ژنانی ئیتالیا پشتیوانی خۆیان بۆ شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووپات دەکەنەوە
ژنانی ئیتالیا، لەوانە سیاسەتمەداران، فێمینیستەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز، پەیامیان بۆ ژنانی بەرخۆدێر لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نارد.
هێلین خاپور
ئیتالیا- سیاسەتمەداران و فێمینیستە ژینگەپارێزەکانی ئیتالیا پشتگیریان لە بەرخۆدانی ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد بەرامبەر بە بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا، جەختیان لەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان نوێنەرایەتی مەترسییەک دەکەن لەسەر سنوورەکان، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە دۆخی هەرێمەکە بە تایبەتی بۆ ژنان قورسە.
ڕۆزا دی ئاماتۆ، سیاسەتمەدارێکی ئیتاڵی، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە هیوایەک هەیە: "ئەم ناوچەیە نوێنەرایەتی نزیکەی یەک لەسەر سێی ڕووبەری سووریا دەکات. لە ساڵی ٢٠١١ەوە، و دوای ڕاپەڕینەکەش دژی ڕژێمی پێشوو، گەلی کورد پڕۆژەیەکی دیموکراسی، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خستەڕوو، کە لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆردا بوو، هەموو ڕەگەز و کولتوورەکانی تر، عەرەب، ئاشوور، ئێزدی، تورکمان و ئەرمەنییەکان، لەم پڕۆژەیەدا ئامادە بوون. بۆ خۆبەڕێوەبردن و ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو هەرێمە".
"کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک گەرەنتی ڕۆڵی ژنان دەکات"
خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەپێی مۆدێلێکی دیموکراسی نزیکەی ٦ ملیۆن کەس بەڕێوەدەبات و ئەو بەرخۆدانە بەهێزەی کە ساڵانێکە بەردەوامە، ڕۆڵێکی قارەمانانە دەگێڕێت بەرامبەر بە جیهادییەکان لە پێناو پاراستنی سەربەخۆیی فرە ئایینی و فرەنەتەوەیی خۆیدا، مۆدێلی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک گەرەنتی ڕۆڵی ناوەندی ژنان دەکات لە ڕێگەی بوونی پێکهاتەی سەربەخۆ کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لەخۆدەگرێت.
ڕۆزا دی ئاماتۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە مۆدێلێکی ئایدیاڵە، "ئەمە هەموو شتگەلێکن کە پێویستە هەموو ئەوروپا ئیلهامیان لێ وەربگرێت، ئەمڕۆش دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گەلەکەی دەردەبڕین، ئێمە دەمانەوێت پشتگیری نێودەوڵەتی کۆبکەینەوە بۆیان.
"هەتا ئێستا ئەردۆغان کێشەیە لەسەر سنوور"
لۆرا سیما، چالاکوانی ژینگەیی ئیتاڵی دەڵێت: هاوڕێیانی ئازیز لە ڕۆژئاوا، هیوادارین خەباتی ئێوە بۆ ئازادی لە سەرتاسەری سووریادا بەرجەستە ببێت، هیوادارین ڕووخانی بنەماڵەی ئەسەد دوای نیو سەدە لە دیکتاتۆرییەت یارمەتیدەر بێت بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی دیموکراسی، ئێمە دەزانین کە ئەردۆغان هێشتا کێشەیەکە لەسەر سنوور و دۆخی ناوچەکە (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) بەتایبەتی بۆ ژنان سەختە.
"ئێمە پشتگیری لە خەبات و بەرخۆدانتان دەکەین لە دژی سیستەمی پیاوسالاری"
لۆرا سیما ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان لە نزیکەوە چاودێری دۆخی بەرخۆدان دەکەن، "ئێمە ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەین کە لەوێوە دێن و بەردەوام دەبین لە پاراستن و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئەم خەباتە و بنیادنانی دیموکراسی و پاراستنی ژینگە، سەرسامین و دەزانین کە ئێوە هەرگیز ڕێگە بە پیاوان نادەن بڕیار لەسەر ئێوە و ژیانتان بدەن".