کۆنگرەی ستار: دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خاوەن هەڵوێست بن

کۆنگرەی ستار، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هەموو خەڵک کرد هەڵوێستیان هەبێت دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.

کۆنگرەی ستار: دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خاوەن هەڵوێست بن

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی ستار، بە بەیاننامەیەک، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا بینای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لە قامیشلۆ کردە ئامانج و ٤ شەڕڤان گیانیان لەدەستدا، "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ماوەی سێ ساڵە لەپێناوی لەناوبردنی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان هێرش دەکات".

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کرا، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە و ناوەندەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هاوکاتی ئۆپەراسیۆنی "مرۆیی و ئەمنی"ییە بۆ پاککردنەوەی کەمپی هۆڵ لە شانەکانی داعش، ڕاشیگەیاند، "شانەکانی داعش بەم هێرشانە هاندەدرێن".

 

کۆنگرەی ستار هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەرکۆنە دەکات و داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان کرد، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە هەڵوێستیان هەبێت و کاردانەوەی پێویست بنوێنن.