قامیشلۆ
ڕێپێوانی درێژمەودا دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە دروشمی "لە دژی خیانەت و داگیرکاری، وەرن بۆ جەنگی ئازادی" دوێنێ لە شاری قامیشلۆ دەستیپێکرد و لە تربەسپی وەستان.
گەنجان و ژنانی گەنج و هاوڵاتیان ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی ڕێپێوانەکەدا لە تربەسپی تا گرکێ لەگێ بەردەوام دەبێت، سبەینێش تا دێرک ڕێپێوانەکە درێژەی دەبێت.
شیلان مستۆ، خەڵکی کۆبانێیە و بەشداری ڕێپێوانەکە بووە، ئاماژەی بەوەدا کە وەک یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ، لە دوێنێوە ڕێپێوانێکی درێژمەودایان ڕێکخستووە، بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و پارچەکانی دیکەی کوردستان، "دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات ئیرادەی خەڵک بشکێنێت ئێمە دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم ڕێپێوانەوە پەیامێک ئاراستەی دەوڵەتی تورک بکەین و پێی بڵێین هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی گەنجان و گەلی کورد بشکێنێت، ئێمەی گەنجان مافمان هەیە و دەستبەرداری نابین و چالاکیەکانمان بەردەوام دەبێت".










