ژنانی ئێزدی لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان باس لە تێکۆشانیان دەکەن

ژنانی ئێزدی کە بەشداربوون لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان، جەختیان لە گرنگیی کۆنفرانس کردەوە و ڕایانگەیاند، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی بە ژنانی جیهان دەناسێنن.

 ژنانی ئێزدی لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان باس لە تێکۆشانیان دەکەن

تونس

 

دوێنێ، ٤ی ئەیلول سێهەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس بە دروشمی "پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان" بە بەشداری نوێنەرانی نزیکەی  ٣٠ وڵاتی جیهان دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە تا ١٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ژنانی ئێزدی تێیدا بەشدارن.

 

"تێکۆشانی ژنانی ئێزدی نیشان دەدەین"

ڕیهام حەجۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، لە بارەی کۆنفرانسەکەوە ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ژنانی نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە و وتی: وەک ژنانی شەنگال بەشدارین، بەشداری هەڵسەنگاندنەکان دەبین و داواکارییەکانی گەل و ژنانی ئێزدی و ئەو ئازارانە دەخەینەڕوو کە شەنگالی پێدا تێپەڕی، لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس، دەمانەوێت ئامانجەکانمان و واقیعی شەنگال و ژنانی ئێزدی و تێکۆشانی دوای چەتەکانی داعش بۆ هەموو جیهان باس بکەین و خۆمان بناسێنین. ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بە جلوبەرگی کولتووریمانەوە دەمانبینن دەیانەوێت بمانناسن، ئێمەی ژنانی ئێزدی زۆرترین ئازار و نادادپەروەریمان بەسەرهاتووە لە جیهاندا. ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەمڕۆ لێرە داوای مافەکانمان بکەین.

 

"زیاتر لە ئازار، باسی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی دەکەین"

فەریدە شەنگالی، بەڕێوەبەری تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی رایگەیاند، بەستنی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە بۆ هەموو ژنان هەنگاوێکی گەورەیە و وتی: ئەمڕۆ هەموو ژنانی جیهان لێرەین، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی هاتووین بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسەدا تا تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی بە ژنانی جیهان بناسێنین و ئازارەکانمان بخەینەڕوو، به‌ڵام زیاتر لە ئازار، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدی ده‌ناسێنین، خۆشحاڵین بە کۆنفرانسەکە و ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ هەموو ژنان،  ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی ژن دەتوانێت هەر شتێک دروست بکات.

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.