کەمتر لە ٪١ی ژنان لە وڵاتێک دەژین یەکسانی تێدابێت

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانیداوە، تەنها ٪١ ژنان لەو وڵاتانە دەژین کە بەرنامەکانی بەهێزکردنی ژنان و یەکسانی جێندەری تێدا بەرجەستەکراوە.

کەمتر لە ٪١ی ژنان لە وڵاتێک دەژین یەکسانی تێدابێت

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی جیهانی نوێ لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە، هیچ وڵاتێک یەکسانی تەواوی جێندەری بەدەست نەهێناوە و یەک لەسەد کەمتری ژنان لە وڵاتێکدا دەژین کە بەرنامەکانی بەهێزکردنی ژنان و یەکسانی جێندەری تێدایە.

 

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهان، شیکارییەکانی ١١٤ وڵات دەریخستووە کە دەسەڵات، هەل، دەرفەت و هەڵبژاردنی ئازادی ژنان سنووردارکراوە و کەلێنی گەورەی جێندەری وەک بابەتێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 

پێوەرەکانی بەهێزکردنی ژنان- WEI دەسەڵات و ئازادییەکانی ژنان بۆ هەڵبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی دەرفەتەکانی ژیان لە پێنج ڕەهەنددا دەخاتەڕوو، تەندروستی، پەروەردە، بەشداری، بڕیاردان و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان.

 

 بە هەمان شێوە، پێوەرەکانی یەکسانی جێندەری جیهانی- GGPI دۆخی ژنان بە بەراورد بە پیاوان لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی گەشەسەندنی مرۆڤدا هەڵدەسەنگێنێت، لەوانە تەندروستی، پەروەردە، بەشداریکردن و بڕیاردان.

 

لە ئاستی جیهانی، ژنان دەسەڵاتیان پێدەدرێت کە بە تێکڕا تەنها ٪ ٦٠ی توانا تەواوەکانیان بەدەستبهێنن، بە تێکڕا ٪ ٧٢ی ئەو شتانە بەدەستدەهێنن کە پیاوان بەدەستی دەهێنن لە سەرانسەری ڕەهەندە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، ئەمەش ٪ ٢٨ی جیاوازی ڕەگەزی نیشاندەدات، ئەم نایەکسانیانە نەک تەنها بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی ژنان بەڵکو بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتیش زیانبەخشن.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ٪١ کەمتری ژنان لەو وڵاتانەدا دەژین کە بەهێزکردنی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی تێدایە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٪٩٠ی دانیشتوانی ژنانی جیهان کە دەکاتە ٣.١ ملیار ژن و کچ، لەو وڵاتانەدا دەژین کە جیاوازییەکی گەورەی جێندەرییان تێدایە.

 

پێوەرەکانی بەهێزکردنی ژنان و پێوەرەکانی یەکسانی جێندەری جیهانی، ئامڕازێکی بەسوودن بۆ داڕێژەرانی سیاسەت، بەڵگەی گرنگ سەبارەت بە پێشکەوتن و هەنگاوی سیاسەتی بەپەلەی پێویست بۆ بەدەستهێنانی بەهێزکردنی ژنان و یەکسانی جێندەری پێشکەش دەکەن.

 

پێوەرەکان پێویستی بە هەنگاوی سیاسەتی گشتگیر لەم بوارانە ئاشکرا دەکەن، یەکسانی تەندروستی و گرنگیدان بە پاڵپشتیکردنی ژنان بە ئامانجی مانەوەیان بە تەندروستی و دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکان، یەکسانی لە پەروەردە بۆ چارەسەرکردنی کەلێنەکانی کارامەیی و کوالیتی پەروەردە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا، بۆ بەهێزکردنی ژنان و کچان لە سەردەمی دیجیتاڵی.

 

هاوسەنگی ژیانی کار و پشتگیری بۆ خێزانەکان، خزمەتگوزارییەکان کە باس لە هاوسەنگی ژیانی کار دەکەن، لەوانەش خزمەتگوزارییەکانی چاودێری منداڵان، مۆڵەتی دایکایەتی و ڕێکخستنی کارکردن بە شێوازێکی گونجاو.

 

بەشداریی یەکسانی ژنان، دانانی ئامانج و پلانی کارکردن بۆ گەیشتن بە یەکسانی جێندەری لە هەموو بوارەکانی ژیانی گشتیدا و نەهێشتنی یاسا و ڕێسا جیاکارییەکان کە ڕێگری لە ژنان دەکەن.

 

توندوتیژی دژی ژنان، جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی گشتگیر کە گرنگی بە خۆپاراستن و گۆڕینی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتنی یاسا و سیاسەتە جیاکارییەکان دەدات.