لاڤە لەگەڵ سێ هاوکاریدا پڕۆژەیەکی هەنگەوانی بەڕێوە دەبات

لاڤە محەمەد ماوەی ٥ ساڵە کاری هەنگەوانی دەکات و دەڵێت: سەرەتا لە چوار پورەی هەنگ لە ماڵی خۆمان دەستم بە کار کرد".

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستاندا ژنان بەردەوام لە هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستانەن لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕوبەڕوویان دەبێتەوە، بەشێک لە ژنان هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن، لاڤە محەمەد، یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی ماوەی ٥ ساڵە لە سنووری شاری سلێمانی کاری هەنگەوانی دەکات، دەرچووی بەشی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانییە، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی کشتوکاڵی، لە ساڵی ٢٠١٧دا خولیای هەنگەوانی بۆ دروست دەبێت، لەو کاتەوە دەست دەکات بە کاری هەنگەوانی و لە ئێستادا لەگەڵ سێ هاوپیشەیدا پڕۆژەیەکی هەنگەوانی بەڕێوە دەبات.

 

لاڤە هەنگەکانی لە ناوچەکانی گوندی واژە لە شارباژێڕ، پێنجوێن و نزیک شارۆچکەی دوکان لە گوندی کەنە شینە دادەنێت، وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە بەشی کشتوکاڵ بووە، خولیای هەنگەوانی بۆ دروستبووە، سەرەتاش لە چوار پورەی هەنگەوە دەستی پێکردووە کە لە ماڵی خۆیاندا دایناوە، لە دوای ٥ ساڵ برەوی بە کارەکانی داوە و چەندین پورەی هەنگی هەیە.

 

ئەو هەنگەوانە لە بارەی کارکردنی ژنانەوە دەڵێت: کارکردن و هاتنە دەرەوەی ژنان لە ماڵەکانیان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئاستەنگی بۆ ژنان دروست دەکات، وەک ژنێکی هەنگەوان ئاستەنگیم بۆ دروست بووە بەهۆی ئەنجامدانی کاری هەنگەوانی کە بە کارێکی پیاوانە دادەنرێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی خولیام بۆ کارەکەم بەردەوامیم بە کاری هەنگەوانی دا.

 

"بە پێی وەرزەکان کار لەگەڵ هەنگەکاندا دەکرێت و سەردانیان دەکرێت"

لاڤە محەمەد، باسی لە شێوازەکانی بەخێوکردنی هەنگەکان کرد، کە بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت، لە مانگی ئاداردا کاری هەنگەکان دەستپێدەکات، تەواوی تیمەکەیان بەردەوام لە کارکردندا دەبن و سەردانی هەنگەکان دەکەن، وتیشی: لە سەرەتایی بەهارەوە تا کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران/٦ پێویست دەکات ڕۆژانە سەردانیان بکەین، لەگەڵ هاوکارانمدا ئاگاداریان دەبین و لە کاتی کارکردنی هەنگەکاندا لە شوێنی دیکە پورەی هەنگەکان دادەنێین، کاتێک دەگەنە وەرزی زستان، بە دوو هەفتە جارێک سەردانیان دەکەین، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هەنگەکان لە سەرەتای لە دایکبوونیان تووشی نەخۆی ڤاروا دەبن، دەبێت ئێمە تەواو ئاگاداریان بین.

 

لاڤەی هەنگەوان، باس لە ژیانی هەنگەکان دەکات، دەڵێت: لە ماڵی هەنگەکاندا ١٠ شانەی تێدایە و لە شاژنێک و هەزاران هەنگ پێکدێن، لەکاتی دانانی شیلەی هەنگەکانیان شانەکانیان بۆ ٢٠ شانەی هەنگی زیاد دەکەین، تەمەنی شاژن دەگاتە ٥ ساڵ، بەڵام هەنگی کارکەر تەنها وەرزێکە و دوای دەمرێت، پاشان لە ٣٠ پلەی گەرمادا دەتوانین شیلەی هەنگەکان کۆبکەینەوە، هەروەها لەڕێگەی کاری ئۆنڵاین و داواکاری کڕیارانمانەوە هەنگوینەکانمان ساغ دەکەینەوە، ژینگەی کوردستانیش بۆ جۆری هەنگی ئەپیس میلیفێرا گونجاوە.

 

بە پێی ئەو زانیارییانەی لاڤە خستییەڕوو، لە کۆندا هەنگەکان بەشێوازی پلورە بەخێو کراون، هەنگ لەناو دارەکاندا پلورەی دەدا و پاشان لە وادەی خۆیدا دەبڕدرا، بەڵام لە ئێستادا لە ماڵی قەفەزی خۆیدا بەخێو دەکرێت، لە کاتی بەخێوکردنی هەنگەکاندا نابێت هیچ جۆرە دەرمانێکی پێ بدرێت، زۆربەی کڕیاران هەنگوین بۆ دەرمان بەکاردەهێنن، هەروەها وەرزشکاران و کەسانێک کە کەمی ڤیتامین و ئاسنیان هەیە هەنگوین سوودی بۆیان دەبێت و بۆ جوانکاری پێست و چەندین نەخۆشیش بەکاردێت.

 

"ژەهری هەنگ ناوێکی تازەیە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم نایەت"

لاڤە محەمەدی هەنگەوان ئاماژەی بە بەرهەمەکانی هەنگ کرد و وتی: بەرهەمەکانی هەنگ لە چەند بەرهەمێکدا خۆی دەبینێتەوە، وەک هەنگوین، هەڵاڵە، بەرەمێوو، خۆراکی شاهانە و ژەهری هەنگ، هەنگوینی خۆراکی شاهانە لەکاتی تێکەڵبوونی لەگەڵ هەنگوینەکەدا جۆری کوالێتی هەنگوینەکە بەرز دەکاتەوە، بەڵام بەرهەمهێنانی ژەهری هەنگ پێویستی بە هەنگی کارکەری زۆر و تێچوویەکی زۆر هەیە، بۆیە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم نایەت، هەروەها ئەم خۆرەی هەنگوین بۆ مەبەستی دروستکردنی جوانکاری و کەرەستە پزیشکیەکان بەکاردێت.

 

ئەو هەنگەوانە لە کۆتاییدا وتی: ژنان کاری هەنگەوانی بە کارێکی ئەستەم دادەنێن، بەڵام کارکردن لەگەڵ هەنگدا پیرۆزە، بۆیە دەمەوێت کارەکەم گەورەتر بکەم و چەندین گەنج و زیاتر ژنان بهێنمە ناو بوارەکەوە، ژنان دەتوانن برەو بە تواناکانیان بدەن بەبێ گوێدانە قسەی کۆمەڵگە، پێشنیار دەکەم ژنان دوای خولیا و ئاواتەکانیان بکەون.