ئەسمەر ستار: با چیتر بەچاوی بەزەییەوە سەیری خاوەن پێداویستی تایبەت نەکرێت

سەرەڕای هەبوونی ڕێگری و ئاستەنگیەکان لەبەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەو مووچە کەمەشی هەیانە پێیان نادرێت و خاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەڵێت: لایەنەکان بە چاوی بەزەیی سەیرمان دەکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٣/٤٧ی پەسەندکرد و ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی وەک ڕۆژی جیهانیی کەسانی خاوەن پێدایستی تایبەت دەستنیشانکرد، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان کاربکرێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان وک، دەستبەرکردنی خوێندن و خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئاسانکاری بۆیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.

 

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نزیکەی ١.٣ ملیار کەس لە جیهاندا خاوەن پێداویستی تایبەتن بە شێوەیەک لە هەر حەوت کەسێک، یەکێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتە، لە عێراقیشدا نزیکەی شەش ملیۆن کەس خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی شەڕ و کوشتن و تەقینەوە و کردەوە تیرۆریستییەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زیاتر دەبێت.

 

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ١٠٠ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و بە فەرمی تۆمار كراون، هاوکات بەشێکیان مووچەیان بۆ دابین نەکراوە.

 

"ئەو بەڵێنانەی دەدرێت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت جێبەجێ ناکرێن"

ئەسمەر ستار، خاوەن پێداویستی تایبەت ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە ئێمە هەمیشە لە ٣ی کانوونی دووەمدا چاوەڕێ دەکەین کۆمەڵێک کاری باش بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت، بەڵام لەلایەن بەرپرس و لایەنە حزبیەکانەوە بەڵێنی جێبەجێکردنی هیچ کار و چالاکیەک بۆ ئێمە نادرێت، لە هەرێمی کوردستانیش بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی باش نییە و یاسایەکمان هەیە مافەکانمان ناپارێزێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو یاسایە بە هەموو کەم و کورتیەکانیەوە جێبەجێ بکرێت.

 

وتیشی: گرفتەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت زۆرن و هەر لە چوونە دەرەوە لە دەرگاکەی خۆیەوە گرفتەکانی دەست پێدەکات تا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، خزمەتگوزاریەکان هیچی لە بەرژەوەندی خاوەن پێداویستی تایبەت نییە، بواری تەندروستی پێویستترین بەشە بۆ ئێمە، بەڵام خزمەتێکی ئەوتۆ بە ئێمە ناکات، هەرچەندە لە کەرتی پەروەردەشدا ڕەچاوی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکەن نەکراوە.

 

"کەرتی تایبەت متمانە بە تواناکای کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکات بۆ پێدانی کار"

ئەسمەر ستار ڕوونی کردەوە، خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کێشەی هاتوچۆیان زۆر بۆ دروست دەبێت لە هەرێمی کوردستان و ناتوانن هێڵە گشتییەکان بەکاربهێنن، بەڵکو دەبێت سەیارەی تایبەت هاتوچۆیان پێ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کە مووچەکەمان کەمە دوا دەکەوێت و پێمان نادرێت، هەرچەندە کۆمەڵێک کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە بە چەندین کێشە و گرفتدا تێپەریوە تا خوێندنی تەواو کردووە، بەڵام سەیر دەکەین حکومەت هەلی کاریان بۆ دابین ناکات و کەرتی تایبەتیش متامانەی بەتواناکانیان نییە، لە کاتێکدا کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت خاوەنی بەهرەیەکی تایبەتن.

 

لە کۆتاییدا وتی: دەبێت ئەوە بۆ خەڵك ڕوون بکەینەوە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەکو کەسانی تر توانای کار کردنیان هەیە، من وەکو کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت داوا دەکەم یاسای تایبەت بە خاوەن پێداویستی جێبەجی بکرێت، بتوانین کاری باشتر لەسەر یاساکە بکەین، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕوو لە زیادبوونە بەهۆی شەڕ و ڕووداوەکانەوە، بەڵام دەبینین پێداویستیەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاد ناکات، ئێمە پێویستمان بە ڕێزە نەک بەزەیی لایەنەکان.