ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری سلێمانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرانی بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان کۆبووە و تێیدا وردەکاری پڕۆسەی هێنانەوەی ١٧٢ ڕووفاتی شاڵاوەکانی ئەنفالی باس کرد، کە ماوەی چوار ساڵ زیاترە لە بەغدا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیان دەکرێت، هەروەها هۆکار و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕاندنەوەی ئەو ڕووفاتانەی ئاشکرا کرد.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەربارەی نەگەڕاندنەوەی ئەو ڕووفاتانە کە ماوەی چوار ساڵ و نیوە لە پزیشکی دادی بەغدا هێڵدراونەتەوە، دەڵێت: کاتێک دەستمان کرد بە بەدواداچوونەکانمان زانیمان لەسەرەتاوە حکومەتی هەرێم یەکێک لە هۆکارەکان بووە بۆ درووستبوونی ئاستەنگەکان و نەگەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان، هەروەها موزایەدەکردنی بەشێک لە پەرلەمانتاران و نوێنەران بە دۆسێیەکەوە و هەوڵدان بۆ خستنە بەرژەوەندی لایەنێک.
ڕوونیکردەوە، لایەنە کوردییەکان سەرقاڵی پرسە لاوەکییەکانن و لە خەمی پرسی نەتەوەییدا نین، بۆ ئەو مەبەستەش نمونەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای هێنایەوە کە بەردەوام هەڕەشەن بۆسەر خاکی باشووری کوردستان، هەروەها وتی: دەبێت کورد بەهۆی نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی، نەکردنی پرسە نەتەوەییەکان بە ئامانجی یەکەم و سەرەکی و بەردەوام نەبوون لەسەر نیشاندانی بە جیهان، تا ئێستا نەتوانراوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی بە کۆمەڵکوژیی (جێنۆساید) بناسرێندرێت و سەرەنجی وڵاتان بۆ پرسی کورد ڕاکێشێت.




