سوزان ئەبوسەعید
بەیروت- دوێنێ لە شارۆچکەی جەدید، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی نەورۆز لە لوبنان فێستیڤاڵێکی هونەری سازکرد، ئەندامانی پێکهاتەکانی کورد، فەڵەستینی و سوریاییەکانی لە لوبنان کۆکردەوە بەو هۆیەوە ئاهەنگیان گێڕا، هەروەها نمایشی هونەری نەریتی پێشکەشکرا و ژنانی بەشداربوو جل و بەرگی نەریتی کوردییان لەبەرکرد.
لە فێستیڤاڵەکەدا، تیپی قورس زاروکا دیلان، تیپی داف برایان، تیپی شەهید ڕوگیندا دیلان و تیپی وەلاتی نمایشیان کرد، هەروەها وتەبێژی ژنانی سوری لە لوبنان و ئەندامی ژنۆلۆژی، محاسن مودلا، سوپاسی خەباتی هەموو ژنانی سوریای کرد، ئاماژەی بەوەکرد ژن لە هەر شوێنێک بێت دەتوانن خەباتی خۆیان بکەن بێ جیاوازی، وتی: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنان دەکەم لە هەرشوێنێک بن، ڕێزیان لێدەگرم وەک ڕێزێک بۆ خەباتیان، و بە تایبەتی باسی ژنانی کورد دەکەم، کە هێمای خەباتن.
جۆزفین قدیس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ژنانی لوبنان ڕایگەیاند، بەو دروشمەی کە ژنانی کورد بە دروشمی 'ژن-ژیان-ئازادی' دەستیان پێکردووە، واتای ئازادی و ژیانیان بە ژنان بەخشیوە، دەشڵێت: ژنان شۆڕشیان خوڵقاندووە، بە بڕوای منیش هەر ئەو شۆڕشەیە ئامانجی ژن بەدیدەهێنێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ وەستاندنەوەی هێرش و توندوتیژییەکانی سەریان.
یادیکار محەمەد، ئەندامی کۆنگرە ستار، لە ڕۆژی جیهانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، نەک تەنها ئاهەنگ گێڕان گرنگە لە ڕۆژی جیهانی ژنان بەڵکو دووپاتکردنەوەی خەباتیان گرنگە چونکە ژنان ژیانن، وتی: دەبێت هەموو ڕۆژێک جەژن بێت بۆ ئەوان و ئەگەر ئازادی ژن بەدەست نەهێندرێت، ئاشتی لە هیچ وڵاتێکدا بوونی نابێت، ئەگەر مافەکانیان بەدەست نەهێنن، وڵاتان ناتوانن گەشە بکەن.
باسی لەوەشکرد، ژنان بۆ جیهانیان سەلماندووە هیچ هێزێک ناتوانێت بیانوەستێنێت، دەسەڵاتداران و فاشیستەکان هەرچەند هەوڵی وەستاندنیان بدەن سەرکەوتوو نابن، چونکە ژنانی ئازادیخواز وەک تۆوێک وان کە هەڵدەقوڵن و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان درێژدەکەنەوە تا دەگەنە هەموو ژنێکی جیهان.












