ناوەندی هەواڵ
هەرچەندە ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە کۆمەڵگادا، شانبەشانی پیاوان کار دەکەن لە دەرەوەی ماڵەکانیان، و لە كایە سیاسیەکانیشدا ڕۆڵیان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە.
کەجەدەپە – پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان دەوەستێنین، ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ لە بارەی تاوانەکانی دژ بە ژنان لە تورکیا بڵاو دەکەنەوە، و بەپێی ئامارەکان ساڵی ڕابردوو لە تورکیا ٣٠٠ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون، ١٧١ ژنیش بە کوژراوی دۆزراونەتەوە.
بە پێی ئاماری پلاتفۆڕمەکە، زۆرترین ژن لە ئەستەمبول کوژراون کە ٤٢ ژنن ، لە ئیزمیر ٢٥ ژن و لە ئەنقەرە ١٥ ژن کوژراون.
لەو ٣٠٠ ژنەی کوژراون، ٩٧ ژن لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون، ٥٤ ژن لە لایەن ئەو پیاوانەوە لەگەڵ ژنەکاندا ژیاون، ٣٨ ژن بەدەستی پیاوێک کە دەیانناسی و ٢١ ژن لەلایە هاوسەری پێشوویانەوە کوژراون، ١٨ ژن لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون، ١٧ ژن لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، ١٦ ژن لە لایەن خزمەکانیانەوە کوژراون، ٨ ژن لە لایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون کە لەگەڵیان ماونەتەوە، ٥ ژنی تر لە لایەن براکانیانەوە و ٣ ژنیش لە لایەن کەسی بێگانەوە کوژراون، ٢٣ ژنی تا ئێستا ڕوون نییە لە لایەن کێوە کوژراون.
ئاماژە شیان بەوەکردووە ، ١٧٠ حاڵەتی کوشتن لەڕێگەی چەکەوە بووە، ئەمەش ئەوە دەر دەخات بەشی زۆری تاوانەکان لەڕێگەی چەکەوە ئەنجام دراون ، ٨٣ ژنیش بە ئامێرەکانی بڕین کوژراون، ئەوانی تریش لەڕێگەی سووتاندن، خنکاندن، ماددەی کیمیایی، توندوتیژی جەستەیی، هەڵدانە خوارەوە لە شوێنی بەرز کوژراون.
ت.پ




