ناوەندی هەواڵ
دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و بەرکەوتنی زیانی گەورە بە دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان و داخستنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکی نێوان یەنەکە و پەدەکە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٩٩٤دا ژنان ڕێپێوانێکیان لە شاری سلێمانییەوە بۆ بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر ڕێکخست و داوای ئاشتی و وەستاندنی شەڕی ناوخۆیان کرد.
لەو بارەیەوە سەیوان ڕۆستەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی مێژوو و چۆنیەتی ڕێکخستنی ڕێپێوانی ژنان ئامادە کردووە.
سەیوان ڕۆستەم وەها دەنووسێت:
"لە ٢٤/٥/١٩٩٤دا دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ژنان بڕیارێكی مێژووییاندا كە دەبێت ڕۆڵێك بگێڕن جیاواز لە شێوازەكانی پێشوو وەك بەیاننامە و یاداشت، ڕۆڵێك بێت كە سروشتی ئاشتیخوازانەی ژنانەی تیا بەرجەستە بێت بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ كوردستان.
لەدەستپێشخەرییەكی كەم وێنەدا بەسەرپەرشتی یەكێتی ژنانی كوردستان، بڕیاریاندا ڕێپێوانێك ڕێكبخەن و هەولێری پایتەخت بكەنە ڕووگە و نەوەستن تا دەگەنە پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان، لە بەردەم پەرلەمان و حكومەت كە بەرهەمی خەباتی چەند ساڵەی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانن بە نوێنەرایەتی هەموو ژنان داوایان لێبكەن ئەم شەڕە ڕابگرن و كارێك نەكەن ئەم ئەزمونە لەناوبچێت و پێشمەرگەو مرۆڤی كورد ببنە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و داوایان لێبكەن كە دەبێت: ناكۆكییەكان بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بكەن، نەك بە شەڕی براكوژی كە هیچ لایەنێك براوە نییە لەشەڕدا.
٢٠٩ ژن لە دایك و خوشكی شەهیدانی شەڕی ناوخۆ و ژنانی لایەنەكان و ژنانی سەربەخۆ و ئاشتیخواز لە گەنج و پیر و خوێندەوار و نەخوێندەوار، لە هەموو چین و توێژێك كەوتنە ڕێگە بۆ بەرگرتن لە شەڕی خۆكوژی، شار و گوند و چەم و دۆڵیان بڕی و بێگویدانە مەترسی ئەو ڕێگە درێژە، تا گەیشتنە ناو پەرلەمانی كوردستان و داوایان لێكردن بە زووترین كات بێنەوە پەرلەمان و كۆتایی بەشەڕ بهێنن و توانیان پەرلەمان بخەنەوە گەڕ و لەسەر داوای ئەمان لیستی سەوز گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئاشتی و بەدەنگەوە هاتنی پەیامی ژنانی ئاشتیخواز.
ئەو ژنانە ٨ ڕۆژ لە پەڕلەمان مانیان گرت و ڕۆژانە نوێنەریان سەردان و پەیوەندیان بە هەموو سەركردایەتی حیزبەكانەوە دەكرد، ئەگەرچی ژمارەی ئەو ژنانەی لە سلێمانییەوە ڕۆشتبوون ٢٠٩ ژن بوون، بەڵام لە هەولێر و هەموو شارەكانی تری كوردستانەوە دەستە دەستە ژنان بۆ پشتگیری دەڕژانە سەرشەقامەكان و تێكەڵ بە ژنانی ئاشتیخواز دەبوون لە پەڕلەمان.
دروشمەكانی ژنانی ئاشتیخوازیان دەوتەوە و دەنگیان دەخستە پاڵ دەنگیانو هەموو ڕۆژێك زیاد لە هەزار ژن لە بینای پەرلەمان كۆدەبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ داوا ڕەواكانی ژنانی ئاشتیخواز دووبارە دەكردەوە، جگە لە جەماوەری ڕۆشنبیران و چین و توێژە جیاكانی كوردستان، تەنانەت ڕێكخراوەكان و كەسانی ئاشتیخوازی پارچەكانی تری كوردستان بە ئامادەبوونیان بە دەركردنی بەیاننامە پشتگیریان لەو هەڵوێستەی ژنان دەكرد، زۆر لە كوردانی نیشتەجێی هەندەران بەشانازییەوە هەڵوێستی ژنانیان بەرز دەنرخاند و داوایان دەكرد دەبێت وەڵامی ئەو ژنانە بدرێتەوە و ئەم شەڕە ڕابگیرێت.
ئەم ڕێپێوانە مێژوویەكی كەم وێنەیە لە خەباتی ژنانی كوردستان و ئەوە یەكەمجار بوو كە ژنان بەبێ جیاوازی بەشداری بكەن لە پرسێكی چارەنووسسازی نەتەوەیدا و بەڕاشكاوی هەڵوێستی خۆیان دەربڕن.
ئەگەرچی ئەم چالاكییە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لە میدیا نێودەوڵەتییەكاندا بایەخێكی زۆری پێدرا و ڕۆژانە ڕوماڵی تایبەتی چالاكیەكانی ژنانی ئاشتیخواز دەكراو هەردوو لایەن دەستخۆشیان لەو هەوڵەی ژنان كرد، بەڵام شەڕ كۆتایی نەهات.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕێپێوانەدا و دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری بەشدارانی ڕێپێوان بە ئاواتی بەرقەرار بوونی ئاشتی، كۆچی دواییان كرد و بەو ئاواتەوە سەریان نایەوە، زۆرێك بەرەو هەندەران ڕۆشتن و سەریان هەڵگرت و ئەو ئاواتە هەر نەهاتە دی.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت مەترسی شەری ناوخۆ هێشتا نەڕەویووەتەوە، بۆیە پێویستە ژنان هەرگیز كۆڵ نەدەن و هەمیشە فشاربن بۆ ئارامی و سەروەری یاسا لە كوردستاندا."
سەرچاوە: سەیوان ڕۆستەم – سایتی تەوار




