ژنانی عەفرین ڕووبەڕووی هەموو ئەو سیاسەتانە دەبنەوە کە نکۆڵی لە بوونیان دەکات

ژنانی گوندەکانی ناوچەی شێراوا لە عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیان لەسەر پابەندبوون بە خاکەکەیان و وازنەهێنان لە بەرخۆدانیان کردەوە، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو سیاسەتانە دەبنەوە کە نکۆڵی لە بوونیان دەکات.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا-زەحمەتی ژیانی خەڵکی عەفرین لە ماوەی ٦ ساڵی ئاوارەبوونی بەزۆر زیادی کردووە و ئەو بەربەستانەی کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ڕاستی کۆمەڵایەتییان هەیە، لە لایەکەوە داگیرکاری تورکیاو بۆردومانەکانی بەردەوامە لە لایەکی دیکەوە گەمارۆکانی حکومەتی شامیش بەردەوامی هەیە.

 

بارودۆخی ئابووری شەهبا ڕاستەوخۆ پشت دەبەستێت بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، کە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە بەهۆی تۆپباران و گەمارۆ بەردەوامەکانەوە، دەیان هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون لە کاتی کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و لەکاتی ئاژەڵداری، ئەمەش زیانی ماددی دروست دەکات کە ئاستی ئابووری ناوچەکە دادەبەزێنێت، هەروەها گەمارۆ بەردەوامەکانی سەر شەهبا، بووەتە هۆی قەیرانێکی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر خێزان هەن کە ناتوانن بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و نەبوونی داهاتی مانگانە بۆ هەر خێزانێک.

 

ژمارەیەک لە منداڵان و ژنان برینداربوون

سەختی بۆردومانەکان کە لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کردۆتە ئامانج، زیانی ماددی بە موڵکی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەی شەهبا و گوندەکانی شێراوا شیران لە پارێزگای عەفرینی داگیرکراو گەیاندووە و لە ٢٤ تشرینی یەکەم، سەمەر خالید ئەل ئەحمەد، تەمەن ٢٢ ساڵ، دانیشتووی گوندی شێخ عیسا لە ناوچەی تل ڕەفعەت بریندار بوو، لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، دوو ژنی گەنج لە گوندی ئەقیبە بریندار بوون لە کاتی کارکردن لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا: شەیما تالیبی تەمەن ١٩ ساڵ و فەریدە بەرەکات تەمەن ٢٣ساڵ، دایکی دوو منداڵ و لە ١٦ی تشرینی یەکەم منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بە ناوی محەمەد قوشۆ لە گوندی بورج ئەلقەساس لە شیراوا بریندار بوو و لە ٢٣ی تشرینی یەکەم، ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی گوندی کلۆتێ لە ناوچەی شێراوا کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

 

"بە هێرش و برسێتی بەرخۆدانمان دەکەنە ئامانج"

فاتمە محەمەد، دانیشتووی گوندەکانی شێراوا لە عەفرین وتی: ڕۆژانە و بەردەوام ڕووبەڕووی بۆردومان دەبینەوە لەلایەن داگیرکەرانی تورک و بەکرێگیراوەکانیانەوە، بە ئامانجی ئەوەی لە گوندەکەمان ئاوارەمان بکەن و پرۆژە داگیرکارییەکانیان لەسەر خاکەکەمان بەدەست بهێنن، پشت بە کشتوکاڵ دەبەستین بۆ بژێوی خۆمان و تورکیا تەنانەت زەویش دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ترس بخاتە دڵمانەوە، بارودۆخی شێراوا و شەهبا زۆر سەختە، لەلایەن تورکیاوە بۆردومان دەکرێین و لە هەمان کاتدا حکومەتی شام گەمارۆی خستووەتە سەرمان، یەکێکیان لە ڕێگەی هێرشەوە بەرخۆدانمان دەکاتە ئامانج و ئەوی دیکەیان لە ڕێگەی سیاسەتی برسێتییەوە.

 

شەیما تالیب، یەکێک لە بریندارەکانی گوندەکانی شێراوا وتی: کاتێک زەیتوونمان لە گوندی شێراوا کۆدەکردەوە، فڕۆکەی تورکیامان دەبینی و دواتر بۆردومانی کردین، خۆم و ژنێک کە لەگەڵم بوو بریندار بووین و گواستراینەوە بۆ نەخۆشخانە، بێدەنگی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی شەرمەزار دەکەین و داوای لە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار دەکەم هێرشەکان بوەستێنن و ئاسایش بۆ هەموو ناوچەکان بگەڕێننەوە بە ناوچەی شێراوا کە بەردەوام بۆردومان دەکرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، کەوسەر مستەفا ڕوونیکردەوە، تورکیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە بە بەکارهێنانی هەموو چەکە قورسەکانی و فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی، جەختی لەوە کردەوە سەرەڕای هەموو هێرشەکان، بەرخۆدان دەکەن هەتا هەموو پلانە داگیرکارییەکانیان شکست دەهێنن، وتیشی: کاتێک گوندەکەمان بۆردومان دەکرێت، لە ماڵەکانی خۆماندا دەمێنینەوە و بەجێیان ناهێڵین، لەگەڵ هاتنی وەرزی زەیتوون، تورکیا بەردەوام ناوچەکانمان دەکاتە ئامانج.

 

لەمعان بەرەکات، تەمەنی ٧٠ ساڵە و خەڵکی عەفرینە، خۆڕاگری و پابەندبوونی خۆی بە خاکەکەیەوە لە بەرامبەر داگیرکەردا پشتڕاستکردەوەو وتی: لەبەر ئەوەی ئیرادەمان بەهێزە، کراوینەتە ئامانج، هەموو سیاسەتەکان لە دژمان جێبەجێ دەکرێن و بۆردومانەکانی تورکیا شکستمان پێ ناهێنین، بە پێچەوانەوە، سووربوونمان بۆ مانەوە لەسەر خاکی باوباپیرانمان زیاد دەکات.