ناوەندی هەواڵ
شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن بوونەتە هۆی زیادبوونی ئاوارەبوون بۆ ناوچە پارێزراوەکان و بە هۆی نەبوونی پێداویستی ئازارەکان خراپتر بوون.
ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە پشتڕاستی دەکاتەوە ٢٣ خێزانی ئاوارە کە ١٣٨ کەس دەبن لە نێوان ٧ بۆ ١٤ی ی ئەم مانگەدا تۆمارکراون، زۆرینەی ئەو خێزانانە گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ناو پارێزگا و ناوچەکانی مەئارەب و حودەیدە و تەعز.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٨ خێزانی ئاوارە لە ماوەی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ٦ی ئەم مانگە لە پارێزگاکانی مەئارەب و حودەیدە و ئەلحەج تۆمارکراون و ئەم ژمارەیەش زیادکراوە بۆ کۆی حاڵەتەکانی ئاوارەبوون کە لە سەرەتای ساڵەوە تۆمارکراون و کۆی ژمارەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان گەیشتە ٥١ خێزان.
جێی ئاماژەیە یەمەن ڕووبەڕووی بارودۆخی مرۆیی سەخت دەبێتەوە بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و خراپترکردنی بارودۆخی مرۆیی، ڕێکخراوەکانی وەک کۆچی نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ دابینکردنی هاوکاری و پشتیوانی بۆ ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.




