ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر منداڵان لە خوێندنگەکانی بەریتانیادا

زیاتر له‌ ١٠٠ خوێندنگە له‌ شوێنه‌ جیاوازە‌كانی بەریتانیادا تۆمەتبارکراون بە ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان، به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی پۆلیس ده‌ستدرێژی و دژایه‌تی ره‌گه‌زی مێینه له‌ ناو قوتابیان له‌ سه‌رانسه‌ری خوێندنگە‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان بڵاوبووەته‌وه‌.

ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر منداڵان لە خوێندنگەکانی بەریتانیادا

ناوەندی هەواڵ

 

له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ ڕێگای ماڵپه‌ری everyonesinvited.uk کە تایبەت بە پرسی دەستدرێژی لە خوێندگەکاندا دروستکراوە، شاهێدییان ‌لەسه‌ر ڕوودانی ده‌ستدرێژی و دژایه‌تی ژنان له‌ ناو قوتابخانه‌كانیان داوه‌.

 

له‌ ناو یه‌ك هه‌فته‌دا زیاتر له‌ ٦٥٠٠ كه‌س بە ناوی نادیار باس له‌ چیرۆكی سامناک و نامۆ دەکەن كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندنگەکاندا ڕوویان داوە.

 

دامه‌زرێنه‌ری ماڵپه‌ری everyonesinvited  سۆما سارا له‌ لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی ئۆپزێرڤه‌ر-Observer نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیووه‌ له‌ باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كلتوری ده‌ستدرێژی له‌ناو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی خوێندنگە حكومی و تایبه‌تییه‌كان كه‌ مایه‌ی ڕه‌خنه‌كردنه‌، سۆما سارا ئاماژەی بەوەشدا: ئه‌مه‌ بابه‌تێكی جیهانییه‌ له‌ دوای ئه‌م ڕووداوانه‌ ده‌بێت چاو و پێداچوونه‌وه‌مان ته‌نیا له‌سه‌ر خوێندنگەکان نەبێت، چونكه ئه‌م جۆره‌ توندوتیژی و تاوانانه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌موو شوێنێك و كاتێكدا ڕووبدات.

 

له‌ ڕاپۆرتێكدا هۆشداری ده‌درێته‌ به‌رێوه‌به‌ر و كارمه‌ندانی خوێندنگەکان بۆئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی جددی بۆ ئه‌م ڕووداوانه‌ بكه‌ن و له‌ ئه‌گه‌ری پابه‌ند نه‌بوونیان به‌ ڕێنماییه‌كانی سه‌لامه‌تی و پاراستنی قوتابیان ئه‌م قوتابخانانه‌ داده‌خرێن.

 

ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ باسی لەوەش کردووە‌ منداڵان ڕووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێکسی بوونه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی منداڵان پارێزراو سەلامەت بن پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە.

 

ت.پ