"باخچەی ماڵەکەم بەرهەمی ماندوو بوون و دەستی خۆمە"

لە گوندی گامێش تەپەی سنووری سەیدسادق ماڵێک بە بۆن و بەرامەی گوڵ و ڕەنگاوڕەنگی کوردەواری خۆی دەنوێنێت، کە ڕەنجی دەست ڕەنگینی ژنێکە و نمایشی گوڵ و گوڵزار دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەهێ کەریم، دانیشتووی گوندی گامێش تەپەیە و لە بنەڕەتدا خەڵکی گەرمیانە، ماڵەکەی بە سەوزایی و مۆرکی کوردەواری ڕازاندووەتەوە و بووەتە جێی سەرنجی خەڵکی گوندەکە و خەڵکانی دیکەش کە سەردانی دەکەن، بە دەست و دیارییەوە دێت و بیرۆکە لە شێوازی ڕازاندنەوەی باخچەکەی وەردەگرن.

 

بەهێ کەریم باس لە ژیانی خۆی دەکات، کە پاش ئەوەی هاوژینەکەی لە جەنگی عێراق و ئێراندا دەستگیر دەکرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە و بۆ بژێوی خۆی و خێزانەکەی، دەست بە دروومان دەکات، تا بەهۆی نەخۆشییەوە چەند ساڵێکە دەستبەرداری دروومان بووە، دادە بەهێ هەمیشە حەزی بە گوڵ کردووە و بۆ ئەوەش دەستی بە ڕازاندنەوەی باخچەی ماڵەکەی کردووە.

 

"حەز دەکەم بابەتە کەلەپووریەکان نەفەوتێن"

لەناو باخچەکەی دادە بەهێدا چەندین بابەتی کۆن و کەلەپووری دانراون، وەک مەشکە، کونە، تەنور و سەماوەر و عەلادین و چەندین پارچەی دیکەی مێژووی، وەک خۆی دەڵێت: پێم خۆشە ئەم شتە کۆنانە بمێنن، چونکە ئەم چەند ساڵە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە خەڵک دابڕاوە لێیان و بەشێک لە خەڵک نازانن ئەم کەرەستانە بۆچی بەکارهاتوون، بۆیە من لە باخچەی ماڵەکەم دامناوە و هەرکەس بپرسێت، پێی دەڵێم ئەڵێم کە بۆچی بەکارهاتوون.

 

بەهێ کەریم باس لەو دیاریانە دەکات کە بۆی دێنن و دیارییەکان لە باخچەکەیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، دەڵێت: هەموو کەس پێی خۆشە بەدەستی پڕەوە بێن و دیاریم بۆ دەهێنن، منیش لە باخچەکەدا دایدەنێم.

 

سەبارەت بە کاتی دروستکردنی بابەتەکان، بەهێ کەریم دەڵێت: "بۆ دروستکردنی هەر بابەتێک سەرەتا بیرۆکەکان تاووتوێ دەکەم، پاشان کەرەستەکانی بۆ کۆدەکەمەوە و دەست بە دروستکردنی دەکەم"، داواش لە ژنان دەکات، ئەوەی کاتی هەیە با جێگەدەستی دیار بێت، چونکە نان و چێشت ڕۆژانەیە و تەواو دەبێت، بەڵام ئیش کردن جێگە دەستت دیار دەبێت و بۆ ژنانیش خۆشە کە بەرهەمی دەستی خۆیان ببینن.