دانیشتووانی کامپی مەخموور هاوسەرۆکانی نوێی خۆیان هەڵبژارد

فاتمە هیلالی و عەدبان عەبدوڵا یڵماز لە هەڵبژاردنی دوێنێی شارەوانییەکان لە کامپی مەخموور وەک هاوسەرۆکی نوێی شارەوانی هەڵبژێردران.

دانیشتووانی کامپی مەخموور هاوسەرۆکانی نوێی خۆیان هەڵبژارد

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کامپی مەخموور، کە دوێنێ بەڕێوەچوو، ڕاگەیەندرا و بە پێی دەرئەنجامی دەنگدان، فاتمە هیلالی و عەدبان عەبدوڵا یڵماز بوونە هاوسەرۆکی شارەوانی، کە لە نێوان چوار هاوسەرۆکی شارەوانی و ٢٠ ئەندامی ئەنجومەن لە کێبڕکێدا بوون.

 

لەو هەڵبژاردنەدا کە ٤ هەزار و ٣٣٦ کەس چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، فاتمە هیلالی هەزار و ٩٨٩ و نزار حاجی تەتەر نەرخی هەزار و ١٥٢ دەنگی بەدەستهێنا، عەدبان عەبدوڵا یڵماز ٢ هەزار و ٣١٢ دەنگ و جەمیل محەمەد ڕەپینی هەزار و ١١٣ دەنگی بەدەستهێنا.

 

دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن و هەژمارکردنی دەنگەکان، هادی ئەکێتی، لەسەر ناوی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کامپەکە لێدوانێکی دا و لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: سیستەمی نەتەوە دیموکراتیی تا ئەمڕۆش بەردەوامی پێدراوە، بۆیە ئێمە سوپاسی خەڵکی کامپەکەمان دەکەین.

 

لە نێو ئەنجومەنەکاندا ئەوانەی زۆرترین دەنگیان هەیە بەم شێوەیەن:

سدیق حێسن هیلالی ١٢٠٥، سەلمان مەحمود شوێدی ١١٩٠، سۆزدار محمد تاهیر هیلالی ١٠٧٠،  بەهار ساڵح بلەهی ١٠٥٩، سەبری ئەحمەد مجینی ١٠٣٩، جەوهەر جندی نێروەهی ١٠٣٤ و لەیلا عەبدوڵا چەلی ٩٩١ دەنگیان بەدەستهێناوە.