کاتی نەورۆزە و بازاڕی شاری بانە چۆڵە لە کڕیارەکانی

بازاڕی بانە، کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین بازاڕەکانی کوردستان، چۆڵ بووە و سەرەڕای ئەوەی بەرەو نەورۆزە، بەڵام گەشتیاران ڕوویان لە شارەکە نەکردووە،

لارا گەوهەری

 

بانە- بازاڕی شاری بانە یەکێکە لە بازاڕە بازرگانییە هەمیشە قەرەباڵغەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە لە نەورۆزدا نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بۆ گەشت و بازاڕکردن ڕووی تێدەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گرانی بازاڕ و دۆخی ئەمنییەوە بازاڕەکانی شارەکە چۆڵ دەبینرێت و فرۆشیارانیش باس لەوە دەکەن کە کڕیار ڕووی لە بازاڕەکان نەکردووە.

 

لە سەروبەندی نەورۆزدا نرخی دۆلار گۆڕاوە و توانای کڕینی خەڵک دابەزیوە، بازاڕی بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان و هەرکاتێک دۆلار لەوێ گران بوو، نرخەکانیش لە بانە بەرز دەبنەوە، چونکە کاڵایەکی زۆر هاوردە دەکرێت.

 

بە چوونە ناو شاری بانە چەندین خاڵی پشکنین دانراوە، وەک ئەوەی سوپای پاسداران شەڕی لە کوردستان دەستپێکردبێت، کۆنکرێتەکانی دانراون ڕێگەی چوونی ئۆتۆمبێلیان سەختکردووە و پاسدارەکان چەندین پرسیار لەو کەسانە دەکەن کە دەیانەوێت بچنە شارەکەوە، هەروەها پشکنینی توندی مۆبایل و ناو ئۆتۆمبێل دەکەن، چوومە بەردەم بازگەکە و لێم دەپرسن خەڵکی کوێم و بۆچی دەچم بۆ بانە، وەک ئەوەی تاوانێک بێت، بەڵێ ئێرە کوردستانە و دوای شۆڕشی ١٩٥٧ بە فەتوا و کوشتن دەستیان بە حوکمڕانی کرد و تا ئیستا ئەم دۆخە بەردەوامە، کەمێک زیاتر دەڕۆم، پیاوێک مۆبایلی نۆکیاکەی دەداتە ئەفسەرەکە و هاوژینەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا چاوەڕێ دەکات، پیاوەکەش سندوقی ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەفسەرەکان بە وردی بیپشکنن.

 

بانە ئەو شارەی لە نەورۆزدا جمەی دەهات لە خەڵک، بەڵام شەقامەکانی چۆڵ و بێدەنگ و تاریکن، دوکاندارەکان هیچ کڕیارێکیان نییە و شارەکە هێندە بێدەنگە کە شاری بازرگانی بانە هەرگیز ئەوەندە چۆڵ و بێ میوان نەبووە.

 

"کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕ کردووە".

سینا تەمەنی ٢٤ ساڵە و بە زمانێکی شیرینی بانەیی دەڵێت: دوکانم نییە و لەسەر شەقامەکان بۆن دەفرۆشم، زۆربەی کەلوپەلەکانی بانە لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، هەر بۆیە هەرزانترە و خەڵک لە شارەکانی دیکەوە دێنە بانە بۆ کڕین، من کۆڵبەرم و دەچمە سەر سنور تا بۆن بهێنم و لە بانە بیفرۆشم، هەرچەندە کرێی دوکان نادەم بەڵام قازانجی فرۆشەکانم هەر کەمە، هەمان ئەو فرۆشگایەی تەنیشتم بۆن دەفرۆشێ و مانگانە ٨٠ ملیۆن کرێ دەدات و بەهۆی گرانی نرخی دۆلاریش بازاڕەکەی سست بووە.

 

شەقامە جیاوازەکانی بانە و بازاڕەکان زۆر بێدەنگن، دوکاندارەکانیش چاوەڕێی کڕیارن و هەندێکیشیان ماندوو دەردەکەون چونکە هیچ فرۆشتنێکیان لە دوکانەکەدا نییە.

 

بەهۆی گرانی دۆلار و فرۆشتنی ئۆنلاین و کەمبوونەوەی توانای کڕین و کرێی ئۆتۆمبێل و دۆخی ئەمنی دوایی ناڕەزایەتییەکان، خەڵکی شارە جیاوازەکان وەک جاران ڕوو لە شارە بازرگانییەکان ناکەن بۆ کڕین و بڕی کڕینیان کەمکردووەتەوە.

 

سەحار خاوەنی دوکانێکی جوانکارییە لە یەکێک لە بازارەکانی شاری بانە، سەبارەت بە ساڵی نوێ و دۆخی بازاڕ دەڵێت: ژمارەی کڕیارەکانم کەمی کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەرەستەی کۆنم هەیە، بەرهەمەکانم گرانتر نەکردووە، ئامێرە کارەباییەکان گرانتر بوون چونکە بە دۆلار دەکڕدرێن، بەڵام بەرهەمە ئێرانییەکانی وەکو ئەوانەی فرۆشگاکەم دەتوانرێت بە تمەن بکڕدرێن و گران نین.

 

سەرەڕای ئەوەی کە بانە شارێکی بازرگانییە، هەندێک بەرهەم لەوێ دەگمەنە، خەڵک دەڵێن ژینگەیەکی ئەمنییە و ناتوانن هەندێک بەرهەم دابین بکەن، بەڵام لە سایتەکانی تاران کڕینیان ئاسانترە، ڕەنگە ئەو پارچەیەی لە تاران دەفرۆشرێت، لە بانە بفرۆشرێت ببێتە هۆی دەستبەسەرکردنی خاوەن فرۆشگاکە، فرۆشیارێکی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان دەڵێت، ئەگەر فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بفرۆشم، ڕەنگە بە هۆکاری ئەمنی دۆسیەیەکم لەسەر بکەنەوە، یەکێک لە کڕیارەکانی دەڵێت ئەوە سوپای پاسدارانە و هیچ شتێک بەدوورینازانێت، هاوڕێکەم دۆسیەی لەسەر تۆمارکرا، چونکە منداڵەکەی دەمانچەی تەقەمەنی منداڵانی هەبوو.

 

پێشتر خەڵک لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز مانتۆ و جلوبەرگی کوردی و کەرەستەی پێویستیان دەکڕی، بەڵام ئەمساڵ پارچەی نوێ نەهاتووەتە بازاڕەوە و فرۆشیارەکانیش جلوبەرگی ساڵی پێشوو دەفرۆشن.