دەلال ڕەمەزان
حەسەکە- دایکی شەهیدانی شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پشتیوانیان لە بڕیاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کرد بۆ دادگاییکردنی داعش و لێپرسینەوەیان لەسەر ئەو تاوانانەی لە ناوچەکەدا ئەنجامیان داوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کاردانەوە بە شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکان و داوای گەڕانەوەی بەکرێگیراوانی بیانی داعش بۆ ئەو وڵاتاکەنیان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ئامادەیی خۆی بۆ دادگاییکردنی چەتە بیانییەکانی داعش، دەربڕیوە، کە دادگایی کردنیان بەپێی بڕیار و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و لەسەر بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبێت.
زیاتر لە ١٠ هەزار شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە لە کاتی شەڕەکانی دژ بە بەکرێگیراوەکاندا گیانیان لەدەستدا و هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی هێرش و تۆپبارانی بێ جیاوازی.
" متمانەمان بە بڕیار و یاسا دادپەروەرەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەیە"
فاتمە عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە شاری حەسەکە، پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیاند و وتی: بەکرێگیراوانی داعش تەنها کۆمەڵکوژییان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەکرد، بەڵکو دەیان کۆمەڵکوژییان بەرامبەر خەڵکی شەنگال ئەنجامدا، هەزاران کەسیان کوشت و ئاوارە کرد، ژنانیش وەکو دیل گیران و لە بازاڕەکانی کۆیلەدا دەفرۆشران، ئێمە داواکارین ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەبێ دوودڵی دادگاییکردنی ئەم بەکرێگیراوانە خێراتر بکات و سزای تۆڵەسەندنەوەیان بەسەردا بسەپێنێت.
فاتمە عەلی وتیشی: ئێمە لەسەر بنەمای برایەتی و پێکەوە ژیانی گەلان لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەردا دەژین، و متمانەمان بە بڕیار و یاسا دادپەروەرەکانی هەیە، هیوادارین مافە مرۆیی و مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بپارێزن، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەو بەکرێگیراوانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان و دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە مەترسی لەسەر هەموو جیهان دروست دەکەن.
"ئێمە خاکەکەمان بەجێ ناهێڵین"
عەزیزە یونس، دایکی شەهیدە و دەڵێت: بەکرێگیراوەکانی داعش گەنج و پیریان کوشت، بێ تاوان منداڵیان بێ دایک و باوک کردووە، کەس لە تاوانە دڕندانەکانیان ڕزگاری نەبوو، ئێمە پشتیوانی بڕیارەی خۆبەڕێوەبەری دەکەین کە دادگایی چەتەکانی داعش بکات، بۆ ئەوەی ویژدانمان ئاسوودە ببێت و بە ئارامی بژین، بوونی ئەوان لە ناوچەکانی ئێمەدا مەترسی لەسەر ئێمە و هەموو جیهان دروست دەکات، ئێمە ئاسودە نابین تا چەتەکان دادگایی نەکرێن، داوا لە وڵاتانی پێوەندیدار دەکەین، پاڵپشتی بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەن، یان هاوڵاتییانی خۆیان کە بەکرێگیراوانی داعشن، ببەنە وڵاتەکانیان و دادگاییان بکەن.
سەباح موسا، دایکی شەهیدە و لەو بارەیەوە وتی: کوڕەکەم بەشداریی بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەی کرد دژ بە بەکرێگیراوانی داعش، تا ئەوکاتەی لە چیای کەزوان لە شەڕێکدا شەهید بوو، من شانازی پێوەدەکەم، پشتیوانی بڕیارەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر دەکەین بۆ دادگاییکردنی ئەو بەکرێگیراوانە کە سەدان منداڵ و ژنیان کوشتووە و خەڵکیان ناچارکردووە زەویەکانیان بەجێبهێڵن و حوکمەکانیان بەناوی شەریعەت و ئایینەوە سەپاندووە، ئەمەش بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا و لە پێش چاوی هەموو جیهان ئەنجام درا، دەبێت توندترین سزایان بەسەردا بسەپێندرێت، ئێمە تا دوا هەناسە بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین و بەجێی ناهێڵین.




