لە دەروازەی ڕاپەڕین یادی ڕاپەرین کرایەوە

لە یادی ٣٠ ساڵەی ڕاپەڕینی جەماوەری باشوری کوردستان، لە ڕانییە یادکردنەوەیەک ڕێکخرا و داوا لە حکومەت کرا، ئاوڕێکی جدی لە ناوچەکە بداتەوە و زیاتر خزمەت بکات.

لە دەروازەی ڕاپەڕین یادی ڕاپەرین کرایەوە

ناوەندی هەواڵ

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم مۆنۆمێنتی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی ڕانییەی دەروازەی ڕاپەڕین، یادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دژ بە ڕژێمی بەعس بە بەشداری نوێنەرانی حزبی و حکومی کرایەوە، سەرەتا بەوەستان بۆ گیانی پاکی گیانفیدایان دەستیان بە مەراسیمەکە کرد و قایمقامی ڕانییە لە وتارێکیدا داوای لە حکومەت کرد ئاوڕ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بداتەوە و زیاتر خزمەت بە ناوچەکە و خەڵکەکەی بکات کە شایەنی شەهیدان و کەسوکاریان بێت، هەروەها داواکرا کە پرۆژە تەواونەکراوەکان کەلە ناوچەکەدا هەن تەواوبکرێن و یەکێک لەوانەش پرۆژەی مۆنۆمێنتی ڕاپەڕینە.

 

لە یادەکەدا نوێنەرانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان تاجەگوڵینەیان دانا و پەیامی تەڤگەرەکەشیان خوێندەوە، ئاماژەیان بەوەدا : "ڕاپەڕین بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان و خەڵکی وڵاتپارێزو ئازادیخواز دەستی پێکرد، ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان  وەڵامێک بوو بۆ هەموو داگیرکەران و ناحەزانی کورد، سەلمێندرا گەلی کورد سەر بۆ ستەم و داگیرکاری دانانەوێنێت، بەڵام مەخابن ئەو یەکگرتووی و یەکیەتییەی گەل بەهۆی تەماحکاریی و خۆسەپاندنی هێزە سیاسییەکان زۆری نەخایاند و هەرزوو ڕێبەرایەتی ڕاپەڕین لەدەستی گەل دەرکراو کەوتە دەست حزب و گروپ و ئەو کەسانەی مێژوویەکی ڕەشیان هەبوو لە شەڕ و یەکترکوشتن و ڕاوەدونانی یەکتری".

 

مەراسیمەکە کە بۆ یادکردنەوەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کورد بوو، بەڵام بەشێكی زۆر لە کەسوکاری شەهیدانی ڕاپەڕین بەهۆی خراپی دۆخ و حکومڕانی باشوری کوردستانەوە ئامادەنەبوون لە مەڕاسیمەکەدا بەشداربن.

 

ت.پ