ناوەندی هەواڵ
گەمارۆدانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب و کانتۆنی شەهبا لەلایەن فیرقەی ٤ی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامە و ڕێگە نادات کەرەستەی گەرمکەرەوە بچێتە ناوچەکەوە.
سەرما و نەبوونی پێداویستی ژیانی هاوڵاتیانی سەختکردووە و بەهۆیەوە ئەمڕۆ منداڵێكی ساوای ١٧ ڕۆژە، بە ناوی حسێن عەبدوڵا کیبار، بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، هۆکاری دەستبەجێی گیان لەدەستدانەکەی هەوکردنی سییەکانی ساواکە بووە، کە بەهۆی سەرمای زۆرەوە تووشی بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا منداڵێکی دیکەی ٤ ساڵ بە ناوی ویسا سیدۆ، بە هەمان شێوە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستدا، لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆدانی هەردوو گەڕەکەکە و کانتۆنی شەهباش، مەترسی زیادبوونی گیان لەدەستدانی بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان بوونی هەیە.




