تواناکانی ئیمان لە چەپکە گوڵەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە

هەرچەندە لە کۆمەڵگەدا ڕێگری هەبێت و کولتوور و دابونەریت ڕێگە بە کارکردنی ژنان نەدات، بەڵام ژنان نەفەسێکیان دۆزیوەتەوە بۆ دەرخستنی تواناکانیان و کارکردنیان.

شنیار بایز

 

چەمچەماڵ- ژنان لە هەر شوێنێک بن بە توانا و هەوڵەکانیان جێدەستی خۆیان سەلماندووە، ناوچە و ڕێگرییەکان بۆ ژنان نەبووەتە بەربەست لەبەردەمیاندا تا نەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن، هەمیشە هەوڵیانداوە لە بوارە جیاوازەکاندا زیاتر خۆیان بەرەوپێش ببەن و ببنە هۆکاری پێشکەوتن و هۆشیاری کۆمەڵگە.

 

ئیمان ئازاد، گەنجێکی بەتوانای شارۆچەکەی چەمچەماڵە، ماوەی چوار ساڵە دەستی کردووە بە کارکردن لە بواری گوڵی سروشتی و ڕازاندنەوەی بۆنەکان، سەرەتا لە ڕێی ئۆنڵاینەوە کاری دەکرد و لە ئێستادا پەرەی بە کارەکەی داوە و خاوەن فرۆشگاێکی تایبەت بە خۆیەتی، ئیمان ٢١ ساڵە، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دەژی، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی کۆمپیوتەری کرداریی لە زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ، بە جۆرێک کار و خوێندنەکەی ڕیکخستووە توانیویەتی تیایدا سەرکەتووبێت و ببێتە نمونەی ژنێکی بە توانا لە چەمچەماڵ.

 

"خولیام بۆ کارکردن وایلێکردم دەستپێبکەم"

ئیمان باس لە دەستپێکی کارکردنی دەکات، ڕوونیکردەوە سەرەتا خولیای کارکردنی هەبووە، هەربۆیە دەستی کردووە بە کاری ئۆنڵاین، ماوەی ساڵێک کاری ئۆنڵاینی کردووە دواتر فرۆشگای تایبەت بە خۆی کردووەتەوە، فرۆشگاکە تایبەتە بە گوڵی سروشتی و چەند کارێکی دیکەی ڕازاندنەوە بەڵام کاری سەرەکیان گوڵی سروشتییە.

 

سەرەتا لە ڕێی کاری ئۆنڵاینەوە کاری ڕازاندنەوەیان دەکرد، دواتر هەستیان بەوە کردبوو لە شارۆچکەکەدا هاوڵاتیان پێویستیان بە ڕازاندنەوە و گوڵی سروشتی هەیە، بۆیە فرۆشگایەکیان دانا و زیاتر کار لە گوڵی سروشتیدا دەکەن و هەر پێویستییەک هاوڵاتیان پێویستیان پێیبێت لای ئەوان دەست دەکەوێت، بەم شێوەیە درێژەیان بە کارەکەی داوە و ماوەی چوار ساڵە کاردەکات.

 

"بە ڕۆژ کاردەکەم و بە شەو دەخوێنم "

لەگەڵ دەستکردن بە خوێندنی زانکۆ ئیمان دەستی کردووە بە کارکردن، ئاماژەی بەوەکرد، کارکردن و خوێندن ئەرکێکی قورسە، بەڵام کاتێک کەسەکە خۆی ویستی کارکردنی هەبێت و خێزانەکەشی پاڵپشتی بکەن، بێگومان دەتوانێت بەردەوام و سەرکەوتوو بێت، وتی: بە شێوەیەک کاتەکانم ڕێکخستبوو شەوان درەنگم دابین کردبوو بۆ وانەکانم، بە ڕۆژیش زانکۆ و کارەکەم دەکرد"، بە جۆرێکیش کارەکانی ئەنجام دەدا پێشووتر داواکارییەکانی وەردەگرت و بۆ ڕۆژەکە دروستی دەکردن و ئامادەی دەکردن.

 

کار زۆرن بۆ ژنان بۆ ئەوەی ئەنجامیان بدات، بەڵام ئیمان لە فرۆشگاکەیدا کارکردن لە گوڵی سروشتیدا کاری سەرەکییەتی، چونکە هاوڵاتیانیش بە ڕێژەیەکی زیاتر حەز بە گوڵی سروشتی دەکەن، لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی کارەکەشیدا باسی لەوەکرد، توانای ژنان بۆ ڕێکخستی ڕەنگ و ڕازاندنەوە زیاترە بە بەراورد بە پیاوان، هەر بۆیە گوڵی هەڵبژارد، چونکە دەیویست بە پێی ویستی خۆی ڕەنگەکان تێکەڵ بکات و چەپکێک گوڵی جوانی لێدەرچێت.

 

"ژن و سروشت تەواوکەری یەکترن بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ گوڵدا ئارامیم پێدەبەخشێت"

دەربارەی کارەکەی، ئیمان ئاماژەی بەوەدا، کارکردنی لەگەڵ سروشت و گوڵدا هەستێکی جیاوازی پێدەبەشێت، چونکە کاتێک چەپکە گوڵەکان ئامادە دەکات بە حەزەوە ئامادەیان دەکات و خۆشەویستی تیایدا ڕەنگ دەداتەوە، دەشڵێت: هەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکەم کاتێک چەپکێک گوڵ بە خۆشەویستییەوە ئامادە دەکەم بۆ بۆنەی کەسێک و ئەویش لەگەڵ چەپکە گوڵەکەمدا خۆشیەکەی دەردەبڕێت.

 

ئیمان ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانییەوە تا شەو کار دەکات، لەگەڵ گوڵەکانیدا ڕۆژەکەی بەسەر دەبات، تەنها یەک جۆر گوڵ لە فرۆشگاکەیدا نییە، بەڵکو گوڵی ئێرانی، هۆڵەندی و کوردیش واتە نێرگز بوونیان هەن، دەڵێت: باوترین گوڵ لە هەرێمی کوردستان نێرگزە بۆیە کاتێک وەرزی بەهار دێت حەز دەکەم نێرگزەکە تێکەڵ بە چەپکە گوڵەکان بکەم، بۆ هاوڵاتیانیشی پێشنیار دەکەم، چونکە بۆنی سروشتی خۆی هەیە و چەپکەکە جوانتر دەکات، ئەمانەشە وایکردووە بەردەوام هاوڵاتیان سەردانمان بکەن و پاڵپشتیمان لێبکەن.

 

"کۆڵنەدانی تواناکانت دەتگەیەنێتە ئامانجەکانت"

لە درێژەی قسەکانیدا و دەربارەی کاری ژنان و دەرخستنی تواناکانیان ئیمان ئاماژەی بەوەدا، گرنگە ژنان بێنە دەرەوە و کار بکەن، لە هەر بوارێکدا خۆیان دەدۆزنەوە کاری تێدا بکەن و پەرەی پێبدەن، دەشڵێت، "ژنان توانای کاری باشیان هەیە، بۆیە پێشنیار دەکات بۆ سەرجەم ژنان کار بکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن"، ئیمان پێیوایە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ماڵەوە و دەرەوەدا دەڵێت: کارکردن لە دەرەوە ئەزموونت پێدەبەخشێت و زیاتر تێکەڵاوی خەڵک دەبیت و ئەزموونی زیاتر فێر دەبیت.

 

لە کۆتایدا وتی: وەک هەر ناوچەیەکی دیکە ڕێگری لە شارۆچکەی چەمچەماڵیشدا هەیە ئەوەی گرنگە سووربوونی ژنەکەیە لەسەر کارکردن، بێگومان هەر ئامانجێکت هەبێت ئەگەر خۆت بتەوێت پێی دەگەیت، تەنانەت ڕێگری بۆ منیش هەبووە لەلایەن هاوڕێ و کەسانی نزیکەوە کە من دەخوێنم و نابێت کار بکەم، بەڵام بەردەوام بووم و توانیومە بگەم بەو ئامانجەی خۆم دەمەوێت، ئەوەش بە کۆڵنەدان هەوڵدان هاتۆتە بەرهەم.