دەستەیەکی ژنان دژ بە هەموواری نوێی یاسای باری کەسێتی عێراق پێکدێت

بەشێک لە ژنە پەرلەمانتاران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستەیەکیان دژ بە هەموواری نوێی یاسای باری کەسێتی دروستکردووە و دەڵێن: لە پێناو پاراستنى شیرازه‌ى خێزانى عێراق پێویستە هەمووارەکە ڕەتبکرێتەوە.

دەستەیەکی ژنان دژ بە هەموواری نوێی یاسای باری کەسێتی عێراق پێکدێت

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی ژن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایانگەیاند: دژ بە هەموواری نوێی یاسای باری کەسێتی عێراقن و بۆ ئەو مەبەستەش، دەستەیەک بە ناوی 'دەستەی ژنانی پەرلەمانتار' دامەزراندووە.

 

ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئامانجی سەرەکی دەستەکە ڕەتکردنەوەی هەموواری یاساکەیە، ڕایانگەیاند: دەستەکەمان ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانى دیدار له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان بۆ گه‌یاندنى بڕیاری ڕەتكردنه‌وه‌مان، هەروەها خستنه‌ڕوى هۆكاره‌كان کە گرنگترینیان بریتین لە پاراستنى شیرازه‌ى خێزانى عێراقی و پاراستنى مافى ئه‌ندامانى خیزانه‌كان دەستەکە جەختیان لەوەکردەوە کە ڕەتکردنەوەی هەموواری یاساکە له‌ ڕوانگه‌یه‌كى سۆزداریی نییه، به‌ڵكو له‌ سۆنگه‌ى تێبینی یاسایی، ئاینی، كۆمه‌ڵایه‌تى‌ و پشت ئه‌ستوره‌ به‌ خه‌مخۆرییان بۆ پاراستنى خێزانى عێراقی.

 

دەستەکە له‌ ژنه‌ پەرله‌مانتاره‌كانى هه‌موو لیست و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لی عێراق و ئاراسته‌ و بۆچونه‌ جیاوازه‌كان پێكدێت، وەک خۆیان دەڵێن: داواش له‌ هاوڕێیانمان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كه‌ین، له ‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتى بێنه‌ ڕیزی دەستەکەمان، هه‌روه‌ها داواش له‌و لایەنانە دەکەین کە پاڵپشتی هه‌مواره‌كه‌ ده‌كه‌ن پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان دا بكه‌ن و گوێ له‌ ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان بگرن.