برینداری ئەسپێک شایی لە پزیشکی گشتییەوە بۆ ڕاهێنەری ئەسپ سواری ڕادەکێشێت

گەنجێک هەرچەندە پزیشکی گشتی تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی ئەو هەموو ستەمەی لە ئاژەڵان دەکرێت و خولیای بۆ هاوکاریکردن بووەتە یەکێک لە چارەسەرکەرانی ئاژەڵان و ڕاهێنەری ئەسپ.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەکرێت هەستێک لە ناخی هەر مرۆڤێکدا ببێتە هۆکارێک بۆ کردنەوەی دەرگایەک بۆ گەیشتن بە خولیاکانی، هەستی هاوکاریکردنیش لە دڵی شاییدا بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چەندین ساڵ کاری خۆبەخشی بکات، دواتر بڕوات بەرەو خولیاکەی کە ئەسپسواری و چارەسەرکردنی ئەسپەکان بووە، گوومانی تێدا نییە هەوڵی دەوێت، هەر بۆیە شایی چەندین خولی تایبەتی بە ئەسپ و چارەسەرکردنەکانیان بینیوە، ژیانی خۆی تایبەت کردووە بە خزمەتکردنی ئاژەڵان، توانیویەتی لەگەڵ سێ هاوڕێیدا ٢٠ ئەسپ ڕزگار بکەن و چارەسەریان بکەن، پڕۆژەیەکیش دابمەزرێنن هەموو ئەو ئاژەڵانە کۆبکەنەوە کە زیانبەرکەوتوون.

 

"چەندین ساڵ کاری خۆبەخشی بۆ نەخۆش و ئاژەڵان کردووە"

شایی یوسف، تەمەنی ٢٨ ساڵە و دەرچووی بەشی پزیشکی گشتییە لە زانکۆی سلێمانی، جگە لە خوێندنەکەی خولیای ئەسپسوارییە، لە ئێستاشدا ڕاهێنەری ئەسپ و ئەسپسوارییە، دەربارەی خوێندنەکەی و خولیاکەی شایی ئاماژەی بەوەکرد، جگە لەوەی توانایەکی باشی هەیە لە خوێندن کە چارەنووس بەشی پزیشکی بۆ دیاری کردووە، خودی خۆشی حەزی بە بەشی پزیشکی هەبووە چونکە خولیای هاوکاریکردنی کەسانی دیکەی هەبووە، هەر ئەمەش وایکردووە بەشی پزیشکی تەواو بکات، لە پاشان ماوەی حەوت ساڵ کاری خۆبەخشی بۆ خانەی بەساڵاچوان و نەوجەوانان کردووە.

لەهەمان کاتدا بەهۆی ئەوەی حەزێکی بێ سنووری هەبووە بۆ ئاژەڵان، کاری خۆبەخشی بۆ مافی ئاژەڵان کردووە، ماوەی هەشت ساڵ کاری بۆ ئاژەڵە بێلانەکان کردووە، وتی "تاکە شت کە بەدوایدا نەچووبوم و هەست بەوە ناکرد ئەوانیش پێویستیان بە من بێت ئەسپەکان بوو، بەڵام دوای ئەوەی لە چەند یانەیەک ئەسپەکانم بینی و بینیم چۆن کاریان پێدەکەن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن بوو بە خولیایەکم کە ئیتر هاوکاری ئەسپەکانیش ببم".

 

"هەموو ئامانجم ئەوە بووە ئاژەڵەکان ڕزگار بکەم"

شایی ڕاهێنەری باسی لەوەکرد، بەر لە حەوت ساڵ پێش ئێستا چاودێری ئاژەڵە بێلانەکانی دەکرد، یەکەمین ئاژەڵیش یەکێکە لەو سەگانەی کە ئێستا هی خۆیەتی و لای خۆی دەژی، لە تەمەنێکی زۆر کەمدا ڕزگاری کردووە و بەخێوی کردووە، دواتر دەستی کرد بە هاوکاریکردنی ئاژەڵی دیکەش، بەهۆی ئەوەی شایی کەسێکی ئاژەڵ دۆست بووە پێی وابووە ئەسپ سواری دەبێتە هۆی ئازاردانی ئەسپەکان هەر بۆیە کەمتر بەرکەوتنی لەگەڵ ئەسپەکاندا هەبووە، بەڵام دواتر کاتێک گەڕاوە بەدوای زانیاری لەسەر ئەسپەکان بۆی دەرکەوتووە دەتوانرێت هاوکاریان بکرێت و بەکاریش بهێنرێن.

بەر لە ساڵ و نیوێک شایی دەستی کردووە بە ئەسپ سواری، لەگەڵ ئەسپ سوارییەکەیدا ڕاستەوخۆ بڕیاریداوە هاوکاری ئەسپەکان بکات و ڕزگاریان بکات، هەر بۆیە بڕیاریدا ئەو ئەسپانەی لە یانەکاندا خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و کێشەی تەندروستی و چەند کێشەیەکی دیکەیان هەبووە ڕزگار بکات و بیانکڕێتەوە بە بڕە پارەیەکی گونجاو تا دواتر چارەسەریان بکات و بتوانن ببنە هاوڕێیەکی باشی مرۆڤ.

 

یەکێکە لە چاکبوانی نەخۆشی شێرپەنجە

شایی یوسف، یەکێک بووە لە توشبوانی شێرپەنجە، بەهۆی ئیرادە و ئەو هێزەی هەیبووە توانیویەتی بەسەر نەخۆشییەکەیدا زاڵبێت، هەر بەهۆی نەخۆشیەکەشیەوە دابڕاوە لە پیشەکەی خۆی و زیاتر سەرقاڵی ئاژەڵەکان بووە، لە ئێستادا لە بواری خۆیدا کار ناکات بەڵام بەردەوامە لە کاری خۆبەشی بۆ پاراستنی تەندروستی خانەی نێوجەوانان و بەساڵاچوان، دەڵێت "پێشووتر هەر ئاژەڵێکم ببینیایە پێوویستی بە هاوکارییە لە ماڵەکەی خۆمدا هاوکاریم دەکرد، بەلام دوای کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە سەرجەم ئەو ئاژەڵانەی توشی ڕووداوێک بوون و من گرتومنەتە ئەستۆ لێرەدا چارەسەرم بۆکردوون، یەکەم ئەسپیشم کە کڕیمەوە ئەسپێکی لاواز بوو کێشەی خوێنی هەبوو هەروەها پەلەکانی نەخۆش بوو پزیشکەکان دەیانووت باشنابێت بەڵام هێندە هەوڵم لەگەڵ دا ئێستا باشترین ئەسپە، بەم جۆرە توانیمان ٢٠ ئەسپ بۆبکەینەوە و ڕزگاریان بکەین".

شایی پێشووتر هیچ بەرکەوتنی لەگەڵ ئەسپدا نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمترین پزیشکی ڤێتەنەریش هەن کار لەسەر ئەسپ بکەن، بۆیە بڕیاریدا خودی خۆی هەستێت بە گەڕان بە دوای زانیارییەکاندا لەسەر ئەسپ و ئەو پێداویستیانەی گرنگن بۆ ئەسپێک، ئەمەش ئەرکێکی قورس بووە بۆ شایی بەڵام خولیای بۆ ئاژەڵ و هاوکاریکردنیان نەبووەتە هۆکارێک بۆ هیلاک بوون و ڕێگریکردنی.

 

"چوار گەنجین و پڕۆژەیەکی ئاژەڵدۆستیمان بونیادناوە"

دەربارەی بیرۆکەی بونیادنانی پڕۆژەی north island شایی باسی لەوەکرد، سەرەتا چەند گەنجێکی هاوڕێی پڕۆژەکەیان لە کونەماسی کردەوە کە پێکهاتبوو لە کەپری پشودانی گەشتیاران و ماتۆڕسواری، دواتر بیریان لەوەکردەوە لەم پڕۆژەیەدا گرنگی بە ئاژەڵان بدەن هەر بۆیە بیرۆکەی ئەسپسواریان داهێنا، بیرۆکەی ئەسپسواریەکەیان بەو ئامانجە بنیاد نەنا کە داهاتێک بێ بۆ خۆیان بەڵکو ئامانجیان ئەوەبوو ئەسپەکان چارەسەر بکەن و بیانکەنەوە بە هاوڕێی مرۆڤ، ئەسپەکانیش لە ژینگەی خۆیان دانەبڕێن کە ئەسپسوارییە.

 

دەربارەی کارکردنیان لە پڕۆژەکەدا شایی ڕوونیکردەوە، دەبێت بە شێوازێک کار لەگەڵ ئاژەڵەکاندا بکەن کە لە ڕۆژێکدا خزمەت بە هەموویان بکەن چونکە تەنها ئەسپ لە پڕۆژەکەدا نییە بەڵکو "سەگ، پشیلە، باڵندە و ئسپ" لە پڕۆژەکەدا هەن، ڕۆژانە پشکنینی گشتی بۆ هەموو ئەسپەکان دەکەن، چاودێریان دەکەن بزانن خواردنیان خواردووە یاخود نا، پاکیان دەکەنەوە، دواتر دەست دەکەن بە ڕاهێنان بەو ئەسپانەی تازەن لەلایان تا ئەوانیش ببنە ئەسپێکی باش، دواتر لەم پڕۆژەیەدا گەشت هەیە و ئەسپەکان ڕۆژانە گەشتیان پێدەکرێت، یاخود لەناو پڕۆژەکە لەلایەن هاوڵاتییانەوە ئەسپسواریان پێدەکرێت.

 

"هیچ کات پاڵپشتی بۆ گەنجانی داهێنەر نەبووە"

لە درێژەی قسەکانیدا شایی ڕاهێنەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر لە هەر جێگەیەکی جیهاندا گەنجێک بیرۆکەیەکی نوێی هەبێت پاڵپشتی دەکرێت و هاوکاری دەکرێت بەڵام بۆ ئەمان بە پێچەوانەوە بووە، شایی لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا کاتێک ئەم بیرۆکەیەیان داهێناوە نەک پاڵپشتی نەکراون بەڵکو ڕێگریان لێکردوون، وتی "چەندین جار لە ڕێکخستنی کارەبای پڕۆژەکە بەربەست هەبووە، یاخود لە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ پڕۆژەکە بەربەست هەبووە و بە ئێستاشەوە نازانن دەبێت سەر بە چ کۆمەڵگەیەکی وەرزشی دابنرێت"، لەگەڵ ئەوەی بەربەست هەبووە و هاوکاری نەبووە بەڵام ئەو گەنجانە دڵخۆشن بەوەی کار دەکەن بۆ ئاژەڵەکان.

 

دەربارەی خودی خۆی شایی ڕوونیکردەوە، کۆمەڵگا هۆکارە بۆ دروستکردنی بەربەست بە تایبەت بۆ ژنان، دەڵێت "هەندێک کات دەتگەیەننە خاڵێک کە بیانەوێت بێ هیوات بکەن بەو قسانەی ژنێک کاری بە پڕۆژەیەک چییە، یاخود ژنێک کاری بەوە چییە هاوکاری ئەسپ بکات و لەگەڵیاندا مامەڵە بکات، بەڵام هیچ کات نەمهێشتووە ئەو قسانە کارم تێبکەن و بەردەوام بووم لە ویستی خۆم".

 

لە کۆتایدا شایی داوای لە هەموو گەنجان کرد بێ ئەوەی گوێ بدەن بە جۆری ڕەگەزەکەیان، یاخود لە چ ئاستێکدان هەوڵ بدەن بۆ خولیاکانیان، بێگوومان خولیایەک کە کۆمەڵگە جوانتر بکات و ببێتە دەرگایەک بۆ کردنەوەی دەرفەت بۆ گەنجانی دیکە، هەوڵ بدەن بگەنە ئەو ویستەی خۆیان ئەیانەوێت و تەنها چاوەڕێی دامەزراندن نەکەن و شوێن خولیاکانیان بکەون.