لە سەکۆی ئازادی سلێمانییەوە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکرێت

بۆ پشتگیری کردنی پارتی چەپی سەوزو هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، سبەینێ لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی سلێمانی کەرنەڤاڵێک ڕێکدەخرێت.

لە سەکۆی ئازادی سلێمانییەوە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکرێت

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمارو پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت، کوردەکان لە هەموو لایەکی جیهانەوە بۆ سەرخستنی پارتی چەپی سەوز و هەدەپە پشتگیری خۆیان دووپاتدەکەنەوە، بڕیارە سبەینێ ٨ی ئایار، چالاکییەک بۆ ئەو مەبەستە لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی "سەرکەوتنی ئێوە، شکستی فاشیزم و دیکتاتۆرییە"  بەڕێوەدەچێت.

 

چالاکییەکە لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی دەبێت.لە بانگەوازی چالاکییەکەدا هاتووە:

 

"بە دەستپێشخەریی کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و هونەرمەند و کەسایەتیی گەلی باشووری کوردستان، کەڕنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە کوردانی باکوور و سەرخستنی پارتی چەپی سەوز، لە هەڵبژاردنی تورکیادا، ساز دەکرێت, ئامادەبوونتان پشتگیرییە لە ئاشتی و دیموکراسی".