عەفرین، سەرەڕای گۆڕینی دیمۆگرافیا بۆ دروستکردنی ئۆردوگا سەدان دار بڕاونەتەوە

دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، شارەکە بەرەو وێرانکردن برا، چەتەکان هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدەن و ژینگەکەی لەناودەبەن، بۆ دروستکردنی ئۆردوگاش سەدان دار دەبڕدرێنەوە.

عەفرین، سەرەڕای گۆڕینی دیمۆگرافیا بۆ دروستکردنی ئۆردوگا سەدان دار بڕاونەتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ ڕووبەڕووی هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی بووەوە، دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی گەل لە شارەکەدا، بەهۆی پشتلێکردنی جیهان لە دەنگی گەلەکەی، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا داگیرکرا و بە سیستماتیک سیاسەتی کۆمەڵکوژی، خۆکوشتن، گۆڕینی دیمۆگرافیا و کۆچبەرکردنی خەڵکەکەی، بە تورک کردن و قەڵاچۆ پێکردنی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی شارەکە بەڕێوەبرا و ٥ ساڵە بەردەوامە.

 

سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بە قوڵی لەسەر عەفرین بەڕێوەدەچێت، لە شارەکەدا کە لانکەی پێکەوە ژیانی کورد، عەرەب، ئێزدی، ئاشوری و نەتەوە جیاوازەکانە، پاش داگیرکاری زیاتر لە ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی شارەکە قەڵاچۆ پێکراون، ٢٢ گەڕەکی زیادەڕۆ دروستکراوە و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی تورکمان و عەرەبی فەلەستینیان هاوردە کردووە و نیشتەجێیان کردوون، هەروەها ٦٦٣ کەس کە ٩٦ کەسیان ژنە لەژێر ئەشکەنجەی چەتەکاندا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە هەشت هەزار  و ٦٤٤ کەسیش ڕفێنراون.

 

لەناوبردنی ژینگەی عەفرین تا ئیستا بەردەوامە

لە ماوەی پێنج ساڵدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، سروشت و ژینگەی عەفرینیان بەرەو لەناوبردن بردووە و زیاتر لە ٣٦٧ هەزار داریان بڕیوەتەوە، هەروەها زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٠٠ دار و زیاتر لە ١٢ هەزار هێکتار ڕەز و باخ و دارستانیان سووتاندووە.

 

لە نوێترین هەوڵدا، چەتەکانی جەیش ئەلشەرقیە ٢٠٠ داری زەیتونیان لە گوندی فریری شارۆچکەی جندرێس لە کانتۆنی عەفرین، بە مەبەستی دروستکردنی ئۆردوگا و نیشتەجێکردنی هاوڵاتییەکانی خۆیان بڕیوەتەوە، جگە لەوەش چەتەکان ٣٠٠ داری زەیتونی گوندی سدیگانکی جندرێسیان بڕیوەتەوە، کە سەر بە یەکێتی جووتیاران بوو.