جوانە جەلالەدین: میدیاکان بە ناوی ئازادییەوە کولتووری کۆمەڵگەیان شێواندووە

چەندین میدیا و دەزگای ڕاگەیاندن هەیە بەڵام کۆمەڵگە هۆشیار نییە و تا ئێستا پرسەکانی ژنان بەلاڕێدا دەبرێن، مامۆستایەکیش دەڵێت: میدیاکانی باشووری کوردستان بە ناوی ئازادییەوە کولتووری کۆمەڵگەیان شێواندووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- باشووری کوردستان خاوەن چەندین دەزگای میدیایی سەربەخۆ و ناسەربەخۆیە لە کەناڵی تەلەفزیۆنییەوە تا دەگاتە سایت و ڕادیۆ بە سۆشیاڵ میدیا، بەڵام جێی پرسیارە بۆچی تا ئێستا میدیاکان نەیانتوانیوە کارێک بکەن کۆمەڵگە هۆشیار بکانەوە بەتایبەت لە پرسەکانی ژناندا، بەڵکو بە شێوازێک کار لەسەر کەیسەکانی ژنان دەکەن لە ژنان بدەن و بە ناوی ئازادییەوە ژنان توانبار دەکەن.

 

"ڕاگەیاندنەکان بەرپرسیارن لەو پەیامانەی بڵاوی دەکەنەوە"

دکتۆر جوانە جەلالەدین، مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، دەربارەی ڕۆڵی ڕاگەیاندن و شێوازی بەکارهێنانی لەلایەن میدیاکانی ئێستاوە ڕوونیکردەوە، ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرنگی هەیە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەجۆرێک ڕۆڵ و کاریگەری هەیە کە ئەوەی تەواوی دەزگاکانی دیکە پێیان ناکرێت ڕاگەیاندن دەتوانێت بیکات و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بەجێبهێڵێت.

 

ڕاگەیاندن لە ڕێگەی ئەو پەیامانەی دەیگەیەنێت بە وەرگرەکانی دەتوانێت هۆشیاری بڵاوبکاتەوە، بۆیە پێویستە گرنگی بەو بابەت و وشانە بدرێت کە لە ڕێی ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، چونکە کاریگەری جیاواز لەسەر تاک دروستدەکەن، پەیام تەنها لە وتە و نووسراودا نییە، بەڵکو لە ڤیدیۆ و وێنەکانیشدایە بۆیە پێویستە بە وریاییانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

 

"سۆشیاڵ میدیا پەیامی ڕاستەقینەی ڕاگەیاندنی شێواندووە"

دەربارەی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و کەیسەکان و پرسی ژنان بەتایبەت، دکتۆرە جوانە ئاماژەی بەوەدا، ڕاگەیاندنە کوردییەکان تا ئێستا بەو شێوازە کاریان نەکردووە کە تەواو ببنە هۆکار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەتایبەت لەسەر پرسەکانی ژنان، بەڵکو هەندێک کات کە بابەتەکان باسکراون نەک تەنها هۆشیاری نەبوون بەڵکو لایەنی نەرێنی بابەتەکە خراوەتەڕوو.

 

پێویستە هۆشیاری دەربارەی پرسەکانی ژنان تەنها بۆ ژنان نەبێت، بەڵکو بۆ پیاوانیش بێت، هەڵەیەک هەیە لە ڕاگەیاندنەکانی ئێستادا ئەویش ئەوەی هەست دەکەن لە ڕێی سۆشیاڵ میدیاوە زیاتر پەیامەکان دەگات لە کاتێکدا پەیامەکان لە سۆشیاڵ میدیادا دەشێوێندرێن و ئاڕاستەکەیان پێچەوانە دەبێتەوە، بۆیە گرنگە بە ئاگاییەوە دەستبخرێتە سەر پرسە گشتییەکان و پرسەکانی ژنان.

 

"چەندین هۆکار هەن، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕاگەیاندن بەڵام هۆشیاری کەمکتر بێت"

وەک ئەو مامۆستایە باسی لێوە دەکات، هەموو ئاست و تاکێک بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیایە بۆیە پێویستە ئەو بابەتانەی دەخرێنە سۆشیاڵ میدیاوە بە شێوازێکی وردتر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چەندین هۆکاری خستەڕوو کە لەگەڵ ئەوەی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیای زۆر هەن بۆ هۆشیارکردنەوە، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی تەواو هۆشیار بێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەدا یەکەم هۆکار بریتییە لە بێ ئاگابوونی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیگوازنەوە سەر شاشەکانیان، گوێ بۆ توێژینەوەکان ناگیرێت، ڕۆژانە لایەنە ئەکادیمییەکان توێژینەوە دەکەن بەڵام سودی لێوەرناگرن، خودی خۆشیان گرنگە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بکەن دەربارەی بابەتەکان.

 

بەشێکی دیکە لە ڕاگەیاندنەکان بە شێوازێکی گشتی کار دەکەن و نازانن وەرگرەکەیان کێیە کە ئەمەش کێشە دروست دەکات، چونکە گرنگە بزانرێت وەرگر کێیە و بە پێی وەرگر بابەت ئاڕاستە بکرێت، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و لایەنە ئەکادیمییەکان دووبارە گرفتی بۆ کۆمەڵگە دروست کردووە.

 

"جگە لە ڕاگەیاندنەکان لایەنی پەیوەندیداریش بەرپرسە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جوانە جەلالەدین باسی لەوەکرد، کە گرنگە ڕاگەیاندنەکان بزانن بابەت بۆ کێ بڵاودەکەنەوە، کۆمەڵگە تەنها یەک چین و ئاست نییە، بەڵکو جیاوازن بۆیە کاتێک بابەتێکی هەستیار وەک پرسەکانی ژنان بڵاو دەکرێتەوە گرنگە بە شێوازێک بێت پەیامەکە بگاتە ئەو کەسانەی هۆشیاریان کەمترە، نەک کەسانی هۆشیار، دەڵێت "لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ڕاگەیاندن و بابەتەی بڵاو دەکرێتەوە بەڵام توندوتیژی و ئاماری کوشتنی ژنان هێشتا لە زیادبووندایە".

 

وەک چارەسەرییەک بە پێویستی زانی ڕاگەیاندنەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو دەزگا و لایەنە جیاوازانەی کار بۆ پرسی ژن دەکەن هەوڵ بدەن بە شێوازێک کار بکەن زۆرترین سود بە کەسانی ناهۆشیار بگەیەنن.

 

"میدیاکان بە ناوی ئازادییەوە بەبەتەکان بەتەیبەت پرسەکانی ژنان بە لاڕێدا دەبەن"

جوانە جەلالەدین ئاماژەی بەوەدا هەندێک لە کەیسەکانی ژنان بە شێوەیەک باسیان لێوە دەکرێت کە تەنانەت خودی ژنەکە یاخود بنەماڵەکەشی شکیان لەلا دروست دەبێت، واتە بابەتەکە زۆر دوورە لەوەی کە بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سیاسەتی بەشێک لە میدیاکان بەو شێوازەن کە لە ژنان بدەن و بەلاڕێیدا ببەن، ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاکوانە بێنە دەنگ لەسەر ئەم بابەتە وە سکاڵا تۆمار بکەن و میدیاکان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بکەنەوە، کە بۆچی بەو شێوازە کار دەکەن، لەبری هۆشیاری بۆ کێشە و ژاوەژاو لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە.

 

دکتۆر جوانە ڕوونیکردەوە، لە میدیاکانی کوردیدا بە ناوی ئازادییەوە بابەت بە هەڵە بڵاودەکرێتەوە، بۆیە گرنگە سانسۆر هەبێت لەسەر بابەتەکان، هەروەها سانسۆر بەشێک لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بۆیە گرنگە هەبێت، چیتر بابەتەکان بەلاڕێدا نەبرێت، چونکە چەندین کەیس هەیە لە دادگاکان لەبەر نەبوونی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی ڕووبەڕووی سکاڵا بوونەتەوە.