سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادی شاری سلێمانی کۆمیتەی ١ی ئایار، کە پێکدێت لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و چەندین لایەن و ڕێکخراوی دیکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەیان خوێندەوە و ئاماری گیانلەدەستادنی کرێکارانی کوردستان و عێراقیان خرایەڕوو، هەروەها داوا لە خەڵکی شاری سلێمانی کرا سبەی بەشداری بکەن لە ڕێپێوانی جەماوەری.
ئازاد عومەر، بەیاننامەی کۆمیتەی ١ی ئایاری خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سبەی یادی ١٣٧ ساڵەی ڕۆژی کرێکاران دەکەینەوە و سەرەڕای ئەو ڕێگریانەی کە حکومەت و دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوە دەبەن، بەڵام کرێکارانی ڕۆشنبیر و بیر ئازاد هەمو ساڵێک ئەم یادە بەرز ڕادەگرن و کوردستانیش وەکو یەکێک لەو وڵاتانەی هەمیشە چینی کرێکار تیایدا زوڵمی لێ کراوە، ١ی ئایار ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەوە بۆ باخی گشتی ئەنجام دەدات و چەندین مەراسیمی سیاسی و هونەری پێشکەش دەکرێت، داواکارین لە هەموو چین و توێژەکانی بەشدار بن.
عوسمان زیندانی، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، ئاماری کۆکراوەی حزبەکەی دەربارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران خستەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە عێراقدا ٦٩ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٨ هەزار و ٨٦١ کرێکار بریندار بوون، لە هەرێمی کوردستانیش ٣٦ کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە ٥ مانگی ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی ٧ کرێکار گیانی لەدەستداوە، ڕاشیگەیاند، مانگانە چەندین کرێکار گیان لەدەست دەدەن، بەڵام ناویان تۆمار ناکرێت.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار ئامارەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو: لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان ٥٩ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە ٤ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ "٢٠"کرێکار گیانیان لەدەست داوە.




