ناوەندی هەواڵ
گروپی نووسەرانی "وانەی کوردی" ئامادەکردن و نووسینی سێ بەرگی کتێبی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی شاری جوانڕۆ ڕاگەیاند.
لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە، بە مەبەستی پەروەردە و فێربوونی زمانی دایک و پاراستنی ئەو میراتە بەنرخە، کتێبی فێرکردنی زمان و ئەدەبی کوردی بە قوتابیان لە قۆناغی چوارەمی بنەڕەتییەوە تا کۆتایی خوێندنی ناوەندی و دبلۆم لە سێ بەرگی کتێبی "وانەی کوردی ناوەندی، وانەی کوردی دواناوەندی و وانەی کوردی خوماڵی" دەوترێتەوە.
ئەم سێ بەرگەی کتێبەکە لە نووسینی بەیان عەبدی، ڕووناک سەمەدی، ڕەحمەتوڵا بەفرا، سیروان ڕەحمانی، لوقمان ڕەحیمی، عەزیز ساسلی، زاهید سەعیدی تەبار، سان ئەحمەد سلێمانی، حسێن عەبدوڵاهی، حەسەن فەیزوڵاهی، شەهاب مورادی، بەختیار مەنوچەهری و جەبار میرانی نووسراوە و لەلایەن قەڵای زانسەتەوە چاپ کراوە.




