ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٦ی ئەیلوول ساڵێک بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی، کە بە دەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران ئەشکەنجە درا، تێپەڕ دەبێت، لە چوارچێوەی سەرکوتکردن و هەڕەشەکانی دەسەڵات بۆ فشار خستنە سەر خۆپیشاندەران و کەسوکاری قوربانیان، لەمڕۆدا باوکی ژینا ئەمینی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا بە شێوەی چالاکی جۆراوجۆر، وەک مانگرتنی سەرتاسەری و داخستنی بازاڕەکان بەڕێوە دەچێت، لە جیهانیشدا بە هەڵمەتی هاشتاگ و ڕێپێوان پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران دەکرێت.
ژنانی باشووری کوردستان پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا دەکەن و گەشە نەخشین حەفید، نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، نووسیویەتی: تاڵە پرچەکانی ژینا کڵپەی ئەو شۆڕشە بوو، بەشێک لە شکۆی ژنی کورد و ژنی ئازادیخوازی گەلانی ئێرانی گێرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارە گۆڕانکاری کولتوور قوربانی زۆری دەوێت، بە تایبەت کاتێك بە زەبری ئاسن و ئاگر سەپێندرابێت و بووبێت بە شووناسی ڕژێمێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێن، بەڵام ئەوەی من لە گەشتێکمدا مانگێک لەمەوپێش بۆ شاری تاران بەدیم کرد، کە هێشتا لاشەی ژینا چۆراوگەی خوێنی لێ دەتکا، هەندێ لە کچان و ژنان ئازادتر لە جاران دەچوون و دەهاتن، پیاسەی سەر شەقام وکۆڵان و یاخود پارکەکان و دانیشتن لە ڕێستورانتەکان بێ ڕووپۆشی بەزۆر سەپێندراو دەگوزەراند.
لە نووسینەکەیدا ئەوەشی وتووە: لەو مەودا کورتە کاریگەری شۆڕشی ژینام بەدیکرد، کە چ پەیامێکی بۆ مرۆڤایەتی بەجێهێشت ئەویش ئەوەیەکە هەر شتێک بەهای ئازادی و هەڵبژاردنی ئازادانەی خودی مرۆڤ خۆی تیادانەبێت، هەر دادەڕمێ و هەرەس دێنی، ئەگەر لە هەلومەرج و زەمینەی لەبار مرۆڤی ئازا و ئازد و بە ئیرادەی بۆ هەڵکەوێت.




