژی پەراوێزخستنی سیاسی خەبات دەکەن

کاتێک لە غەززەی گەمارۆدراوی ژێر بۆردومانەوە دەگوازینەوە بۆ یەمەن کە بەرەو ململانێیەکی لەبیرکراو خزاوە، ڕووبەڕووی هەمان دیمەنی کارەساتبار دەبینەوە: ژنانێک کە بە تەنها بارگرانیی مانەوە لە ژیاندا هەڵدەگرن.

 

ململانێی بەردەوام ژنان دەخاتە بەردەم ئاستەنگی گەورە، بەو پێیەی زیانلێکەوتووترین چینن، لەبەر ئەوەی دەرئەنجامەکانی پەراوێزخستنی پێکهاتەیی هەڵدەگرن.

 

ئەو ژمارانەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوخۆییەکان لە یەمەن ڕایانگەیاندووە، قەبارەی کارەساتەکە دەردەخەن، بە جۆرێک ژنان و منداڵان زیاتر لە ٧٥٪ـی نزیکەی ٤.٥ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ پێکدەهێنن، لەگەڵ لەکارکەوتنی زیاتر لە ٥٠٪ـی دامەزراوە تەندروستییەکان، ڕێژەی مردنی دایکان بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بە شێوەیەک هەر دوو کاتژمێر جارێک ژنێک بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیان لەدەست دەدات.

 

سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزیش، خەمڵاندنەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بە ڕێژەی زیاتر لە ٦٠٪ دەکەن لە ماوەی ساڵانی ململانێکەدا، هەروەها ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان بەرزبووەتەوە، لە سێبەری پەنابردنی هەندێک خێزان بۆ ئەم بژاردەیە، بەپێی ئەوەی دەخرێتە ڕوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و سەختییەکانی دابینکردنی بژێوی.

 

سەرەڕای ئەم داڕمانە دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتییەی کە ژنان زۆرترین بارگرانییەکەی هەڵدەگرن، ژنی یەمەنی توانایەکی نائاسایی نیشانداوە لە پەرەپێدانی شێوازەکانی خەبات کە نموونەی هاوکارییە مرۆییە نەریتییەکان تێدەپەڕێنێت، تاوەکو دەگاتە سەرکردایەتیکردنی سیاسی و مەیدانیی ڕاستەوخۆ.

 

لە کۆمەڵگەیەکی پارێزگاردا کە هێشتا ژنان تێیدا وەک هاوڵاتیی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ژنان سەرکردایەتیی دەستپێشخەرییەکانی نێوەندگیریی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی ململانێکانیان کردووە، لە ڕێگەی تۆڕەکانی  ژنان و دانوستاندنە سەختەکانەوە، کاریان کردووە بۆ کردنەوەی ڕێگا داخراوەکانی نێوان پارێزگاکان، ئاسانکاری بۆ پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان، دروستکردنی ڕێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان.

 

ڕێکخراو و دەستپێشخەرییەکانی ژنانی یەمەن هەوڵدەدەن ڕێڕەوێک بۆ بەرگری بونیاد بنێن کە تایبەتمەندیی کولتووری لەبەرچاو بگرێت، هەموو لایەنەکان هان بدات بۆ گرتنەبەری سیاسەتی سازان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ژنان پێداگری دەکەن لەسەر دەرکردنی یاساگەلێک کە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی بە تاوان بناسێنێت، دووبارە داڕشتنەوەی یاساکانی باری کەسێتی، بەرزکردنەوەی کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری، بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتی و یاساگەلێک کە بەشداریی ژن لە ژیانی سیاسیدا مسۆگەر بکات.

 

ڕەگ و ڕیشەی ئەو وێرانکارییەی کە جەنگی ناوخۆیی لە یەمەن بەجێیهێشتووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دابەشبوونە قووڵانەی کە پێکهاتەی پارێزگار و توندڕەوی وڵاتەکە، یاساکانی شەریعەت کە خزمەت بە ئیسلامی سیاسی دەکەن، سیستمی جیاکاری و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی بەرهەمیان هێناوە.

 

ژنان ئاواتەخوازن سیستمێک بونیاد بنێن کە ڕێگە بە پێکەوەژیان بدات لە نێوان بیروباوەڕ و ئاراستە سیاسییە جیاوازەکاندا، ماف و یاسا بە شێوەیەک دابمەزرێنێتەوە کە ئازادییەکانی کۆمەڵگە و ژن مسۆگەر بکات، لە پێناو ئەمەشدا، دوودڵ نین لە گۆڕینی دامەزراوە و دەستە جیاوازەکان بۆ مەیدانی خەبات.

 

دیارترین چالاکی و جووڵە ڕێکخراوەییەکان یەکێک لە دیارترین جووڵە ڕێکخراوەییەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا، ڕاگەیاندنی ستراتیژییەتی پێنج ساڵەی "تۆڕی هاوسۆزیی ژنان" بوو، لە ٣١ی ئادار، بۆ ماوەی ٢٠٢٦-٢٠٣٠، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "ڕێڕەوی ئاشتی"، ستراتیژییەتەکە چوارچێوەیەک دەخاتە ڕوو کە ئامانجی بەهێزکردنی تۆڕەکەیە وەک سەکۆیەکی کۆکەرەوە بۆ ژنان، پەرەپێدانی تواناکانی ڕێکخستنی ژنان، پاراستنی چالاکوانان و زیادکردنی ئامادەبوون و کاریگەریی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پرۆسەکانی بونیادنانی ئاشتیدا.

 

لە چوارچێوەی ئەو ڕاوێژکارییانەی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ـەوە بەردەوامن، زیاتر لە ٦٠٠ کەس، کە لە نێویاندا ژنان، گەنجان، چالاکوانانی ناوخۆیی، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕزگاربووانی ململانێکان هەن، بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا کردووە کە لە ناوەوە و دەرەوەی یەمەن بەڕێوەچوون، گرنگیی ئەم دەستپێشخەرییانە لەوەدایە کە ڕووبەرێک بۆ ژنان دەڕەخسێنن تاوەکو دیدگای خۆیان بۆ ئاشتی دەرببڕن، پێشنیارگەلێک گەشە پێ دەدەن کە تەنها لە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا قەتیس نەمێنن، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ململانێکە و لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بگرێتەوە، کە پرسەکانی ئاسایش، دادپەروەری، بەشداریی سیاسی و مافە ئابوورییەکانیش لەخۆدەگرێت.

 

بەڵام بەشداریکردن لە ڕاوێژکارییەکاندا بە ناچاری بە واتای بەدەستهێنانی کورسییەک لەسەر مێزی دانوستاندن یان هەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان نایەت، هەروەها کۆکردنەوەی پێشنیارەکان مسۆگەری گۆڕینیان ناکات بۆ پابەندبوونە سیاسییە ناچارکەرەکان.

 

ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم چالاکوانانی ژن لە یەمەن بریتییە لە گۆڕینی بەشداریی ڕاوێژکاری بۆ نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام لە دانوستاندنەکان و ئەو دەستانەی بەرپرسن لە بونیادنانی ئاشتی، مسۆگەرکردنی جێگیرکردنی پرسەکانی ژنان لە ناو ئەو ڕێککەوتن و سیاسەتانەی کە سیمای قۆناغی دوای ململانێکە دەنەخشێنن.

 

لەگەڵ خەباتی سیاسی و وابەستەیی ئابووری و سنوورداربوونی هەلی کار، ژنان دەستپێشخەری دەستپێدەکەن کە کەش و پێکهاتەی ڕێکخراوەیییان بۆ دابین دەکات، ژنانی یەمەن لە بەشداریکردن لە چالاکییە بەرهەمدار و بازرگانییەکان ڕووبەڕووی سەربەخۆیی زیاتر دەبنەوە.

 

یەکێک لە دیارترین ئەم دەستپێشخەرییانە، کردنەوەی "بازاڕی ژنان" بوو لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦دا، لە ناوچەی کرێیتەر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی سیرە لە شاری عەدەن، ئەم دەستپێشخەرییە ڕووبەرێک بۆ ژنان دابین دەکات، بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان و بەڕێوەبردنی چالاکییە ئابوورییەکانیان.

 

هەروەها ژنان بەردەوامن لە کارکردن لە چوارچێوەی گروپە هاوسۆزییە ناوخۆییەکاندا کە ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان و کامپەکانی ئاوارەبووندا دایانمەزراندوون، بە مەبەستی پێشکەشکردنی قەرزی بچووک و دروستکردنی پڕۆژەی ماڵەوەی سنووردار، کار دەکرێت بۆ دامەزراندنی نۆرینگەی تەندروستیی گەڕۆک کە تایبەتن بە ژنان.

 

سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، هێشتا بۆشاییەکی فراوان هەیە لە نێوان ئەو ڕۆڵانەی کە ژنان لە ناو کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا دەیگێڕن و ئاستی نوێنەرایەتیکردنیان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و دانوستاندندا، کۆتوبەندە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان، پاشەکشەی میکانیزمەکانی پاراستن، سنوورداریی ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستی گروپەکانی  ژناندا هەن، هەموو ئەمانە هۆکارن کە ڕێگرن لە وەرگێڕانی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان بۆ دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بەردەوام.

 

ژنان لە مەیدانەکانی خەبات و بەرگریدا ئامادەن

ئەزموونەکانی ژنان لە فەڵەستین و یەمەن نموونەیەکی هاوبەشی گرنگ پێکدەهێنن بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەو ئاستەی کە جەنگەکان و بەئامانجگرتنی ژنان لە سەردەمی ئێستاماندا پێی گەیشتوون.

 

هەوڵگەلێک هەن بۆ زیادکردنی شکانێکی مێژوویی سێیەم بۆ سەر ئەو دوو شکانە مێژووییە گەورەیەی کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزموونیان کردووە، دەکرێت ئەمە لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی جەنگەکانەوە لە قەیرانەکانەوە بێت، هەوڵەکان بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنان لە مەیدانەکانی ململانێدا، ئەو پلانانەی کە ئامانجیان دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەبێ ئامادەبوونی ژن بخوێنرێتەوە.

 

بەڵام ژنان، ئەمڕۆ هەموو ئەو ڕووبەرانەی کە پێویستە تێیاندا ئامادە بن دەگۆڕن بۆ مەیدانی خەبات و بەرگری، لە ڕێگەی خەباتەکەیانەوە، ئەمڕۆ دروشمی "سەردەمی ژن" بەرز دەکەنەوە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ژنان بە شوناس، ئیرادە و ئازادیی خۆیان بگەن.

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.