روشيل جونيور
سوەیدا- دوێنێ ٢٣ی شەبات، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، لە شاری سوەیدای سووریا خۆپیشاندان ئەنجامدرا و بەرەو گۆڕەپانی 'کەمەرە' بەڕێکەوتن، بەو ئامانجەی دەسەڵات بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێبکات و دۆخی ژیانیان باشتر بێت.
نەبیە شەوفی، سەرەڕای نا جێگیری تەندروستی، لە گوندەکەی خۆیانەوە هاتبوو بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هەژاری و برسێتیەی بەدەستییەوە دەناڵێنن بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە گوندەکەی خۆیانەوە ڕووبکاتە گۆڕەپانی کەمەرە و داوای مافی خۆی بکات، وتیشی: دانیشتن لە ماڵەوە و سەیرکردنی ڕووداوەکانی خۆپیشاندانەکان بەس نییە، بەڵکو دەبێت بچینە دەرەوە و بێدەنگ نەبین لە داوای مافەکانمان، بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین.
سەمیرە نەبوانی، ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی سوەیدا شەڕڤانن و ڕووبەڕووی سەخترین بارودۆخ بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە بچنە دەرەوە و داوای مافەکانیان بکەن، دەڵێت: ژنانی سووریا توانیان بە ئارامگری و خۆڕاگری خۆیان دەنگ هەڵبڕن و خێزانەکانیان بپارێزن.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، پاشەکشە ناکەن و بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی تا دەگەن بە ئامانج و مافەکانیان، چونکە پێشێلکارییەکان تەنها ماوەیەکی کورت نییە بەڵکو ماوەی ١٢ ساڵە بەردەوامە.
سەلوە عەبدوڵا، مامۆستایەکی خانەنشینە و بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای ئەمەش لە گۆڕەپانی کەرەمە ئامادەبوو بەو ئامانجەی بەشداریبکات لە ناڕەزایەتییەکاندا و داوای مافەکانی بکات، دەشڵێت: بەرزی تێچووی ژیان، تێکچوونی بارودۆخی ئابووری وایانلێکردم بێمە گۆڕەپانەوە و داوای مافی خۆم بکەم.









