قەڵا دێرینەکان، مێژووی خۆڕاگری کوردان دەگێڕنەوە

قەڵای پاشا کۆرە، بەشێکە لە زنجیرە چیای کلکە سماق دەکەوێتە شارۆچکەی دوکان و بەسەر ناوچەکەدا دەڕوانێت، یەکێکە لەو قەڵایانەی کە مێژووی خۆڕاگری گەلی کورد دەگێڕێتەوە کە لە ڕێگەی هونەری ئەندازیاری سەربازی بەرامبەر دوژمنەکانیان جەنگاون.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- ناوچەکانی باشووری کوردستان لە مێژووی دێرینەوە خاوەنی پێگەیەکی گرنگ و تایبەت بووە و بەمەش بووەتە مەیدانی ململانێ و ناکۆکییەکان، ناوچەی دوکانیش بەشێک بووە لە ململانێی هێزەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی دوکان خاڵی پەڕینەوەی هێزە سەربازییەکانی ناوچەکەبووە و خاکی بەپیت و سەرچاوەی ئاوی تیادابووە، بۆیە بووەتە ناوەندی ڕووداوە مێژووییەکان وەک جەگی نێوان ساسانییەکان و بێزەنتییەکان.

 

دوکان بە خاڵی دابەشکردنی ڕێگاکان دادەنرێت و زۆربەی ڕێگاکانی دەرەوەی دوکان دەکەوێتە سەری، چەندین دەربەند دەکەونە ناوچەی دوکان کە پردێکی پەیوەندی بووە لە نێوان ناوچە جیاوازەکان، و هێڵی سەربازی بووە بۆ هێزەکان بۆ ئێران و ئازەرباینجان بەرەو دەریاچەی ورمێ.

 

بە درێژای مێژوو خاوەن دەسەڵاتەکان جەنگ و ململانێکانیان درووستکردووە و لەسەر خاکی کوردستان ئەنجامیانداوە، وەک شەڕی نێوان عەباسییەکان و ئەمەوییەکان، دواتریش بە درووستبوونی میرنشیینە کوردییەکان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا جارێکی تر زلهێزەکان جەنگی خۆیان لە ناو خاکی کوردستان ئەنجامدا.

 

لە ڕووی ئابووریشەوە ناوچەی دوکان لەسەر ڕێگای کاروانە بازرگانییەکان بووە کە لە ناوچەکانی هەولێر، موسڵ و کەرکوک کە بە دوکاندا تێپەڕیوون بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران،  چونکە ڕێگایەکی بازرگانی لە باربووە بۆ سەردەشت، بانە، سنە  و هەمەدان.

 

بە درێژای مێژوو، قەڵاکان بۆ پاراستنی دەسەڵات و سنوورەکانی ناوچەکە بونیادنراون

یەکێک لە میرە کوردییەکان بە ناوی "میر محەمەد" گرنگی بە پاراستنی ڕێگا بازرگانییەکان داوە بۆ بەهێزکردنی ئابووری ناوچەکە و بەردەوام بە ڕووی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا وەستاوەتەوە، بۆ پاراستنی کاروانەکان لە دز و جەردەکان ئەمەش بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ دروستکردنی قەڵای "پاشا کۆرە" لە ناوچەی دوکان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم.

 

قەڵای پاشا کۆرە، بەشێکە لە زنجیرە چیای کلکە سماق دەکەوێتە نزیک گوندی "سارتکە" ٣ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای شارۆچکەی دوکان هەڵکەوتووە و بەسەر ئاوی دەریاچەی دوکاندا دەڕوانێت و ٥٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە.

 

ئەو گردەی قەڵاکەی لەسەر بونیادنراوە نزیکەی ١٣٠ مەتر بەرزە، سەرکەوتن لە ڕووکاری پێشەوەیدا زۆر زەحمەتە، لە باکوور و باشووری قەڵا دوو شیوی قوڵ هەیە لە بەشی پشتەوەی سەرکەوتن پێی ئاسانە، ئەو بەرزاییەی قەڵاکەی لەسەر بونیادنراوە بە داری بەڕوو و مازوو دەوڵەمەندە و ناوچەیەکی لەبارە بۆ ئاژەڵ لەوەڕاندن.

 

لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، دەرکەوتنی چەک پێشکەوت وەک تفەنگ و تۆپی دوورهاوێژ، هونەری بیناسازی شێوازێکی تری بە خۆیەوە بینی لە ڕووی دروستکردنەوە وەک قەڵای پاشا کۆرە لەسەر زێی بچووک، لەبەر گرنگی ناوچەکە وای لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کردووە کە قەڵای سەربازی درووستبکەن بۆ بەرگریکردن.

 

قەڵاکان بە شێوازێکی ئەندازیاری سەربازی دروستکراون

بۆ بنیادنانی هەر قەڵایەکی سەربازی چەندین لایەنی گرنگ لەبەرچاو گیراوە، نەخشەکێش و پلاندانەرەکان قەڵاکانیان لەسەر گردێکی بەرز دروستکردووە، کە دەبێت شوێنگەیەکی سروشتی بێت تا ببێتە بەربەست لەبەردەم هێرشی دوژمنان، هەروەها دەبێت نزیک بێت لە سەرچاوەیەکی ئاو بۆ ڕزگاربوون لە کاتی ئابڵۆقەدان، یاخود بە نهێنی ئاو بڕواتە ناو قەڵاکە تاوەکو بتوانن سودی لێببینن.

 

قەڵای پاشا کۆرە شێوەیەکی چوارگۆشەیی هەیە بە شێوازێکی هونەری بیناسازی سەربازی بە پێی هەڵکەوتەی قەڵاکە، دیوارەکانی دەرەوەی قەڵاکە لە هەر یەکە باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە گۆشەی بەیەکگەیشتنی هەر دیوارێک قوڵییەکی بازنەیی هەیە بۆ چاودێریکردن و بەرگریکردن.

 

دیوارەکانی لە بەرد، قسڵ و گەچ دروستکراوە، ناوکاری دیوارەکە بە وردە بەردی ئاوی زێ پڕکراوەتەوە، بۆئەوەی کەلێنەکانی بەردە گەورەکان پڕ بکاتەوە تا دیوارەکە زیاتر خۆڕاگر و پتەو ببێت، ئەستووری دیوارەکانی قەڵاکە لە نهۆمی یەکەم تا دووەم ١.٧٠ مەترە بەڵام پتەوی دیوارەکە لە نهۆمی دووەم کەمدەبێتەوە بۆ نزیکەی ٣٥ سانتیمەتر بەمەش قورساییان لەسەر قەڵاکە کەمکردوەتەوە.

 

بۆ پارێزگاریکردن لە دیوی دەرەوەی قەڵاکە هیچ پەنجەرەیەکی تیادانیە و تەنها لە دیوی ناوەوە هەیەتی، دیوارەکانی نهۆمی یەکەم ٧.٥ مەتر بەرزە

 

ئەوەی بەدیدەکرێت لە سەرجەم بەشەکانی قەڵاکەدا تەکنیکی ئەندازیاری سەربازی ورد بەکارهاتووە، هەموو وردەکارییەکان لەبەرچاوگیراوە، بە سوود وەرگرتن لە هەڵکەوتەی سروشتی ناوچەکە  گرنگیان داوە بە هونەری بەرگریکردن لە دژی هێرشی دوژمنان پاڵنەری سەرەکی بونیادنانی قەڵاکان بوون بە درێژای مێژووی کوردستان و دیوارە پتەو و بەهێزەکان چیرۆکی خۆڕاگری کوردانیان هەڵگرتووە.

 

لە ڕێگەی شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەکانی کوردستانەوە، ئاشنادەبین بە مێژووی خاکەکەمان کە هەر لە ساڵانی زووەوە خاوەنی چەندین زانست و میکانیزم بوون، لە سەختی چیاکانی کوردستان خۆڕاگری میلەتێک دەبیندرێت، شوێنەوارە مێژووییەکان بەو گێڕانەوە مێژووییە گرنگانەی هەڵیان گرتووە بەڵام گرنگیان پێ نادرێت و بەشێکی زۆریان لەناوچوون و یان نزیکن لە لەناوچوون و کاری نۆژەنکردنەوەی پێویستیان بۆ ئەنجامنادرێت.