تەوار پێنجوێنی
بەغدا- کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان؛ ژنانی ئێزدی بە نمونە، لە ٣٠ی تەمموز لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا تیشکخرایە سەر کۆمەڵکوژی ژنان لە مێژوودا و لە سەدەی ٢١یشدا کۆمەڵکوژی ژنانی ئێزدی هەڵسەنگێندرا کە ڕەهەندی سیاسی، کلتوری و کۆمەڵایەتی هەیە، وەک ڕێگەچارەسەری و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژییەکان پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزم پێشنیار کرا.
مەنال ماجید، پارێزەر، لە لوبنانەوە بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراقی کرد و تیشکی خستەسەر فشارەکانی پێویستە لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت تا چارەسەری کێشەکان و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بکرێت.
مەنال ماجید، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: ئامانجی یەکەمی ئەم کۆنفرانسە ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژی بە کۆمەڵی گەلی ئێزیدییەکانە، دووەمیش دروسکردنی فشارە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی یاسایەک مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمەڵگەیە بکات، کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، فیکری و کلتوریان دراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پارێزەرە خستیەڕوو کە هەوڵدەدەن گروپی فشاری بەکۆمەڵ ڕێکبخەن و کار بکەنە سەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتییەکانە تا ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا بیسەروشوێن بوون و تا ئێستا ونبوون و چارەنووسیان نادیارە، بدۆزنەوە و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت.




