دایکانی ئاشتی: با ڕۆڵەکانمان تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە نیشتمان بکەن

دایکانی ئاشتی دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست دەنوێنن و تیرۆرکردنی ڕۆڵەکانیشیان بە دەستی دەوڵەتانی داگیرکار و سیخوڕان ئیدانە دەکەن، داوا لە ڕۆڵەکانیشیان دەکەن تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاک و نیشتمان دەکەن.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- لە کاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردن و دەزگاکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ساڵانێکە ئاشتی و ئارامییە، بەڵام هاوڵاتیان لە سەلامەتی گیانی خۆیان دڵنیا نین، هێرش و تیرۆر و شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی وڵات بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا لە چوار پارچەی کوردستان هێرش دەکات و خاکی کوردستان داگیر دەکات، هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت.

 

چیاکانی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ئێرانەوە بۆردومان دەکرێت، لەناو هەرێمی کوردستانیش لەلایەن دەزگای میت و ئیتڵاعاتەوە هاوڵاتی تیرۆر دەکرێت، لەوانەش موسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی حزبی دیموکراتی کوردستان لەلایەن ئیتلاعاتەوە لە ئوتێلێکی شاری هەولێر تیرۆر کرا، هەروەها لە ١٦ی ئەیلولدا فەرهاد بارش، کرێکارێکی خەڵکی باکوری کوردستان لە شاری سلێمانی هەوڵی تیرۆر کردنی درا و بریندار بوو.

 

هەر ڕۆژێک دوای ئەو ڕووداوە، لە ١٧ی ئەیلولدا یاسین بولوت، ناسراو بە شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا.

 

ئەم ڕووداوانە ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و دایکانی ئاشتی چوار پارچەی کوردستانیش کۆبوونەوە و تیرۆرکردنی ڕۆڵەکانیان بە دەستی سیخوڕی بەناو دەکەن، داوای هەڵوێست نیشاندان و سەقامگیریش دەکەن.

گەلاوێژ محەمەد، خوشکی دوو شەهیدە و خەڵکی باشوری کوردستانە، باس لەوەدەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوێ نادات بە هێرشکردنە سەر خاکەکەمان، ئێمەش وەکو دایکان کۆبوینەتەوە و داوا دەکەین ئاشتی و سەقامگیری بەرقەرار بێت، ئەو دایکە وتیشی: ئێران و تورکیا هێرش دەکەنە سەرمان و لایەنی پەیوەندیداریش هەوڵی وەستاندنی نادەن، دایکان جەرگیان سوتا، لە بادینان منداڵ لەناو بێشکەدا گیانی لەدەستداوە، ئێران تەقە لە کۆڵبەرەکان دەکات.

 

دایە گەلاوێژ داوای کرد کە ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵەکانیان کە بە زەحمەتیەوە گەورەیان کردوون نەبنە قوربانی شەڕ، "ئێمەی دایکان دەمانەوێت ئیتر ڕۆڵەکانمان نەکوژرێن، حکومەت بێتە سەر خەت و ئاشتی بەرقەرار بێت".

ئامینە مەحمود، هاوژینی شەهید ئیقبال مورادی و دایکی زانیار مورادی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە درا، دایە ئامینە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و داوا دەکات کە ڕێگە نەدرێت داگیرکەران، بەکرێگیراو و سیخوڕ هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و چیاکانی کوردستان بۆردومان بکات، "خاکی کوردستان بە خوێنی شەهیدان و خەبات و تێکۆشانیان ئازاد کراوە، ئێستاش سیخوڕ و داگیرکەر هاتوونەتە ناوی و هێرش دەکەنە سەری و گەلی کورد شەهید دەکەن، پێویستە حکومەت ڕێگە بەمە نەدات".

 

دایە ئامینە داوا لە دایکی شەهیدان و دایکانی ئاشتی دەکات کە پاڵپشتی ڕۆڵەکانیان بن لە خەباتدا و هێز و ئیرادەیان پێبدەن، ڕێگە نەدەن کە لایەنی دەرەکی منداڵەکانیان بەلاڕێدا بدەن، بەڵکو لەسەر خەبات و تێکۆشانی شەهیدان کەلە پێناو گەل و نیشتماندا ژیانیان بەخشی، پەروەردەیان بکەن.

نورتەن چەلەبی، خەڵکی باکوری کوردستانە و لە باشوری کوردستان دەژی، نورتەن باس لەوە دەکات کە لە بەرامبەر زوڵم و گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیا هاتوونەتە باشوری کوردستان، بەڵام لێرەش ژیانیان پارێزراو نییە، "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەم، ئێمە لە دژی هێرشەکان هاتینە باشوری کوردستان، بەڵام تورکیا دەستدرێژی کردووەتە سەر ئێرەش، دەشیەوێت شەڕی براکوژی دروستبکات، ئێـمە لێرە ژیانمان پارێزراو نییە، ماوەیەک لەمەوپێش فەرهاد بارش کە خەڵکی باکور بوو هێرشی کرایە سەری و ویستیان شەهیدی بکەن، هاوڕێیەکی دیکەمان کە نزیکەی ٧٠ ساڵ بوو شەهیدیان کرد".

 

نورتەن باسی لەوەشکرد کە دەوڵەتی تورکیا چەندە هێرش بکاتە سەرمان ئێمە سەرمان نزم ناکەین، دوو منداڵم هەیە، وەها پەروەردەم کردوون کە هەتا کۆتایی دوژمنەکانیان لەبیر نەبەن و هیچ کاتێکیش دەست بۆ خاکەکەیان درێژ نەکەن و پارێزگاری لێبکەن.

ڕانیە محەمەد، ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان، باسی لەوەکرد کە وەک دایکانی ئاشتی کۆبووینەتەوە تا پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکەین، "بەسە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە کوشتن و ئاوارەبوون قبوڵ ناکەین، ئێمە پارێزگاری لە خۆمان دەکەین و بەرخۆدانی دەکەین تا دەوڵەتی تورکیا بڕۆن و ڕابکەن، ئێمە دەوڵەتی تورکیامان ناوێت و دەمانەوێت لەسەر پێی خۆمان بوەستین"

 

ئەو دایکە وتیشی ئێمە هیچی دەوڵەتی تورکیامان داگیر نەکردووە تا هێرش بکەنە سەرمان، بۆیە ئێمە بەرخۆدانی دەکەین تا ڕۆڵەکانمان شەهید نەبن، ژنان نەکوژرێن و ماڵ و حاڵمان وێران نەبێت.

 

ت.پ