کوردستان پێنج خولەک بۆ هەڵەبجە بێدەنگ بوو

لە چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە هەمووان پێنج خولەک بێدەنگیان ڕاگەیاند.

کوردستان پێنج خولەک بۆ هەڵەبجە بێدەنگ بوو

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە لە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ١٦ی ئاداردا، کوردان مەراسیمی وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەدەبەن، ئەمساڵیش لە چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان ئەم مەراسیمە بە پێنج خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان بەڕێوەچوو.

 

لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستاندا ترافیکەکان بەشێوەیەکی کاتی لە کاتژمێر  ١٠:٥٥ خولەک ڕاگیران و خەڵک کاروباری خۆیان ڕاگرت.

 

هاوکات لە سەرجەم دامەزراوەکانی خۆبەرێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا فەرمانبەران و بەرپرسان کارەکانیان ڕاگرت و لەسەر شەقامەکان بۆ ماوەی پێنج خولەک بە بێ دەنگی وەستان.

 

هەمان مەراسیم لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەلایەن خەڵکەوە ئەنجامدرا، بەڵام لەو ناوچانە خەڵک وەک کردەیەکی خۆرسکی ئەنجامیاندا.